یەڵدز ئۆنین: گەڕانەوەی شا بژاردە نییە و گەلیش ڕەتیدەکاتەوە ئەزموونەکانی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئەنجامی قەیرانی تێچووی ژیانەوە بە داخوازییە ئابوورییەکان دەستی پێکرد، بەڵام بە هۆی سەرکوت و توندوتیژیەوە بە خێرایی گۆڕا بۆ ڕاپەڕینێکی سیاسی دژ بە سیستەم.

ئەلیف ئاکگول

 

ئەستەنبوڵ- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ناڕەزایەتییەکانی دژە ڕژێم کە زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە، پەرەی سەندووە بۆ تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان، کە بەهۆی قەیرانێکی ئابووری خنکێنەرەوە بووە، هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، داڕمانی تمەنی نیشتمانی و خراپتربوونی هەژاری پاڵی بە ملیۆنان ئێرانی هێناوە کە ساڵانێکە لەژێر سەرکوتدا دەژین، ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای گۆڕانکاری بکەن.

 

دەستێوەردانی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەنها لە سنووردارکردنی داواکارییەکانی باشتربوونی بارودۆخی ژیاندا سنووردار نەبوو، بەڵکو پاڵیان پێوەنا کە بگۆڕدرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕژێم، بۆیە ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکانەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکان تەشەنەی کرد، کە گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتییە لە ئێران لە دوای ئەو شۆڕشەی لە ساڵی ١٩٧٩دا شای ڕووخاند، بە کاریگەرییەکانی دەستێوەردانەکانی دەرەکی.

 

سەبارەت بە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان و تەشەنەسەندنی خێرایان، یەڵدز ئۆنین ڕوونیکردەوە، یەکەم پریشک لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا هەڵگیرسا، کاتێک بازرگانانی بازاڕ، کە لە دیارترین نوێنەرانی چینی ناوەندن کە پشتیوانی لە ڕژێمی ئایینی دەکەن، بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە، دوای چەندین ساڵ بێدەنگی ڕژانە سەر شەقامەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٠١دا بزووتنەوەیەکی هاوشێوە ڕوویدا، بەڵام ئەمجارە تەقینەوەکە گەورەتر بوو، بەو پێیەی تمەنی ئێرانی بە خێرایی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر دۆلار داڕما، ئەمەش وایکرد بازرگانان و خاوەن دوکانەکان، ئەو گروپەی کە لە مێژوودا بنکەیەکی پشتیوانییان لە ڕژێم پێکهێنا، دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە و بڵێن"بەسە! چیتر ناتوانین بەو مەرجانە درێژە بە بازرگانییەکەمان بدەین"، بەم شێوەیە داواکارییە سەرەتاییەکان تەنها لە سروشتدا ئابووری بوون پێش ئەوەی دواتر فراوانتر ببن.

 

''داواکاری ئابووری گۆڕا بۆ ڕاپەڕینێکی سیاسی''

ڕوونیشی کردەوە، کە مامناوەندی حەقدەست لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ١٠٠دۆلار تێناپەڕێت، لە کاتێکدا هێڵی هەژاری ٢٠٠ دۆلارە، واتە کرێکارێک هەرچەند هەوڵێک بدات، داهاتەکەی بەشی ئەوە ناکات کە کەمترین ئاستی گوزەران دەستەبەر بکات، ئەم ڕاستییە کاریگەری لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە لە پارێزگا جۆراوجۆرەکاندا، لەوانە ئەوانەی کە بە لایەنگری ڕژێمی ئاینی هەژمار دەکران، هەروەها وتیشی: کە قەیرانی تێچووی ژیان بۆتە گەورەترین کێشەی ئەمڕۆی ئێرانییەکان و ئەمەش ناڕەزایەتییەکانی لێکەوتەوە و بەشدار بوو لە بڵاوبوونەوەیان بە خێرایی.

 

یەڵدز ئۆنین جەختی لەوە کردەوە، کە گۆڕینی داواکارییە ئابوورییەکان بۆ ڕاپەڕینێکی سیاسی دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشە چەکدارییەکانی ڕژێمی ئاینی ئێرانە کە دژ بە خۆپیشاندەران دەستیپێکردووە، هەروەها ''کوشتن و تەقاندنی چەکی قورس بەسەر خۆپیشاندەران خاڵی وەرچەرخانەکەیان پێکهێنا، چونکە دروشمەکان بەخێرایی لە داواکاریی ژیانێکی شایستە گۆڕا بۆ دروشمی دژە ڕژێمی وەک، ''مردن بۆ دیکتاتۆر''، ''ژن، ژیان، ئازادی'' و ''یەکگرتوو، بەهێز، ئێمە ناترسین''، ئەم دروشمانە لە زانکۆکاندا بڵاوبوونەوە، دواتر درێژبووەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکان و گۆڕینی بۆ خۆپیشاندانی بەرفراوان کە سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتدا بەشدارییان تێدا کردبوو، بەم شێوەیە ناڕەزایەتییەکان بە داواکاری ئابووری دەستی پێکرد، بەڵام بە خێرایی گەشەیان کرد و بوونە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان کە داوای ڕووخاندنی ڕژێمیان دەکرد''.

 

ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی ئەمریکاش کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا دەریانکردبوو، هەروەها ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامبن لە کوشتنی خۆپیشاندەران، ئەوا دەستوەردان دەکات، وتیشی: ''ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەگوزەرێت تەنها هۆکاری ناوخۆیی نییە، بەڵکو سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمریکا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە گەورەکردنی قەیرانەکەدا''.

 

یەڵدز ئۆنین لە سەر پێویستی ڕەخنەگرتن لە ڕژێمی ئێران جەختی کردەوە: بەرپرسیارێتی واشنتۆنیش ناتوانرێت چاوپۆشی لێبکرێت، ئەوە گەمارۆکانی ئەمریکایە کە ئێرانی پاڵ ناوەتە ناو ئەو قەیرانە قووڵەوە و پێشتریش لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران ڕەخنەیان لێ گیراوە خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی مەترسی مردنی برسێتی دەبنەوە''.

 

''سیاسەتەکانی واشنتۆن پشتیوانی بەرخۆدان ناکەن، بەڵکو لاوازی دەکەن''

یەڵدز ئۆنین لێدوانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای وەبیرهێنایەوە سەبارەت بە سەپاندنی باجی ٢٥٪ی زیادە بەسەر ئەو وڵاتانەی کە بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران و ڕوونیکردەوە، کە ئەم ڕێوشوێنە تەنانەت ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە خۆراکی پێدەفرۆشن، وتیشی: ''ئەوەی لە ئێران لە ڕووی کۆمەڵکوژی و سەرکوتەوە دەگوزەرێت، تەنها بەرپرسیارێتی سیستمی ئایینی نییە، بەڵکوو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە گەمارۆ دەسەپێنن، بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتییەکەش هەڵدەگرن، ئەوان بەرگری لە مافی مرۆڤ ناکەن، بەڵکو زیاتر ئازارەکانی خەڵک گەورەتر دەکەن و دەیانخەنە برسێتی تا مردن''.

 

پێشتریش نووسیبووی، کاتێک ئیسرائیل بۆردومانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێرانی کرد، کە بۆمبەکان دیموکراسی ناهێنن و ڕژێمەکان ناگۆڕن، وتی: "سیاسەت و لێدوانەکانی واشنتۆن پشتیوانی بەرخۆدانی گەل لە ئێران ناکەن، بەڵکو لاوازی دەکەن، لەوەش خراپتر، ڕژێمی ئاینی هەڵوێستی ئەمریکا و ئیسرائیل دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران وەک نوێنەری زلهێزە بیانییەکان پیشان بدات، بەو هۆیەوە ڕەوایەتی بە دەرکردنی مەرگ دەدات، تاوەکو سزاکان لە دژی ئەوان دەربکرێت''.

 

هەروەها پێی وایە، ئەم دەسەڵاتە ئاینییەی ئێستا لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمی شۆڕشی ملیۆنان ئێرانی لەلایەن مەلاکانەوە سەریهەڵداوە، کە لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی شا ڕژانە سەر شەقامەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کەسانەی قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ ڕزگاربوون لە شا، ناتوانن جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتەکەی قبوڵ بکەن".

 

یەڵدز ئۆنین ئەندامی ''تۆڕی هاوپشتی لەگەڵ کۆچبەران'' بە ئاماژەدان بە ڕەزا پەهلەوی جەختی لەوە کردەوە، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێویستیان بەو جۆرە کەسایەتیانە نییە، وڵات توانای بەرهەمهێنانی سەرکردەی نوێی هەیە لە ناوەوە، هەروەها چەندین جار لە ڕێگەی شەپۆلی دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییەوە ئەمەی پیشانداوە، جەختی لەسەر پێویستی بیرهێنانەوەی ئەو خەباتە گەورانە کردەوە کە شایان ڕووخاند، لەوانە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان و حزبە کۆمۆنیستەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان، وتیشی: ''ئەم هێزانە تا ئەمڕۆش هەن، ئێرانیش وڵاتێکی بێ حزب و بێ سەرکردایەتی سیاسی نییە، بەڵکو بەڕاستی هێز و لایەنی سیاسی هەن کە خۆپیشاندەران ڕێکدەخەن و سەرکردایەتی دەکەن''.