ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شنگال: ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی فەرمان نادەین

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شنگال ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی ئێزدی چیتر وەک پێش ساڵی ۲۰۱٤ نییە، ئێستا خاوەنی ئیرادە و هێزی پاراستنەو ڕێگە نادات هیچ هێرش و فەرمانێکی نوێ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانەوە ئەنجام بدرێت.

شنگال 

 

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شنگال شیکارییەکی لەبارەی هەڕەشە نوێیەکانی سەر ناوچەکە بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای هێرشی گرووپە چەتەکان و داعش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، مەترسییەکان لەسەر شنگال زیادیان کردووە، بەڵام جەختیان کردەوە کە گەلی ئێزدی لە ماوەی ۱۲ ساڵی ڕابردوودا فێری خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی جەوهەری بووە.

 

ژنانی ئێزدی چیتر پشت بە هێزە دەرەکییەکان نابەستن

لە بەشێکی تری شیکارییەکەدا هاتووە: ژنانی ئێزدی چیتر پشت بە هێزە دەرەکییەکان نابەستن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە کردووە، وتیشیان: کاتێک قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە لەسەر سنوور بوون، خەڵک بە ئارامی دەخەوتن، بەڵام ئێستا گواستنەوەی چەتەکان بۆ عێراق نیگەرانی درووستکردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق یەبەشە و یەژەشە وەک هێزی فەرمیی شنگال بناسێنێت.

 

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شنگال داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە فشار بخەنە سەر حکومەتی بەغداد بۆ ئەوەی مافی ئێزدییەکان لە دەستووردا بچەسپێنێت، چونکە بێدەنگی بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕێگە بۆ فەرمانی نوێ خۆش دەکات، تەنها ڕێگەی ڕزگاریش دانپێدانانە بە قەوارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزە خۆجێیەکانی ناوچەکە.

 

شنگال لە ۳ی ئابی ۲۰۱٤ ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی گەورە بووەوە کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان و هەزاران ژن و منداڵیان ڕفاند، لەو کاتەوە ئێزدییەکان دامەزراوەی سەربازی و مەدەنی خۆیان پەرەپێداوە، بەڵام ناوچەکە هێشتا لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی چەتەکان و تورکیادایە.