یەکێتی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان داوای لێپرسینەوە لە بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکات

یەکێتی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان "NUJ" بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرانە ئامانج شەرمەزار کرد و داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو تاوانە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٣ی ئاب، لە شارۆجکەی سەیدسادقی سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک، ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسان کرایە ئامانج و بەهۆیەوە گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستدا.

 

یەکێتی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان"NUJ" ، لە بارەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە لە ماڵپەڕی یەکێتییەکە بڵاوکراوەتەوە، یەکێتی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان پشتگیریی لە بانگەوازی پێشووی IFJ کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا و عێراق کردووە کە پێویستە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە دەست پێبکەن بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە بکەرانی هێرشەکە بکرێت.

 

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هێرشە یەکەم هێرش نییە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئامانج.

 

ئەنتۆنی بێلانگەر، سکرتێری گشتی IFJ لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەم ڕووداوە نیشانەی مەترسییەکی گەورەیە کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان بووەتەوە و هەروەها داوای بەپەلەی کردووە کە سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان بپارێزرێت و هاوکات لێپرسینەوە لە بەرپرسیارانی تاوانەکان بکرێت.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەبیرهێنراوەتەوە کە لە ٨ی تەمووز لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، تیمی میدیایی چرا تیڤی لە شەنگال بۆردوومان کرا و لە ئەنجامدا ڕۆژنامەنووس موراد میرزا ئیبراهیم شەهیدبوو و ڕۆژنامەنووس مەدیا حسێن بریندار بووە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سەر بە NUJ و IFJ کراوە، سەبارەت بە شەهیدبوونی ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووسە دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکەن.