"یاسا دیموکراتیکەکان مسۆگەری ئاشتی و بەدەستهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەکەن"
بەشیرە جەمال دین، هاوسەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، یاسا دیموکراتیکەکان مسۆگەری ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیل دەکەن، جەختی لەسەر گۆڕینی ناوی کۆماری عەرەبی سووریا بۆ کۆماری سووریای دیموکراتیک کردەوە.

نەغم چاچان
قامیشلۆ-یاساکانی دیموکراتی لە پایە بنەڕەتییەکانی دەستەبەرکردنی ئاشتی و پاراستنی کۆمەڵگەن، بەڵام یاساکانی دیموکراتی تەنها لە ڕێکخستنی کاروباری کۆمەڵایەتیدا سنووردار نین، بەڵکو مسۆگەری ڕاستەقینە بۆ بونیادنانی ئاشتی و پێشخستنی پێکەوەژیان پێکدەهێنن، لە ڕێگەی ئەوانەوە بناغەی تۆکمە و تەندروست بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و دەستەبەرکردنی ئاشتی مەدەنی و بەرزکردنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان و دانانی بناغەکانی پێکەوەژیان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
بەشیرە جەمال دین، هاوسەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایدەگەیەنێت، یاسا دیموکراتیەکان مسۆگەری ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو چووە قۆناغێکی نوێ، وتیشی: حکومەتێکی نوێ بەناوی حکومەتی کاتی سووریا لە دیمەشق پێکهێنرا، لەگەڵ هاتنی، و لەدوای بەستنی کۆنگرەی گفتوگۆەوە کە ئەحمەد شەرع خۆی بە سەرۆکی سووریا ڕاگەیاند، دەستورێکی نوێ ڕاگەیەندرا و هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی تاکلایەنە بەڕێوەچوو، چونکە گەلی سووریا گەلێکی پێشکەوتوو و شارستانییە و ئەم حکومەتە قبوڵ ناکات، هەروەها نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ یەک سیستەم و یەک زمان و یەک نەتەوە، بەڵکو پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە سووریا پێکەوە بژین، بەڵام حکومەتی کاتی هەموو پێکهاتەکان قبوڵ ناکات، بۆیە ئێمە سووریایەکی دیموکراتی و لامەرکەزیمان دەوێت.
"پێویستە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە سووریا جێبەجێ بکرێن"
بەشیرە جەمال دین، جەختی لەوە کردەوە، کە لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەتی کاتی سووریاوە دۆخی سووریا خراپتر بووە، وتیشی: ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدرێت، کە ئەم پێشێلکاریانە لەلایەن حکومەتی کاتی سووریاوە ئەنجامدەدرێت، بە پءشەنگایەتی جیهادیەکانی هەتەشە، هەروەک چۆن لە کەناراوەکانی سووریا و لە سوەیدا ڕوویدا.
دووپاتی کردەوە، کە ئێمە پشتیوانی لە خۆبەڕێوبەری و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەین، هەروەها متمانەمان بە تواناکانیان هەیە بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ کە ئاشتی و سەقامگیری تێیدا زاڵ بێت، بۆیە پێویستە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستێکی ئەرێنیتریان هەبێت، دەبێت یاسا نێودەوڵەتییەکان لە سووریا جێبەجێ بکرێن، هەروەها دەبێت ناوی کۆماری عەرەبی سووریا بگۆڕدرێت، چەنکە ئەوە تەنها عەرەب نیە کە لە سووریا دەژین، بەڵکو چەندین نەتەوەی دیکە هەن.
"ژن ڕۆڵی گرنگی هەیە لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا"
بەشیرە جەمال دین، جەختی لەسەر پێویستی نووسینی دەستوورێکی نوێ کردەوە کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، ئاماژەی بە پێویستی هەر پێکهاتەیەک کرد کە بە زمانی دایکی خۆی قسە بکات، هەرچەندە ژنان لە سووریا خەباتێکی زۆریان کردووە، بەڵام دەستووری نوێ مافەکانیان مسۆگەر ناکات، و ئەوان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا بینیوە، هەروەها شۆڕشی ڕۆژئاواش بە پشتیوانی و پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆڕاگرییەکی بێهاوتای خۆیان نیشانداوە، هەروەها زۆر ڕێکخراو و دامەزراوەی ژنان دامەزراون، بەڵام حکومەتی کاتی سووریا مەرجی داناوە کە سەرۆکی سووریا دەبێت سوننە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر پرسی گرنگتر هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێت، و پێویستە ئەو شارانەی بە داگیرکاری تورکیادان ئازاد بکرێن، پەنابەران بگەڕێندرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆ ئەوەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵیان هەبێت و دەرفەتی پێشەنگایەتیکردنی سووریایان پێ بدرێت، داواکاریمان بونیادنانی سووریایەکی نوێیە کە مافەکانی ژنان بپارێزێت.