فیگەن یوکسەکداغ بانگەوازی لە هەموو کۆمەڵگە کرد بۆ ئاشتیی دەسپێشخەریی بکەن
فیگەن یوکسەکداغ بانگەوازی لە هەموو کۆمەڵگە کرد، بۆ ئاشتیی دەسپێشخەریی بکەن و وتی: داخوازیمان ئەوەیە، هەلومەرجی خەباتی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێنرێت، تا ڕۆڵی چارەسەری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر بگێڕێت..
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/01/20250113-figen-jpg87f169-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان "هەدەپە" لە زیندانی کاندیرای کۆجالی، پاش سەردانی شاندی دەم پارتی کە پێکهاتبوو لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو سڵاوی بۆ هەمووان هەیە و جەختی لەوەکردەوە، لەم قۆناغەدا گەل زیاتر پێویستی بە دادپەروەریی و دیموکراسییە.
وتی: لەم ساتە مێژووییە چارەنووسسازەدا، هەوڵی دەسپێشخەریی بەڕێز ئۆجالان بەنرخ و یەکلاکەرەوەیە. لەپشتی ئەم هەوڵ و ئیرادەی چارەسەرە دەوەستین. گرنگ نییە لەکوێ بین. دەکرێت لە ناوخۆ یان دەرەوەبین و خاوەنی بیروڕای جیاواز بین. ئەمە ڕێگر نابێ بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانمان. ئامادەین بۆ ئاشتی شکۆمەند و چارەسەری دیموکراتیک بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجی بکەین.
" ئێمەی ژنان نابێت درێغی بکەین"
ئاماژەی بەوەشکرد، گەلانی تورکیا و کرێکاران و هێزە ئازادیخوازەکان و ژنان، پێشەنگی ئاشتیین. بۆیە دەبێت هەموو دینامیکەکانی کۆمەڵگە دەسپێشخەریی بکەن بۆ خوشک و برایەتی گەلان و ئاشتی، ڕێگای گەیشتن بە مافە دیموکراسیەکان و کار و نان بەم دەستپێشخەرییەدا تێدەپەڕێت، ئێمەی ژنان نابێ درێغی بکەین لە پەرەپێدانی بزووتنەوەی چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتی: ئێمە هاوکار و پشتیوانی هەموو ئەو کەسانە دەبین کە هەوڵ دەدەن. داخوازیمان ئەوەیە، هەلومەرجی خەباتی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێنرێت و تاوەکو ڕۆڵی چارەسەری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر بگێڕێت. نزیکایەتی بەرچاو و ئەرێنی لە چارەسەری ئەم پرسە مێژووییەدا، دەبێتە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە. بەهیوام پێکەوە پێشوازی لە بەهاری گەلان و ئاشتی و یەکسانی بکەین”