ئازەربایجان ژنان لە لیژنەی ڕێکخستنی COP29 دەردەکات

چالاکوانان بڕیاری پەسەندکردنی لیژنەی COP29 کە ٢٨ پیاوی تێدابوو بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ژنێک بکەن، شەرمەزاردەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیلهام عەلیف، سەرۆکی ئازەربایجان ڕۆژی ١٥ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند، لیژنەی ڕێکخستنی COP29 کە لە ٢٨ ئەندام پێک هاتووە تەنها بۆ پیاوانەو ژنان بە تەواوی لەو لیژنەیە دوورخراونەتەوە.

                   

بڕیارەکەی سەرۆکی ئازەربایجان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی کەشوهەوای COP29 کە لە ١١بۆ ٢٤ی تشرینی دووەم لە باکو بەڕێوەدەچێت، بەهۆی بەدەستنەهاندنی یەکسانی ڕەگەزی لە وتووێژەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا، شەپۆلێکی ناڕەزایی و کاردانەوەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لێکەوتەوە.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیان، ڕێکخراوی ""She Changes Climate بڕیارەکەی بە "کۆنەپەرست" پێناسە کرد، ژنان نوێنەرایەتی ٦٣%ی ئەندامانی کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی لوتکەی کەشوهەوای COP28 دەکەن کە مانگی ڕابردوو لە ئیمارات بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا ئەو لیژنەیەی کە سەرۆکی ئازەربایجان ڕایگەیاند هەموو ئەندامانی وەزیر و بەرپرسانی حکومەتن لەوانە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی دەوڵەت و سەرۆکی تۆڕی دابەشکردنی گاز لە ئازەربایجان.

 

ڕێکخراوەکە وتیشی: ئەم لیژنەیە هەنگاوێکی دواوەیە لە گەشتەکەدا بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی لە بواری کەشوهەوادا، بەڵام هێشتا کات ماوە بۆ گۆڕانکاری و داوای نوێنەرایەتییەکی یەکسان دەکەین لە ئەنجامدانی وتووێژەکانی کەشوهەوای ئەمساڵدا، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە نەک نیوەی.

 

زانایان ئاماژەیان بەوەکردووە، ساڵی ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بوو لە مێژوودا، کەمبوونەوەی خێرای سووتانی سووتەمەنی بەردینەکان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە خراپترین کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا دووربکەونەوە.