ئاگر شەش گوندی هەڵەبجەی سووتاندوەو ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ماوەی سێ ڕۆژە ئاگر بەردەوامی هەیەو زەرەرو زیانێکی زۆری بە باخ و دەشت و پاوەنەکانی ناوچەی کۆکۆی کە چەندین گوند لەخۆ دەگرێت گەیاندووە.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- ناوچەی کۆکۆیی کە سنوورێکی بەرفراوانی گوندەکانی هەڵەبجەی لەسەرە ،بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی ئاب، لە گوندی چنارە سەرەتا نەتواندرا ئاگرەکە کۆنترۆل بکرێت، پاشان تەشەنەی سەند بۆ گوندی مۆردین و لەئەنجامی بەهێزی ئاگرەکەو هەبوونی ڕەشەبایەکی بەهیز ژینگەپارێزێک بەناوی ئاری موختار، بەهۆی سەختی سووتاویەکەی گیانی لەدەستدا.
پاش ئەوەی هەوڵەکان چڕ کرانەوە تاوەکو ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، هەریەک لە بەرگری شارستانی هەڵەبجەو فریاکەوتن و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگای هەڵەبجە بەدابین کردنی ئامێر هاوکار بوون لە هەوڵی کۆنترۆل کردنی ئاگرەکەبوون، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەکەو بوونی ڕەشەبایەکی بەهێز گوندی چنارو مۆردین و کۆلی متکان لە سنوورەکە بەهۆی زۆری ئاگرەکە سووتان و هاوڵاتیەک کە پۆلیسی دارستانە بەناوی "محەمەد شێخ حەیدەر" شەهید بوو.
هەوڵەکان چر کرانەوە تاوەکو لە ڕێگەی فڕۆکەوە ئاگرەکە بکوژێندرێتەوەو ڕێگە بگیرێت لە تەشەنەسەندنی بەڵام بەهۆی ئەوەی زنجیرە چیاکان سنوورن لەگەل وڵاتی ئیران ڕێگە نەدرا بە فڕۆکە ئاگرەکە کۆنترۆل بکرێت.
سەرەرای هەوڵە بەردەوامەکان تاوەکو ئیستاش ئاگرەکە بەردەوامی هەیەو بەرەو گوندی سازان ئاڕاستەکەی گۆریوە.
بە پێی زانیاریەکان لە بەرگری شارستانی هەڵەبجە جگە لە زیانە ماددیەکان کە بە هەزاران پوش و پاوان و دارەبەن و بەڕوو دارستانی دەسکرد چەندین گیانلەبەری کێوی سووتاون و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆل بکرێت، بەڵام بەهۆی سەختی جێگەکە تاوەکو ئێستا کۆنترۆل نەکراوە و زیاتر تەشەنە دەسێنێت.