"یەکگرتوویی گەلان دەتوانێت هێرشەکان تێکبشکێنێت"

نودەم یامان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخموور، باسی لە ئامانجی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان کردو ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بەرەو پێش بچێت، دەبێت دەستێوەردانەکانی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت.

مەخموور

 

بانگەوازی  ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان  بۆ 'ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک' کە لە ٢٧ی شوباتی  ٢٠٢٥دا کرا، وەک دەربڕینێکی گرنگی ئیرادەی کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیموکراسییەوە پێشکەشی ڕای گشتی کرا.

 

بەڵام هێرشەکانی حکومەتی کاتی سووریا "هەتەشە" بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هاوکاریی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەگەڵ چەتەکان زیان بە هیواکانی ئاشتی دەگەیەنێت، هەروەها قەیران و ململانێکان لە پرسی چارەسەری کورد قووڵتر دەکەنەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان، ئاسایشی ناوچەکە تێکدەچێت، ململانێکان زیاتر دەبن و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس، هەروەها ئامانجی هێرشەکان بۆ دروستکردنی تۆڕێکی ناسیۆنالیزمە لە نێو گەلان و گۆڕینی بۆ دوژمنی یەکتر.

 

سەبارەت بەم بابەتانە، نودەم یامان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخموور قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ڕایگەیاند کە بۆ ئەوەی پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بەرەوپێش بچێت، دەبێت دەستوەردانەکانی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ڕابگیرێت.

 

نودەم یامان، لە سەرەتای قسەکانیدا سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: وەک هەمووان دەزانن، ڕێبەر دەستپێشخەری پرۆسەی 'کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک'ی کرد و ئەم پرۆسەیە کاریگەریی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا هێزە هەژموونخوازەکان کە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد، دەستکەوتەکانی شەهیدانی ڕۆژئاوا، لە ناو ببەن، هێرشیان کردە سەر ناوچەکە بە مەبەستی لەناوبردنی ئەو دەستکەوتان، بەڵام گەلی کورد و تێکۆشەرانی کورد کە فەلسەفەی ڕێبەر بە بنەما وەردەگرن، هێرشەکانیان تێکدەشکێنن و لە ئێستاشدا بەردەوامن لە بەرخۆدانی خۆیان.

 

"ئامانج بونیادنانی نەتەوەپەرستییە لەناو گەلی کورددا"

نودەم یامان سەرنجی بۆ ئامانجی هێرشەکانی سەر گەلی کورد ڕاکێشا و وتی: کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، هەرکاتێک ڕێبەر ویستی پڕۆسەیەکی ئاشتی دەستپێبکات کە هەموو گەلان بتوانن پێکەوە بژین، هێرشی داگیرکاری دەستیپێکرد، بەتایبەتی ئەمڕۆ دەبینین هێرشی جینۆساید بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، ئامانجی هێرشەکان لەناوبردنی فەلسەفەی ڕێبەرە بۆ پێکەوە ژیان، کە هەموو گەلان لەخۆدەگرێت، نەتەوەکان و زمانەکان و ئایینەکان بە واتایەکی تر دەتوانین بەراورد بکەین بە پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات ئامانجەکەی تر بونیادنانی هێڵێکی نەتەوەپەرستییە لە نێوان گەلی کورددا.

 

"دەبێت قسەکانی ڕێبەر بکەینە بنەمای ژیانمان"

نودەم یامان ئاماژەی بەوەکرد، تەنها یەکگرتوویی گەلان دەتوانێت هەموو هێرشەکان تێکبشکێنێت، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: گەلی کورد هەمیشە لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دراوسێکانیدا ژیاوە، لە زوڵم و نادادپەروەریدا ژیاوە. بەڵام ئەمە دژی هێزە باڵادەستەکانە و بەو هۆیەشەوە بە تایبەتی بەو ئاراستەیە هێرش دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​وەک گەلی کورد پێویستە ئاگاداری هەندێک شت بین. پێویستە قسەکانی ڕێبەر بە جددی وەربگرین و لێیان تێبگەین، ڕێبەر هەمیشە دەڵێت کە ئێمە برایەتی و خوشکایەتی لە نێوان گەلدا بونیاد دەنێین، پێکەوە دەژین و ڕێگە نادەین گەلی کورد تۆڕێک لە نێوان خەڵکدا دروستبکەین. ئێمە لە خاکێکداین کە وەک کورد و تورک و عەرەب پێکەوە دەژین، واتە وەک گەلێک ململانێ دروست بووە، بۆیە ئەو هێرشانەی کە ئەنجام دەدرێن بە تایبەتی ئامانجیان دابەشکردنی ئێمەیە.