یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد ساڵێکی سەختی ڕۆژنامەگەریی سووریا بەڵگەدار دەکات
یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە نێو ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن حکومەتی کاتی لە سووریادا هاتە ئاراوە، کۆمەڵێک پێشێلکاریی بەرفراوانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان بە ژن و پیاو بەڵگەدار کرد.
ناوەندی هەواڵ
ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی ئاسایی نەبوو بۆ ڕۆژنامەنووسان لە سووریا، لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گوازراوە، پیشەگەرەکانی ڕاگەیاندن خۆیان بینیەوە کە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری ئاڵۆزی ئەمنی و سیاسی بوونەتەوە لەنێو ژینگەیەکی ناجێگیردا کە هێشتا ڕێسای ڕوونیان دانەناوە کە ئازادی ڕۆژنامەگەری و پارێزراوی ڕۆژنامەنووسان مسۆگەر بکات.
یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد لە ڕۆژئاوای کوردستان ١٤ی ئادار ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە سووریا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا بەڵگەدار کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سووریا لە ناوەڕۆکی قۆناغێکی نوێی سیاسیدا چووەتە ناو ساڵی ٢٠٢٥، ئەوەش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حکومەتێکی کاتی لە دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ”جۆلانی”.
سەرەڕای ئەو هیوایانەی کە لەگەل ئەم گواستنەوەیە بوون، هەڵەکان لە بەڕێوەبردنی قۆناغی گوازراوەدا کاریگەری نەرێنییان لەسەر کەرتە جیاوازەکان هەبوو، هەروەها ڕاگەیاندنەکان لەنێواندا زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە، وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، کە ڕۆژنامەنووسان بە درێژایی ساڵ ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج، سەندیکاکە کوژرانی بە لانیکەم نۆ ڕۆژنامەنووس و برینداربوونی زیاتر لە ١٥ کەسی دیکەی بەڵگەدار کردووە، ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە جیاواز بوون، لەوانە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی کاتی و گروپە چەکدارە نەناسراوەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هێرشانە ڕەنگدانەوەی دۆخی سستی ئەمنی وڵات و نەبوونی مسۆگەری پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا بووە.
یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا ١١ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانی بەڵگەدار کردووە، کە زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی کاتیەوە ئەنجامدراون، هەروەها ئەم دەستگیرکردنانە بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕەخنەی میدیایی یان کۆنترۆڵکردنی ڕۆیشتنی زانیارییەکان لە قۆناغێکی سیاسی هەستیاردا.
ڕوونیکردەوە، کە بە درێژایی ساڵ کاریان کردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا، ئامانجیان ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی گشتگیرە کە ڕەنگدانەوەی ڕاستی کاری ڕاگەیاندنی و ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنوسان دەبێتەوە لە کەشێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنیدا.
لە وتەکانی کۆتاییدا، یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد کۆمەڵێک ڕاسپاردەی خستەڕوو، دیارترینیان مسۆگەرکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەموو ناوچەکانی سووریا، لێپرسینەوە لەو کەسانەی هاندان یان هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان، هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی کە ئازادی ڕادەربڕین سنووردار دەکەن، ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆژنامەنووسانی بەزۆر بێسەروشوێنکراو، لەنێویاندا فەرهاد حەمو، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بێسەروشوێنە، پشتیوانی سەربەخۆیی دەکات ڕاگەیاندن و پەرەپێدانی بەرنامەکانی خولی پیشەیی، دابینکردنی میکانیزمی پاراستنی کاریگەر بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە میدیاییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەی سیاسی ڕاستەقینە، هەروەها بەردەوامی پێشێلکارییەکان هەڕەشە لە داهاتووی ڕاگەیاندنی ئازاد لە سووریا دەکەن، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ململانێ چەکداریانەی کە تا ئێستاش مەترسی ڕۆژانە بۆ سەر ئەو کەسانە دروست دەکەن کە لەو بوارەدا کاردەکەن.