یەکەم دادوەری عێراق بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد

زەکیە ئیسماعیل حەقی، یەکەم پارێزەری ژن لە عێراقدا کە لە ساڵی ١٩٥٩ بووەتە دادوەر، ٢٣ی ئاب بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریکا کۆچی دواییکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

زەکیە ئیسماعیل حەقی، یەکەم ژنە کە پارێزەر بووە و بووەتە دادوەر لە عێراقدا، زەکیە لە ١٨ی ئەیلولی ١٩٣٩ لە بەغدا و لە بنەماڵەیەکی کوردی فەیلی لەدایکبووە، ساڵی ١٩٥٧ خوێندنی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە، یەکەم ژنە لە عیراقدا لە ٩ی شوباتی ١٩٥٩ پۆستی دادوەری وەرگرتووە و یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ساڵی ١٩٥٢، هەتا ساڵی ١٩٧٥ سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە بووە.

 

ساڵی ١٩٦٦ بەشی کارگێڕی لە زانکۆی سویسرا تەواوکردووە، ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە، لە زانکۆی ئەمریکاش بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێبەخشرا،  

 

زەکیە یەکێک بووە لە ژنە ڕێچکە شکێنەکان، لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کاری کردووە و ڕۆڵی گرنگی لە تێکۆشانی ژنان بۆ یەکسانی و مافەکانیان هەبووە، لە پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وەک دادوەر و لەدوای ڕاپەڕینیش وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کار و خەباتتدا بووە.

 

لە ساڵانی ١٩٧٥ تا ١٩٩٦ بەهۆی زوڵم و زۆرداری ڕژێمی بەعسەوە دەبێتە پەنابەری وڵاتی ئەمریکا و لەدوای ئازادبوونی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەگەڕێتەوە بەغدا و دەبێتە ڕاوێژکاری وەزارەتی داد، لە دوای ٢٠٠٣ەشەوە بەهۆی کار و ئەزموونەکانیەوە بۆ چەندین کاری دیکەی بەڕێوەبردنی حکومەت هەڵبژێردراوە.

 

زەکیە ئیسماعیل حەقی، یەکەم دادوەری ژنی عێراق، ڕۆژی ٢٣ی ئابی ٢٠٢١ بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریکا کۆچیی دواییکرد.

 

ت.پ