ئاشنا حەسەن: توندوتیژیەکانی دژی ژنان و تا دێت ڕوو لە زیاد بوونە بەتایبەت لە بتوێن و پشدەر
ئاشنا حەسەن، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی ژنان لە ئیدارەی راپەرین دەڵێت: توندوتیژیەکانی دژی ژنان و تا دێت ڕوو لە زیاد بوونە، هۆکارێکی چەکی بێمۆڵەتەو دەبێت یاسای بۆ دابندرێت.

دیڤان سیهاد
ڕانیە- لە باشووری کوردستان ڕۆژانە کوشتنی ژنان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئەنجام دەدرێت، سەرەڕای عەڵیەتی ستەمکارو داب و نەریت کە لەپشت توندوتیژی و کوشتنی ژنانەوەن، دەسەڵاتیش بەهۆی کەمتەرخمی لەڕێی یاسا هەروەها ئەو قەیرانانەی تووشی کۆمەڵگەی دەکات، دەستی هەیە لە کوشتنی ژناندا، لەبەرئەوە ڕۆژانە گوێبیستی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان دەبین و ڕێژەکەی روو لە زیادبوونە.
ئاشنا حەسەن، چالاکوانی ژنان و ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی ژنان لە ئیدارەی ڕاپەرین ئاماژەی بەوەکرد، لە باشووری کوردستان ڕۆژانە کوشتنی ژنان بە ئەقڵیەتێکی پیاو سالاری ئەنجام دەدرێت، دۆخی ژن ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت کوشتنەکان ڕێژەیەکی بەر چاوی بە خۆیەوە بینیووە، لە ژێر ناونیشانی شەڕەف بە داخەوە، لە ماوەی ئەم دوو سێ مانگەدا دیاردەی کوشتن لە سنوری بتوێن و پشدەر بە ڕاستی ڕووی لە زیاد بوونە، نزیکەی مانگێکە بیست ڕۆژێک دەبێت ژنێکی تر بووە قوربانی، ئەوەش کە هۆکاری لە دواوەیەو ئەمانەش بە ڕاستی ژنان زیانبەرکەوتوون و وەکو پێویست حەق و مافەکانیان لە دوای کوشتنەکەشیان دەستەبەر ناکرێت.
"دەبێت چەکی بێمۆڵەت یاسای بۆ دابندرێت"
وتی: ئەگەر ئێمە باس لە هۆکارەکانی کوشتن بکەین کوشتنەکان باگراوەندی هەیە، باگراوەندەکەش ئەوەیە کە بە ڕاستی چەکی بێ مۆڵەت زۆر بەکار دەهێنرێت کە زەروریەتی هەیە یاسایەکی بۆ دابنرێت، کە هیچ کەسێک نەتوانێت چەکی بێ مۆڵەتی هەبێت لە ماڵەوە کە ئەمە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ لە ناو بردنی ژنان، هۆکارێکی تریش بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە ئەمانەش کە ڕۆڵی گرنگیان هەیە، من بە پێویستی دەزانم لە دوای دەوام کردن بە ڕاستی ئەوەی خاوەنی چەکە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکاندا چەکی بە دەستەوەیە و سنورێکیان بۆ دابنرێت بە ئەفسەرەکانیشەوە کە لە دوای دەوام ئێتر چەکەکانیان لە شوێنێکی تایبەتدا هەڵبگرن نەبرێتە ماڵەوە، ئەگەر باس لە توندوتیژییەکان بکەین بە ڕاستی باگراوەندەکەی بڵێم پیاوەکانی دەوروبەرن، بۆ نموونە ئەم کێشەی کە ئێستا هەبووە ژنێکە کە هاوژینەکەی خراپە لەگەڵی بۆ دەبێت ماڵی باوکی ڕێگەی پێ نەدەن بچێتەوە ناو خێزانەکەی، بۆ دەبێت هۆکار بن بۆ ئەوەی کە پاڵنەری بن دەستی بچێتە خۆی، لەکاتێکدا ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کە تۆ بتوانت دەستت بچێتە خۆت ئەوە لە قیمەی نائومێدیدایە، من کە بتوانم خۆم بخنکێنم بیر لە هیچ شتێک نەکەمەوە ژیانێکی پر ئومێد بەجیهبێڵم بگەمە لوتکەی نائومێدی ئەمانە زۆر زۆر بە ڕاستی ستەمە، کێشەیە هیوادارم دەسەڵات بە تایبەتی هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ بنبڕکردنی ئەمە.
"دەبێت یاسا کاری خۆی بکات"
ئاشنا حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت یاسا سەروەر بێت و کاری خۆی بکات وتی: هیوادارم بکوژەکان لەڕێی یاساوە ئیشیان لە سەر بکرێت، بە سزای یاسایی بگەن، بە هیچ شێوەیەک دەستی دەرەکی لە ناو یاسایا نەبێت، پێویسته ئەم کێشەو گرفتانە سوڵحی عەشایەری تەداخولی نەکات، ئەگەر یاسا سەروەر بێت کێشەکانیش کەمتر دەبنەوە، هیوادارین هیوادارین کە بە ڕاستی یاسا پاڵپشت بێت بۆ کەم کردنەوەی ئەم دیاردە قێزەونە، کە بەڕاستی کوشتنی ژنان خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی زۆر زەق، ناکرێت ئێمە لە ژێر ناوی هەر شتێکدا بێت ژن بکەین بە قوربانی.
"شەرەفی پیاو لەکوێدایە؟ نابێت باجی هەڵەی پیاوان بدەین"
ئەگەر باس لە شەرەف بکەین ئەگەر ئێمە شەرەفی پیاو بین ئەی پیاو شەرەفی خۆی لە کوێیە؟ کەوابێت ئێمە لەگەڵ پیاوانا تەواوکەری یەکین ناکرێت ئێمە ئەگەر بەرامبەرەکەشمان ڕەگەزی نێرە هەڵەیەک بکات ئێمە باچەکەی بدەن، ئێمە لە سەرەتای ژیانەوە تا ئێستا باجی زۆر قورسمان ناوە و هەتا مردنیش دەبێت هەر باج بدەین، ناکرێت سنوورێک بۆ ئەم تاوانە و بۆ ئەم دژایەتی کردنە و ئەم کوشتن و بڕینە مان نەبیت، کوشتن لە ئێستادا زۆر زۆر بووە، هۆکارەکەش هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتە وەک باسمکرد لەگەڵ ماددە هۆشبەرکان هۆکاری تریش هەیە خراپی باری ئابووری خراپی دۆخی سیاسی خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی کە شیرازەی خێزان و باری دەروونی تاک تێک بچێت، نەبوونی پەروەردەیەکی جوان لە لایەن دایک و باوکەوە بۆ مناڵەکانیان یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە سوڵحی عەشایەری ئەمە کێشیەکی سەرەکیە دووبارە ئەگەر لە ڕووی یاساییەوە نەڕوات بە دڵنیاییەوە دووبارە سەر هەڵدەداتەوە، چەنەها نمونەی بەرچاومان هەیە دروست بوونی کێشە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەمانە هۆکارێکی سەرەکین بۆ کێشەی خێزان و بە تایبەتی ئەو ژنانە کە تووشی ئەو ڕووداوە نەخوازراوانە دەبن.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاشنا حەسەن وتی: هیوادارم دەسەڵات سەروەری خۆی بنوێنێت، هیوادارم کە چارەیەکی ڕیشەیی ببێت بۆ کەم کردنوەی ئەم توند و تیژیانە.