"ویترینی" شانۆگەرییەکە ئیرادەی ژنێک بەرجەستە دەکات کە ڕەتیدەکاتەوە دەستبەردار بێت
"ویترینی" چیرۆکی ژنێکە کە سەرپێچی لە هەموو بەربەستەکان دەکات بۆ گەیشتن بە خەونەکەی، هەروەها ئیرادەیەک بەرجەستە دەکات، کە خۆبەدەستەوەدان نازانێت، ئەم بەرهەمە کە نزیکەی دوو ساڵی خایاند بۆ ئامادەکاری، بە شێوەیەکی بەرفراوان ستایشی زۆر کرا.

سانیا مورادی
سنە- شانۆگەرەی "ویترینی" تیشک دەخاتە سەر ژنێک کە سەرپێچی لە هەموو ئاستەنگەکان دەکات، بە بێ ترس و پەشیمانی بە چەقبەستوویی بەرەو پێشەوە دەڕوات، لە ڕێگادا، ڕووبەڕووی هەموو ئەزموونێک دەبێتەوە، تەنانەت خیانەتیش، بەڵام هەرگیز پاشەکشە ناکات و واز ناهێنێت، ژیانی خۆی دەخاتە سەر هێڵ و پێی باشە لەسەر حیسابی ساڵەکانی لە خەونەکەی نزیک بێتەوە، بە بێ خەمی نرخەکەی، لەگەڵ هەر قۆناغێکدا ئالەنگاریەکان زیاتر دەبن، بەڵام ئیرادەی بەهێزتر دەبێت، چونکە ئەوەی پاڵی پێوەدەنێت تەنها ئارەزوو نییە، بەڵکو ئیرادەی ژنێکە کە هەرگیز وازناهێنێت.
لە شانۆگەری "ویترینی"دا، مەهسا نەک وەک قوربانییەک، بەڵکو وەک هێزێکی چالاک کە چارەنووسی خۆی لە قاڵب دەدات، پێشکەش دەکرێت، ئەم شانۆگەرییە لە بەرهەمهێنانی ڕۆهان ڕەزاقی و کۆمەڵێک ئەکتەری لاو ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، کە بریتین لە سارینا تورانی، ناز حوسێنی، ڕەزا فەراقی، ئەرشەم ڕەزای، کەوسەر حسێنی، ساحب یوسفی، هیجا حەیدەری، پارسا شیری، موبین ئەحمەدی، ئیرشاد مینوی، کیهان بۆبانی، پارسا ئەمینی، برەند موعەزەمی، مەهسز ئەسفەندیاری، و ماردین زەمانی.
نمایشەکە لەلایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی بەرفراوانی لێکرا و لەلایەن پسپۆڕانەوە پێداچوونەوەی ئەرێنی لێکرا، بەرهەمی دوو ساڵ کاری دەستەکۆمەڵیە لەلایەن دەرچووانی شانۆ، کە تێکەڵکردنی گاڵتە و ڕاستیە، کە بوکەڵەکان لە هێماکانی شادییەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئاوێنەیەک کە ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی کۆمەڵگەیە، ئازارێک کە جیاوازی لە نێوان تەمەن و ڕەگەزدا ناکات، بەڵام لە نێو ئەم ئازارەدا دەنگێکی بەرخۆدان سەرهەڵدەدات، نەک خۆبەدەستەوەدان، بەڵکو خەبات تا سەرکەوتن.
مەهسا ئەسفەندیاری، ئەو ژنە ئەکتەرەی کە ڕۆڵی مەهسای لە شانۆگەری "ویترینی"دا بینیوە، وتی: تەمەنم ١٩ ساڵە و لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە کاری شانۆ دەکەم، هەر لەسەرەتاوە پرۆڤەی شانۆگەری "ویترینی" لە شێوەی وۆرکشۆپدا بوو، و بە سەرپەرشتی ماردین زەمانی، دەرهێنەر لە نێوان ٢٢بۆ ٢٥ مانگی خایاند، سەرەڕای هەموو ئاڵەنگاریەکان، توانیمان نمایشەکە پێشکەش بکەین، شانازی دەکەم کە بینەرانمان بەو دەوڵەمەندییە سۆزداری و هونەرییە، پشتگیری و متمانەیەکی زۆریان پێ بەخشین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووینەوە، هۆڵی مەشق و شوێنی نمایشمان نەبوو، بەڵام بەهۆی یەکگرتوویی گروپەکەوە کۆڵمان نەدا، لە ١٣ تا ٢٢ی تشرینی یەکەم نمایشەکەمان پێشکەشکرد، پێشوازیی بینەران هاندەر بوو، ئەم خۆشەویستییەیە کە هونەر بە زیندووی دەهێڵێتەوە، هەر بۆیەش شانۆم هەڵبژارد، هیوادارم ئارەزووی خەڵک بۆی زیاد بکات، چونکە ئەوە تاکە هونەرە کە فۆرمێکی هونەرییە، لە ساتەکەدا ڕوودەدات و لەلایەن هەموو کەسێکەوە ئەزموون دەکرێت.
سەبارەت بە شانۆنامەکەش ڕوونیکردەوە، ویترینی ئیلهام لە کارەکتەر و ئەفسانەی ڕۆژهەڵاتی وەک کراولی، پایمۆن، ڕۆینا و ئەوانی دیکە وەرگرتووە، ڕۆڵی ژنێک دەگێڕم کە ڕێگایەکی سەختی هەڵبژاردووە و هەوڵدەدات تا کۆتایی تەواوی بکات، بە هاوکاری هاوڕێکانی، لیلی و لو، هەوڵدەدات خەونەکەی بەدیبهێنێت کە کۆنسێرتێک ئەنجام بدات بە بەکارهێنانی گیتار، بەلایەوە گرنگ نییە چۆن دەگاتە ئەوێ، تەنها بگاتە ئەوێ، سەرەتا نەمتوانی پەیوەندیم بەو کارەکتەرە هەبێت، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە مەهسا تەنها بەدوای خەونە ڕەواکانیدا دەگەڕێت، هیوادارم وەک ئەو مەهسایە بم لە ژیانمدا، کە لەسەر شانۆ وێنام کردووە.