یەکەمین فێستیڤاڵی گەنم لە جزیرە ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ میراسی خاکەکە و ڕۆڵی ژنان لە پاراستنیدا
یەکەمین فێستیڤاڵی گەنم لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ڕووداوێکی کشتوکاڵی بوو، کەشێک بوو کە یادەوەری خاک و میراسی کۆمەڵگەی کۆدەکردەوە، بەشداربووان مێژووی چاندنی گەنم و بەرهەمە نەریتییەکانی و ڕۆڵی ژنانیان لە پاراستنی ئەم میراسەدا نمایش کرد.
قامیشلۆ
شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان شاهیدی یەکەمین فێستیڤاڵی گەنم بوو لە دەڤەری جزیرە، بە بەشداری بەرفراوانی دامەزراوە مەدەنی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکان، لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە و جوتیاران، ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی زیندووکردنەوەی میراسی کشتوکاڵی پەیوەست بە گەنم و تیشک خستنە سەر قۆناغەکانی چاندن و بەرهەمهێنانی و نیشاندانی گرنگی ئابووری و کولتوورییەکەی وەک یەکێک لە ئامڕازە دیارەکانی ناوچەکە بوو.
فێستیڤاڵەکە کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی زانستی کشتوکاڵی بۆ داهێنان و باشی لە ٢٩ی تەمووز ڕێکخرابوو، ئامانجی بەڵگەنامەکردنی میراسی کشتوکاڵی پەیوەست بە چاندنی گەنم بوو لە سەرانسەری نەوەکاندا، پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی لە ڕابردوو و ئێستا، هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گرنگییەکەی لە گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک، هەروەها هەوڵیدا تیشک بخاتە سەر ڕۆڵی خۆی لە داڕشتنی شوناسی کولتووری و کۆمەڵایەتی دانیشتووانی ناوچەکە.
دەڤەری جزیرە یەکێکە لە ناوچە کشتوکاڵییە دیارەکان، بە زەوییە بەپیت و دەشتە بەرفراوانەکانی جیادەکرێتەوە، ئەمەش وایکردووە بۆ دەیان ساڵە ببێتە سەبەتەی نان بۆ بەرهەمهێنانی گەنم و سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی هەزاران جووتیار بێت، جگە لەوەش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پشتیوانیکردنی ئابووری ناوخۆیی و پێشخستنی گەشەپێدانی کشتوکاڵی بەردەوام.
لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین کۆشک نمایشکرا کە کاری دەستی نەریتی و ئامرازەکانی بەکارهێنراو لە قۆناغە جیاوازەکانی چاندن و دروێنەکردنی گەنمدا نمایشکرا، لەگەڵ ئامێرە کشتوکاڵییە کۆنەکان کە پەرەسەندنی شێوازەکانی بەرهەمهێنانیان بەدرێژایی ساڵان بەڵگەدار کرد، هەروەها کۆشکەکان جۆرەها بەرهەمی خۆراکی لەسەر بنەمای گەنم لەخۆگرتبوو، وەک جۆرە جیاوازەکانی نانی نەریتی، فریک، ساوەر، و شەعری، هەروەها شیرینییە بەناوبانگەکان کە بە گەنم دروستکرابوون.
کۆشکێکی جیاواز تایبەت بوو بە کاری دەستی و ئیکسسواراتە کولتووریەکان کە لەلایەن ژنانەوە لە پوشی گەنم دروستکرابوون، هەروەها بەشداربووان خواردنی نەریتییان بۆ سەردانکەران ئامادەکرد، لەوانە نانی تەندوور، سلیقە (جۆرێک لە قیمە)، "میر" (خواردنێک کە بە گەنم دروست دەکرێت) تیشکیان خستە سەر پەیوەندی مێژوویی نێوان گەنم و خواردنە نەریتییەکانی ناوچەکە.
لە ئاهەنگی کردنەوەیدا نمایشی کولتووری لەلایەن گروپی دایکانی شەهید ڕەیحانەوە بەڕێوەچوو، هەروەها لە بەرنامەکەدا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری سەبارەت بە مێژووی گەنم، نمایشی مۆسیقی و هونەری لەلایەن گروپی گۆرانیبێژی بێلا و گروپی هەڵپەڕکێی کولتووری شەهید مزگین، جگە لە ئینتەرلۆدی مۆسیقی دیکە نمایشکرا.
لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا، ڕوکەن ئەحمەد، کارگێڕی تەڤگەری هیلالی زێڕین و یەکێک لە ڕێکخەرانی چالاکییەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە گەنم بەشێکی دانەبڕاوە لە میراسی کشتوکاڵی و ڕۆشنبیری، هەروەها ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە لە پاراستنی بە درێژایی مێژوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەنم "بەرهەمی کشتوکاڵ و هەوڵی ژنانە، میراسێکە کە ژنان لە کۆنەوە تا ئێستا پارێزگارییان لێکردووە"،هەروەها پاراستنی ئەم میراسە بەرپرسیارێتییەکی پێکەوەییە بۆ پاراستنی ناسنامە و کولتووری هەرێمەکە، هەروەها ئەنجامدانی فێستیڤاڵێک بەم قەبارەیە بۆ یەکەمجار لە ناوچەکەدا هەنگاوێکی بەرچاوە بەرەو دامەزراندنی وەک نەریتێکی ساڵانە، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی کولتووری کشتوکاڵی هەرێم و تیشک خستنە سەر بەرهەمە پەیوەندیدارەکان بە گەنم وەک بەشێک لە میراسی ناوخۆیی، کە ناوچەکە لە مێژوودا بەناوبانگ بووە بە بەرهەمهێنانی گەنم، ساڵانێکی زۆرە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی دانیشتووانەکەی بووە.
ڕوکن ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە، فێستیڤاڵەکە تەنها لە لایەنی کشتوکاڵییەوە سنوردار نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی ڕۆشنبیری و هونەریش لەخۆدەگرێت، کۆمەڵێک دایک نمایشی کولتووری هەڵپەڕکێ و گۆرانی نەریتییان پێشکەش کرد، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی نەریتە کشتوکاڵییەکان و گواستنەوەیان بۆ نەوە نوێیەکان.
لۆرین دەروێش، خوێندکار لە کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوونیکردەوە، کە بەشداری قوتابیان بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کشتوکاڵی و پێدانی زانیاری زانستی بە کۆمەڵگە سەبارەت بە گەنم، لە میانی فێستیڤاڵەکەدا، خوێندکاران نموونەی تیۆری و پراکتیکییان خستەڕوو کە باس لەو نەخۆشیانە دەکەن کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر بەرهەم و شێوازەکانی خۆپارێزی هەبێت، ئەمە جگە لەوەی نوێترین تەکنیکە کشتوکاڵییەکانیان نمایشکرد کە بەشدارن لە باشترکردنی بەرهەمهێنان، بڕیارە فێستیڤاڵەکە کە یەکەمین فێستیڤاڵە لە جۆری خۆیدا بەردەوام بێت، ڕێکخەرانیش هیوادارن ببێتە فێستیڤاڵێکی ساڵانە بۆ ئاهەنگگێڕان بە گەنم وەک ئاماژەیەک بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی و میراسی ڕۆشنبیری لە دەڤەری جزیرە.