پەیمان عیزەدین: هێشتا ژنان ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەبنەوە
پەیمان عیزەدین، پارێزەر دەڵێت: ژنان لەناو ناوەندەکانی بڕیارداندا، ئەگەر خاوەنی تێڕوانین و فکرێکی ژنانە نەبن بریاری لایەنە سیاسییەکانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بابەتی بەشداری ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا بووەتە یەکێک لە گرنگترین باسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، لەگەڵ ئەوەی باس لە مافەکانی ژنان دەکرێت، بەڵام هێشتا لە زۆر بواردا ڕێژەی بەشدارییان لە شوێنەکانی بڕیار و بەڕێوەبردن کەمە، بوونی ژنان لە پۆستە بەرزە حکومی و ئیدارییەکان تەنها بابەتێکی یەکسانی نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پەرەپێدانی کۆمەڵگەو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، بە پێی توێژینەوەکان، ئەو دامەزراوانەی ژنان تێیدا بەشدارن لە بڕیاردان، زۆرجار سەرکەوتووترن لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان،
لە هەرێمی کوردستان و عێراق ژنان توانیویانە لە چەندین بواردا دەنگ و شوێنی خۆیان جێگیر بکەن؛ لە پەرلەمان و وەزارەتەکانەوە تا ناوەندە ئەکادیمی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانە، هێشتا ژنان ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەبنەوە، هەندێک چالاکوانی مافی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و تێڕوانینی باو لە هەندێک ناوچە، هێشتا ڕێگرن لە بەشدارییەکی فراوانی ژنان لە بڕیارداندا، لە هەمانکاتدا کەمبوونی دەرفەتی ئابووری و پشتگیری سیاسی هۆکارێکی ترە بۆ دواخستنی ژنان لە گەیشتن بە پۆستە گرنگەکان،چاودێران ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و پێشکەوتوو بەبێ بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا مەحاڵە، ژنان ئەگەر دەرفەت و پشتگیرییان بۆ دابین بکرێت، دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر لە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ کۆمەڵگە ببینن.
" ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا بونیان هەیە، بەڵام چاوساخیان لایەنە سیاسییەکانیانن"
پەیمان عێزەدین، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە دێر زەمانەوە لە کاری سیاسیدا ڕۆڵیان هەبووە، بەشێک لەو ژنانەی لە ناو سیاسەتە بڕیاریان هبووە، هاوسەرەکانیان سەرکردەبوون یان بڕیاربەدەستبوون، کاتێک ژنانێک خێزانەکەیان یان هاوژینەکانیان سەرکردە دەبێت، پێشنیار و بیروڕاکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرێت، وتی: ژنان لە کایە سیاسییەکاندا لە ڕێگەی هاوژینەکانیان یان خێزانەکانیانەوە توانیویانە پێشنیار لە کاری سیاسییدا بکەن، بە نموونە هێرۆ ئیبرائیم ئەحمەد، هاوژینی جەلال تاڵەبانی، بەر لەوەی خۆی بێتە ناو کایە سیاسییەکانی حیزبەکەیانەوە، کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی هاوژینەکەی هەبووە، یان کاریگەری تەواوی لەسەر بڕیارەسیاسییەکانی پارتەکەی هەبووە، هەروەها چەندین ژنی دیکە کاریگەری قوڵیان لەسەر بڕیاردانی پارتەکان و کەسایەتییە سیاسیی و بڕیاربەدەستەکان هەبووە، بەڵام ڕۆڵێکی نەبیندراوبووە، بەڵام کاتێک باسی رۆڵی ژنی کورد دەکەین نابێت ئەو ژنانە لەیادبکەین، هەروەها بەشێکی دیکەی ژنان خۆیان لە بەشە سیاسیی و پارتە سیاسییەکاندا بەشداریان هەبووە، کە بەشێکیان بە پلەبەندی گەیستونەتە ئەو پلەیە و بەشێکی دیکەیان بە خێرای ئەو پوستەیان بەدەستهێناوە، ئەمانە بەشداریان لە پڕۆسەکانی بڕیارداندا هەبووە، لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە کە سیستمی کۆتا هاتە پێشەوە، ژنان لەپێی کۆتا لە پەڕلەماندا وەک کەسانی سیاسیی بەشداریان دەکرد، گفتوگۆ لەسەر شایستەبوون و نەبوونی ناکرێت چەندین ساڵە ژنان بە سیستمی کۆتا دەچنە پەرلەمان، بەشداریکردنیان لە پەرلەماندا لە ڕێگەی سیستمی کۆتا و هەبوونی شایستەی بونیان نییە، گرنگ ئەوەیە ژنانێکی زۆر لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسییدا لە بونیان هەیە.
"پێویستە ژنان خۆیان بن"
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ژن خۆی بێت بە بیرکردنەوەکانی خۆیەوە لە هەر ناوەندێکی بڕیارداندا کاربکات، هەروەها ژنان و پیاوان کاتێک لە کایەکی سیاسییدا کاردەکەن، بۆ بەرژەوەندی سیاسیی بەکاردەهیندرێن، کاتێک لایەنیک دەستی ئەو کەسە دەگرێت یان هانی بۆ چوونە ناو سیاسەت دەدات، دەزانێت هیچ لەو کارە نازانێت، بەڵام چاو دەمی ئەو بەرپرسە یاخوود ئەو لایەنە لە فەرمانگە و سیلکەکانی بڕیاردا دەبێت، ئەو کاتەی دەبرێتە ناوەندی بڕیارەوە ئیدی بۆخۆی هیچ بریارێکی نابێت، ئەگەر کەسانێکی بێ بڕیار و بیرکردنەوە بچنە ناوەندەکانی بڕیارەوە، لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدار و لایەنە سیاسییەکانەوە هڵدەسوڕێندرێن، هەبوونی بریاردەر پێویستی بە هەبوونی بیرکردنەوە هەیە.
پەیمان عیزەدین لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: هەبوونی هۆشیاری و دروستکردنی ئایدۆلۆژیا و فکرێک دەتوانێت بتکاتە خاوەن بڕیار، هەروەها هەبوونی متمانەبوون کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو فکرو زانیاریانەوە هەیە کە ئەو کەسە هەیەتی، ئەگەر خاوەنی هەگبەیەکی فکری و زانستی پڕبیت، کەس ناتوانێت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ناوەندەکانی بڕیاردا گەورەیی بەسەر بڕیاردەرەوە بکات.