یەکەمین ژنی بەڕێوەبەر لە حاجیاوا: گوێ بە کێشەو بەربەستەکان نادەم
پەیمان محەمەد، یەکەم بەڕێوەبەری ژن لە حاجیاوا دەڵێت: دەمەوێت ژنان لە چوارچێوەی ژوورە داخراوەکان بێنە دەرەوە و لە ڕێگەی خوێندنەوەوە خۆیان بسەلمێنن.
حاجیاوا
پەیمان محەمەد، وەک یەکەمین ژن لە مێژووی شارۆچکەی حاجیاوا ئەرکی بەڕێوەبردنی کتێبخانەی گشتی شارۆچکەکەی پێسپێردراوە. ئەو کە ئێستا تاکە بەڕێوەبەری ژنە لەو دەڤەرە، بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە دەستبەکار بووە و دەیەوێت کتێبخانە بکاتە ناوەندێک بۆ گۆڕانکاریی فکری، بەتایبەت بۆ ڕەگەزی مێ. پەیمان دوپاتی دەکاتەوە کە سەرڕای هەوڵەکان بۆ ساردکردنەوەی، بەڵام ئەو گوێ بە ئاستەنگەکان نادات و پەیامێکی ڕوونی بۆ ژنانی دەڤەرەکە هەیە: "خۆتان لە چوارچێوەی ژوورەکاندا قەتیس مەکەن."
"بەرنامەم هەیە گۆڕانکاریی تەواو بکەم"
پەیمان محەمەد، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی حاجیاوا، سەبارەت بە دەستبەکاربوونی و ئەو ئامانجانەی لە کارەکەیدا هەیەتی، بۆ ئاژانسی نوژنها دەدوێت و دەڵێت: "ماوەیەکی کەمە وەک بەرپرسی کتێبخانەی حاجیاوا دەستبەکاربووم، لەم ماوە کورتەدا هەوڵمداوە ئەرکەکەم بە دڵسۆزی جێبەجێ بکەم. ئێمە ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨:٣٠ی بەیانی تاوەکو ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ لە خزمەت خەڵک و خوێنەرانی دەڤەرەکەداین. بەرنامەم هەیە گۆڕانکاریی تەواو بکەم و دەمەوێت جیاوازتر خزمەت بکەم بۆ ئەوەی ڕێژەی خوێنەران زیاد بکەم.
" داواکارم ژنان کاتێکی تایبەتیان بۆ خوێندنەوە هەبێت"
پەیمان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کە خوێندنەوە تەنها فێربوون نییە، بەڵکو چەکێکە بۆ گەشەپێدانی مرۆڤ و وتی: خوێندنەوە چەکێکە دەتوانیت خۆتی پێ پێبگەیەنیت و هێزی ناوەوەتی پێ دەرببڕیت. داواکارم ژنان کاتێکی تایبەتیان بۆ خوێندنەوە هەبێت. ئەگەر بمانەوێت بەرەو پێشەوە بچین، دەبێت لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین. دەبێت ژنانی دەڤەرەکە زیاتر هەوڵ بدەن بۆ فێربوونی شتی نوێ و گەشەپێدانی کەسایەتی خۆیان، منیش لە داهاتوودا هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوە دەبێت کە پێگەی ژن لەم بوارەدا بەرزتر بکەمەوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پەیمان وەک یەکەم بەڕێوەبەری ژن لە شارۆچکەکەدا ڕوو لە ژنان دەکات و وتی: لێرەوە بە ژنان و کچان دەڵێم؛ هەوڵ بدەن خۆتان لە چوارچێوەی ژوورێکدا قەتیس مەکەن، دەنگتان بگەیەنن و ئەوەی لە ناختاندایە ببیبیسەلمێنن. ژن دەتوانێت هەموو کارێک بکات، بەڵام بەو مەرجەی بڕیار بدات و خۆی بسەلمێنێت. ڕاستە ڕێگری زۆر هەیە، چ لە ناو خێزان و چ لە دەرەوەی خێزان، بەڵام ژن دەبێت وابکات کە بوونی خۆی بسەلمێنێت. دەبێت خۆت بیت، شکۆی خۆت بپارێزیت و بەرەو ئامانجەکانت هەنگاو بنێیت.
"گوێ بە کێشەو بەربەستەکان نادەم"
سەبارەت بەو ئاستەنگانەی لە سەرەتای کارەکەیدا ڕووبەڕووی بوونەتەوە، پەیمان محەمەد بە نەترسانە باس لەو فشارانە دەکات کە خراونەتە سەری و وتی: لەو کاتەوەی دەستبەکاربووم، هەوڵدراوە کێشەم بۆ دروست بکەن، بەڵام من گوێ بەو شتانە نادەم. دەنگێک لە ناخمدا دەڵێت هەستە و خزمەت بکە. من نامەوێت لە ژوورێکدا قەتیس بم و لە هیچ شتێکیش ناترسم. ئامانجی ئێمە ئەوەیە ژنان پێگەیەکی تایبەتیان هەبێت. تۆ خۆت بڕیار دەدەیت کە وێنەیەکی جوان یان ناشرین لە خۆت نیشان بدەیت، ئێمەی ژنان هەوڵ دەدەین نەوەیەکی جیاواز پێبگەیەنین کە خزمەت بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا دوپاتی کردەوە کە دەرگای کتێبخانە و دڵی ئەویش کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت خزمەت بکات و کار بۆ پێشخستنی کولتووری خوێندنەوە لە حاجیاوا بکات.