ئایشەگوڵ دۆغان: دەبێت بارودۆخی بەرخۆدانی بەڕێز ئۆجالان بگۆڕدرێت
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دواخستنی هەمووارکردنەوە یاساییەکان پەیوەست بە پرۆسەکە نیشاندا و ڕایگەیاند، پەلەکردن پێویستە، نەک ترس. ئەگەر کات بە باشی بەکارنەهێنرێت، لەوانەیە مەترسی دروستبێت.
ناوەندی هەواڵ
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان :دەم پارتی" دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی لە ناوەندی پارتەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرانبەر بە قسەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە گوتی "پێویست بە پەلەکردن ناکات" و ئاماژەی بەوە کرد کە کات گرنگە. ئایشەگوڵ دۆغان گوتی، "پێویستمان بە پەلەکردن هەیە، نەک ترس. ڕووداو و مەترسییەکانی ناوچەکە نیشانیداین کە بۆچی پێویستمان بە پەلەکردن هەیە. ئەگەر کات بە باشی بەکارنەهێنرێت، لەوانەیە مەترسی دروستبێت. تێپەڕاندنیشیان لەوانەیە هەموو کات ئاسان نەبێت. لەوانەیە ئاژاوەگێڕی ڕووبدات. ئێمە دەزانین کە هەندێک هەن دەیانەوێت گێرەشێوێنی بکەن. مادام وایە ئەوەی پێویستە بکرێت، جێهێشتنی نییە بۆ کات، یاخود بەکارهێنانی کات نییە. پێویستە نرخی کات بزانین و بەو پێیە هەنگاو بنێین و پلان دابڕێژین. لەبەرئەوەش پەلەکردن پێویستە. هەر خۆی ماوەیەکی زۆرە وەستاوە.
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە لە گۆڕەپانی نەورۆز پەیامی گرنگ ڕاگەیاندران و بەم شێوەیە لە قسەکانی بەردەوام بوو: "نەورۆز بۆ گەلی کورد بە مانای بەرخۆدان دژی ستەم دێت. داواکارییەکانیش لە گۆڕەپانی نەورۆز ئەمانە بوون؛ ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی. ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ساڵانی ١٩٩٠ـدا کۆمەڵکوژییەکانمان بەبیردەهێنێتەوە بە بۆنەی نەورۆزەوە. لە سایەی بەرخۆدانی ئەو کاتەوە ئێمە گەیشتووینەتە ئەم ڕۆژانە و بە جەماوەری نەورۆز پیرۆز دەکرێت.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری دیموکراتیک لە نەورۆزدا دەنگی دایەوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "کۆمەڵگەش داوای لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەوم سیاسەتی دیموکراتیک دەکات. هەروەها داوای مسۆگەرکردنی ماف و ئازادی دەکات. نەورۆز تەنها میراتی مێژوو نییە، بەڵکوو دامەزراندنی داهاتوویەکی نوێیە. لە نەورۆزدا لە هەموو شتێکیش زیاتر داوای ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان کرا. گەل دەڵێت، پێویستە ئیتر بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت. پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە کار بکرێت.
'چەندین کەس بە ئەشکەنجەدانەوە دەستبەسەرکران'
ئایشەگول دۆغان لە بەرانبەر دەستگیرکردن و زیندانیکردن بەهۆی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە ناڕەزایەتی نیشان دا و وتی: لانی کەم ٢٨ کەس زیندانیکران. لە موش پانکارت بە نووسینی "ئازادی و دیموکراسی" دەستی بەسەردا گیرا. هەروەها لە کۆجاعەلی تیشێرتەکانی سەوز، سوور و زەرد لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیرا. چەندین کەس بە ئەشکەنجەدانەوە دەستبەسەرکران. ئەمانەش پێشێلکردنی مافەکانن بەپێی ڕۆحێتی نەورۆز و پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. وەک دەم پارتی بانگەواز دەکەین لە بەربرسان لە دژی ئەم پێشێلکارییانەی نەورۆز لێپرسینەوە دەست پێبکەن و پێشێلکاران سزا بدەن.
'دەبێت دەستبەجێ یاساکان دەربکرێت'
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەشدا، دەرکردنی یاساکان پرسی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی بووە و وتی: دەبێت دەستبەجێ یاساکان دەربکرێن. ئەگەر پڕۆسەی دەرکردنی یاساکان درێژ بکرێتەوە و کات بەفیڕۆبدرێت مەترسییەکانی پڕۆڤاکسیۆن دەردەکەون. ئەو ئەندامانەی ڕێکخستن کە چەکیان داناوە، ئەگەر هەموارکردنەوەی یاسایی نەبێت چۆن بگەڕێنەوە. دەبێت بۆ هەموو ئەوانەی چەکیان داناوە، یاسا دەربکرێت.
'سبەی شاندەکەمان دەڕواتە ئیمراڵی'
لە کۆتایی قسەکانییدا ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، دەبێت هەلومەرجی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕدرێت و وتی: بەڕێز ئۆجالان دانوستانکاری سەرەکی ئەم پرۆسەیە. دەبێت بتوانێت پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ هەمووان بکات. بەڕێز ئۆجالان تەنها سەرۆکی پەکەکە نییە، بەڵکوو سەرۆکی ملیۆنان کەسە. دەبێت هەلومەرجی ئازادیی بەڕێز ئۆجالان باشتر بکرێت. سبەی شاندەکەمان دەچێتە دوورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆدەبێتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕوانگەی ناوەڕۆکیشەوە گرنگە.