یەکەم پەرلەمانتاری "داون سیندرۆم" بەرگری لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات
مار گالسێرانö یەکەم کەس کە خاوەنی حاڵەتی داون سیندرۆمە کورسییەکی پەرلەمانی لە ئیسپانیا و سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا بەدەستدەهێنێت.
ناوەندی هەواڵ
لە دەستکەوتێکی مێژووییدا بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەشداریکردنی سیاسی، مار گالسێران توانیویەتی ببێتە یەکەم کەس کە خاوەنی حاڵەتی داون سیندرۆمە و کورسییەکی پەرلەمانی لە ئیسپانیا و سەرانسەری کیشوەری ئەوروپادا بەدەستهێناوە.
مار گالسێران نموونەیەکی باڵای کۆڵنەدان و ئیرادەی پۆڵایینە، ئەو نزیکەی ٢٠ ساڵە لە ناو کاری سیاسیدا چالاکە و وەک ئەندامێکی دیاری پارتی گەلی ئیسپانیا لە هەرێمی ڤالێنسیا کار دەکات، لە تەمەنێکی گەنجییەوە پەیوەندی بە ڕێکخراوە گەنجییەکانی پارتەکەیەوە کردووە و هەنگاو بە هەنگاوبە بێوچان و ماندووبوون پلەکانی سەرکەوتنی بڕیوە، سەرباری حاڵەکەی هەمیشە کاری بۆ باشترکردنی مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسپانیا، سەرکردایەتی پارتەکەی بەهۆی ماندووبوون، دڵسۆزی و کارە بەردەوامەکانی، بڕیاریاندا ناوی لە لیستە سەرەکییەکاندا و لە شوێنێکی مسۆگەردا جێگیر بکەن و لە ڕێگەی دەنگی ڕاستەقینەی هاووڵاتییانەوە، مار گالسێران توانی متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و بە فەرمی ببێتە ئەندامی پەرلەمان.
بوونی مار گالسێران لە پەرلەماندا وەک نیشانەیەکی ڕوون دەردەکەوێت کە حاڵەتە جێنەتیکییەکان و خاوەنپێداویستی تایبەت هەرگیز ناتوانن ببنە ڕێگر لەبەردەم بەدیهێنانی خەونە گەورەکان و بەشداریکردنی کاریگەر لە داڕشتنی بڕیارە سیاسییەکاندا.