ئاگرکەوتنەوە لە نێوان شەمرەخ و چنار بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٥ کەس

شەوی ڕابردوو ئاگر لەنێوان شەمرەخ و چنار کەوتەوە و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیشی گرتەوە و لە ئەنجامدا ٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٤ کەسیش برینداربوون کە برینی ١٠یان سەختە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ٢٠ لەسەر ٢١ی حوزەیران بە هۆکارێکی نادیار لە ناوچەی نێوان شەمرەخ لە ماردین و چنار لە ئامەد کەوتەوە، ئاگرەکە تەشەنەی کرد بۆ ناوچە نیشتەجێبوونەکان و بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە گەورە بوو، خەڵکی گوندەکە ماڵەکانیان بەجێهێشت، ٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٤ کەسیش برینداربوون کە برینی ١٠ کەسیان سەختە.

 

گەل و شارەوانییەکان بە دەرفەتەکانی خۆیان ئاگرەکەیان کوژاندەوە.

 

مێزی قەیرانەکانی شارەوانی گەورەی ئامەد دامەزرا

 لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری میدیای دیجیتاڵی شارەوانیی گەورەی ئامەد، ڕاگەیەندرا کە بە سەرکردایەتی دۆغان هاتون هاوسەرۆکی شارەوانی، مێزی قەیرانەکان دامەزراون، هەروەها ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکە لە چوارچێوەی سنوورەکانی شارەوانیی گەورەداکۆنتڕۆڵ کراوە. کارەکانی شارەوانی و ساردکردنەوە بەردەوامە.