یەختێکی دیکە لە ئیجەدا ژێرئاو کەوت و ١١ کۆچبەر خنکان

یەختێکی دیکە لە دەریای ئیجەدا ژێرئاو کەوت و ١١ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، بەپێی هەواڵەکانیش ئەمە سێیەم یەختە لەم هەفتەیەدا ژێرئاو بکەوێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی یۆنان ڕایگەیاند یەختێک بە زیاتر لە ١٠٠ کۆچبەرەوە لە دوورگەی چوهای باشووری یۆنان ژێرئاوکەوت، بەهۆیەوە ١١ کەسیان گیانیان لەدەستدا، بەپێی هەواڵەکان هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان ٩٠ کۆچبەریان ڕزگارکردووە کە ٢٧ یان منداڵن.

 

هەر لەم هەفتەیەدا دوو یەختی دیکە ژێرئاو کەوتن و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە پەیجی فەرمی خۆیان بڵاویان کردووەتەوە کە درەنگانێکی شەوی پێنج شەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە نزیک دورگەی ئاناتیکیثیرا لە کەنارەوەکانی یۆنان، کە دوورگەیەکی بەردەڵانە و دەکەوێتە نێوان دوورگەکانی خانیا و کەڵەماتەی وڵاتی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نقوم بوو، نوێنەری دەزگاکە لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاندووە کە ٩٠ لە کۆچبەرەکان ڕزگارکراون کە ٥٢ پیاو، ١١ ژن و ٢٧ منداڵبوون، ١١ کەسی دیکەش تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە.

 

دەزگاکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە کەلە درەنگانێکی شەوی سێ شەممە، ٢١ی کانوونی یەکەم، لە کەناراوەکانی یۆنان لە نزیک دوورگەی فۆلیگاندرۆس لە ئیجە بەلەمێکی کۆچبەران نقوم بوو، بەپێی زانیارییەکان یەختەکە ٥٠ سەرنشینی هەڵگرتووە، تا ئێستا ٣٦ کەسیان ڕزگارکراون، ١١ تەرم دۆزراونەتەوە و ٣یان بێسەروشوێنن.

 

ت.پ