”ئەگەر دەستووری سووریا دان بە مافەکانی ژناندا نەنێت ئەوا ئامادەن شۆڕشێکی دیکە ئەنجام بدەن”
ژنان لە شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە داوایان لە حکومەتی کاتی سووریا کرد دەستوورێکی نوێی دیموکراتیک دابڕێژێت کە دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا مسۆگەر بکات، ئەمەش وەک پێشەکییەک بۆ دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتیک.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- ئەو دەستوورەی حکومەتی کاتی سووریا دایڕشتبوو، بە ناڕەزایی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرەوڕوو بووەوە، بەو پێیەی شکست دەهێنێت لە مسۆگەرکردنی هیچ مافێکی ژنان و چاوپۆشی لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو سیستمە دیموکراتیکیە دەکات کە لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا دامەزرا.
ژنانی شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە داوای دەستووری نوێیان کرد، زەینەب ئییۆ وتی: دەستوورێک ناتوانێت دیموکراتیکی بێت ئەگەر یاسا و مافی ژنانی تێدا نەبێت، کۆمەڵگە ئازادەکان لەسەر بنەمای ئازادی ژنان مافەکانی خەڵک دەستەبەر دەکەن و بەبێ ئەویش "کۆمەڵگە و سیستەمەکە بە سستی دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان یاسایەکی تایبەت بە ژنان لە دەستووری سووریادا دابنێن بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ڕۆڵێکی کارا ببینن لەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژین، بەبێ یاسایەک کە ژنان بپارێزێت، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک دروست ناکرێت، چ لە سووریا بێت یان هەر وڵاتێکی تر، ئەگەر دەستورێکی دیموکراتیک مافی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە نەپارێزێت، هیچ تاکێک ناتوانێت بە تەواوی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
جەختی لەسەر دەکاتەوە، ژنانی سووریا پێویستیان بە ئازادیی بیرکردنەوە هەیە، ڕژێمی نوێ لە سووریاش دەبێت لەو ڕووداوانە وەربگرێت کە وڵاتەکە شاهیدی بووە و جارێکی دیکە ژنانی سووریا لە مافەکانیان بێ بەش نەکرێن، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ژن لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی کۆمەڵگەی سووریادا لە مافەکانیان بەهرەمەند نەبوون، ئەمڕۆ داوای یاسایەک دەکەین کە بوون و ناسنامەی ژنان بپاپێویستیرێزێت.
زەینەب ئییۆ ڕوونیکردەوە، یاسایەک کە مافەکانیان بە ژنان ببەخشێت، بۆ ئەوەی نیوەی کۆمەڵگە سەربەخۆ بێت و دەسەڵاتدار بێت بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردان. بۆ سوریایەکی دیموکراتکی و ئازاد، دەبێت مافی هەموو خەڵک لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێت.
هەدلە عەبدولوەهاب، هەستی پێش خۆی دووپاتکردەوە و تیشکی خستە سەر کارەکانی ماڵی ژنان و یاسای خێزان و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەرکەسێک بانگەوازی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگەی ئەم ڕێبازە بکات، هەڵەیە، زۆر کەس سەرسام بوون بەو کارە ئەرێنییەی ماڵی ژنان ئەنجامی دەدات.
سەبارەت بە کاریگەری ئەم سیستەمە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و پێگەی ژنان وتی: ئەو پێشکەوتنەی شۆڕشی ژنان و تەڤگەری ژنان لە ناوچەکەدا بەدەستی هێناوە، سەرسامییەکی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠٢٦ هەموو کێشەکان یەکلایی کرانەوە.
هەدلە عەبدولوەهاب ڕۆڵی حکومەتی کاتی خستە ژێر پرسیارەوە کاتێک ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشیان دەکرد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم حکومەتە لە کوێ بوو کاتێک هەزاران ژنمان لە کوشتن ڕزگار کرد و خێزانەکانمان لە کۆمەڵکوژییەکان پاراست؟ ماڵی ژنان نموونەیەکی سەرەکی سەرکەوتنی شۆڕشی ژنانە.
ڕوونیشیکردەوە، ئێمە کێشە خێزانییەکانمان چارەسەر دەکرد کاتێک ژنان ئامادەبوون و پیاوەکان ئامادەنەبوون، ئەمەش سەرکەوتنێکی حاشا هەڵنەگرە، چونکە هەموو ژنێک کە لە ماڵی ژنان کار دەکات پارێزەر و داواکاری گشتییە.
جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتی کاتی دەبێ دان بە ماڵی ژنان و یاسای خێزان لە دەستووردا بناسێت و بی چەسپێنێت، پێویستی ئێستای سووریا دامەزراندنی ناوەندەکانی ژنانە لە هەموو شارەکاندا، : تەنها ژنان بەڕاستی لە پرسەکانی ژنان تێدەگەن و بە تەواوی گوێیان لێدەگرن، هەر دەستوورێک ماف و یاساکانی ژنان لەخۆ نەگرێت، لەگەڵ بەرژەوەندی ژنان ناگونجێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە پێویستە ئەمڕۆ لە دیمەشق ناوەندێکی ژنان دابمەزرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنانی سووریا، ئەگەر دان بە بوونی ژناندا نەنرێت، کێشەی زۆر سەرهەڵدەدەن، ژنانیش ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی بێ وێنە دەبنەوە.
هەدلە عەبدولوەهاب لە کۆتای قسەکانیدا وتی: ئەگەر ژنان دووربخرێنەوە و پەراوێز بخرێن، ئەوا ئامادەن بۆ شۆڕشێکی دیکە، ئەگەر دەستووری سووریا دان بە یاسای خێزان و ماڵی ژناندا نەنێت، ژنان ئامادەن لە ساڵی ٢٠٢٦ شۆڕشێکی دیکە دەستپێبکەن.