''ئازاری ژنانی ئەفغانی و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوو دیوی یەک دراوە''
مێژووی خەبات و خۆڕاگری گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە درێژایی دەیان ساڵ چەندین جار دووبارە بووەتەوە، دوای تەڤگەری ''ژن، ژیان، ئازادی''، ئازارەکان گەیشتووەتە لوتکە، بەتایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە خوێنیان لەسەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕژاوە.
بەهاران لەهیب
بغلان- لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شایەتی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی گەل بوو لە شارە جیاوازەکاندا، ئەم ناڕەزایەتیانە لە ناڕەزایی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە سەرچاوە دەگرن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی قەیرانی متمانە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا، هەرچەندە ئەم ناڕەزایەتیانە لە سەرەتادا بە داواکاری باشترکردنی بارودۆخی ژیان دەستی پێکرد، بەڵام بە خێرایی گۆڕا بۆ سەکۆیەک بۆ دەربڕینی داواکارییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییە فراوانترەکان.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک، بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان، بێکاریی بەربڵاو بەتایبەتی لە نێو گەنجان و کەمبوونەوەی توانای کڕینی تاکەکەسی، توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تووشی گرژی کردووە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە خەڵکی وڵاتەکە بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تێکچوونی دۆخەکە، خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، کە چیتر ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن و هیچ داهاتوویەکی گەش بۆ خۆیان و منداڵەکانیان نابینن.
جگە لە کێشە ئابوورییەکان، سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و کولتووری، کۆنترۆڵی توند بەسەر شێوازی ژیان و نەبوونی ئازادییە مەدەنییەکان بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت کە ناڕەزایەتییەکانی هەڵگیرساندووە، زۆرێک لە خۆپیشاندەران پێیان وایە ساڵانێکە دەنگیان پشتگوێ خراوە و جگە لە ڕژانەوە بۆ سەر شەقام هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە بۆ دەربڕینی داواکارییەکانیان.
ڕۆڵی ژنان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆر بەرچاو بوو، ژنان کە لە مێژە بەدەست چەوساندنەوەی یاسای جیاکاری و بەرتەسککەرەوە دەناڵێنن، لە پێشەنگی ئەم ناڕەزایەتیانەدا بوون و داوای شکۆمەندی مرۆڤ و مافی هەڵبژاردن و ئازادییە سەرەتاییەکانیان دەکرد، ئامادەبوونی چالاکانەیان سیمایەکی جیاواز و واتاداری بەو ناڕەزایەتیانە بەخشی.
سەرکوتکردنی هێزەکانی ئاسایش بۆسەر خۆپیشاندەران، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، سوود وەرگرتن لە توندوتیژی و سنووردارکردنی توندی ئینتەرنێت و میدیا، نیگەرانییەکی ڕاستی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دروستکردووە، بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە ناڕەزایەتییەکان بە تەواوی کپ نەکردۆتەوە و ناڕەزایی لە سەرانسەری چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بەردەوامە.
ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەنها ڕووداوێکی ناوخۆیی نییە، ئەوان نوێنەرایەتی شۆڕشێکی بەرفراوان دەکەن کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، بە هەستیاری و هاوسۆزیەوە لەلایەن خەڵکەوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەدوایدا دەگەڕێن، بەتایبەتی ژنانی ئەفغانستان، کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی بێبەشی و جیاکاری و ستەمی سیستماتیک بوونەتەوە.
"خۆپیشاندانەکان تەنها ڕووداوێکی تێپەڕنین"
شوکریە نەوابی، خۆپیشاندەری ئەفغانی، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی، وتی: هەرچەندە من لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نیم، بەڵام بە قووڵی هاوبەشی ئازارەکانی گەلەکەم، ئێمەی ژنانی ئەفغانی چەندین ساڵە تووشی هەمان سەختی دەبین.
ڕوونی کردەوە، ئەو ناڕەزایەتییەکانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕوودەدەن، بۆ من تەنها ڕووداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئازاری هاوبەشی ژنانی ناوچەکەن، کە لە مافی دەنگدان، ئازادیی هەڵبژاردن و بەشداریی کارا لە کۆمەڵگەدا بێبەش کراون، پێموایە ڕەگ و ڕیشەی زۆرێک لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئەفغانستان وەک یەکن، ئەو سیستەمەی کە خەڵکی بە تایبەتی ژنانی لە پێگەی بڕیاردان دوورخستۆتەوە و پەراوێزیان خستووە.
جەختی لەوە کردەوە، کە هەڵوێستی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هیوا بە ژنانی ئەفغانستان دەبەخشێت، هیوایەک کە لە ژێر ستەمێکی تونددا خەبات دەکەن بۆ هەناسەدان، هەر هاوارێک کە لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرز دەبێتەوە، لە دڵی ژنانی ئەفغانستاندا دەنگ دەداتەوە، کاتێک ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بوێرانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، هەست دەکەین ئێمە تەنها نین، هێشتا باوەڕمان بە گۆڕانکاری هەیە، تەنانەت ئەگەر ڕێگاکە درێژ و سەختیش بێت.
شوکریە نەوابی پێی وایە، ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران ڕاستییەکی بنەڕەتی ئاشکرا دەکەن، کە ڕەنگە سەرکوتکردن بۆ ماوەیەک لە بێدەنگکردنی دەنگەکان سەرکەوتوو بێت، بەڵام ناتوانێت توڕەیی بکوژێنێتەوە یان هۆشیاری بەکۆمەڵ بنبڕ بکات، کە زوو یان درەنگ ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە، هەروەها ڕەخنەی لە هەڵوێستی دوودڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت، وتی: ئازارەکانی خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتی ژنان زۆرجار کورت دەکرێتەوە بۆ ڕاپۆرت و لێدوانی فەرمی بەبێ ئەوەی وەربگێڕدرێت بۆ کردەوەی کۆنکرێتی.
ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە نیشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا کە داواکارییەکانیان لە باشترکردنی بارودۆخی ئابووری زیاترە، هەروەها گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دەسەڵات و ڕێزگرتن لە مافە مەدەنییەکان و کۆتاییهێنان بە ستەم لەخۆدەگرن، لەم هەلومەرجەدا هاودەنگی لە نێوان ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئەفغانستاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، هاودەنگییەک کە لەسەر ئەزموونێکی هاوبەشی ئازار، هەڵاواردن و بەرخۆدان بونیاد نراوە، شوکریە نەوابی لە کۆتاییدا وتی: ئێمە ژنانی ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەڕای ئەوەی سنوورەکان جیامان دەکەنەوە، لە ئازار و خەباتەکانماندا لە یەکترەوە نزیکین و دەنگی یەکتر دەبیستین.