ئاگر لە کامپی ئێزدییەکان کەوتەوە و دوو ژن بریندار بوون

ئاگر لە کامپی باجد کەنداڵ لە سەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتەوە، دوو چادری پەنابەرانی ئێزدی سووتان و دوو ژنی ئێزدیش بە سەختی بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاگر لە کامپی باجد کەنداڵ لە سەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتەوە، بەپێی زانیارییەکان ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و لە ئەنجامدا دوو چادر بەتەواوی سووتاون، هەروەها دوو ژنیش کە لەناو چادرەکاندا بوون سووتاون و برینداربوون.

 

لە ئێستادا دوو ژنەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەو باری تەندروستی یەکێک لە ژنەکان ناجێگیرە.

 

زیاتر لە ١٠ هەزار ئاوارەی خەڵکی شنگال لە کامپەکانی باشووری کوردستان دەژین، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، هێشتا ڕێگە بە ئاوارەکان نادرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شنگال و لە ژیانێکی نادیاردا بەجێدەهێڵن و لەژێر هەڕەشەی ڕووداوەکانی وەک ئاگر و سەرمادان.