یەکێتی ژنانی سۆسیالیستی ئەوروپا لەسێدارەدانی وریشە مورادی ئیدانە دەکات
یەکێتی ژنانی سۆسیالیستی ئەوروپا، وێڕای ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، داوای لە هەموو ئازادیخوازان کرد هەرچی لە توانایاندایە بیکەن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٣ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، یەکێتی ژنانی سۆسیالیستی ئەوروپا، سزای لەسێدارەدانی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە وریشە مورادی، چلاکوانی سیاسی کورد لە بەندی ژنانی زیندانی ئەڤین و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ئیدانە کرد.
شایانی باسە ئەم سەندیکایە وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو سزایە نادادپەروەرانە، بانگەوازی لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کرد کە هەرچی لە توانایاندایە بیکەن.
هەروەها یەکێتی ژنانی سۆسیالیستی ئەوروپا ڕایگەیاند، بێدەنگی لەسێدارەدان زیاد دەکات، بڵێ، نەخێر بۆ لەسێدارەدان، هەرچی لە تواناتاندایە بیکەن.
وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" و زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بە تۆمەتی "یاخیبوون" بەسەردا سەپێندرا.