وریشە مورادی: ئەم ڕێگەیە بەردەوامیی ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە

وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لە پەیامێکدا لە زیندانی ئێڤینەوە بەناونیشانی نە دیکتاتۆریەتی دینی، نە سەڵتەنەت، بەڵکوو ژن، ژیان، ئازادی، پشتیوانی خۆی بۆ سەرهەڵدانی گەلان ڕاگەیەند.

ناوەندی هەواڵ

 

وریشە مورادی، زیندانی سیاسیی کورد، لە زیندانی ئێڤینی ڕژێمی ئێرانەوە، بە پەیامێک پشتیوانی خۆی بۆ  خۆپیشاندەرانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نیشان دا.

 

دەقی پەیامەکەی وریشە مورادی بەم شێوەیەیە:

“ئەم ڕێگەیە بەردەوامیی ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی "ژن، ژیان، ئازادی’ـیە، وەرچەرخانێک کە تێیدا کۆمەڵگە هەم دیکتاتۆریی ئایینی و هەم پاشایەتیی لە دوای خۆی جێهێشت، ژنان نەک وەک هێمایەک، بەڵکو وەک هێزێک کە دژی سیستمی باوکسالاری و دەسەڵاتخوازیی هەردوو جۆرە حوکمڕانییەکە ڕادەوەستن، پێشەنگی ئەم تێکۆشانەن.

 

ئەم وشانە لە پشت دیوارەکان و لە تەنیشت ئەو ژوورانەوە نووسراون کە دەنگیان بە لەسێدارەدان و ستەمەوە بەستراوەتەوە، ڕژێم پێی وایە جەستەکانی زیندانی کردووە، دەنگەکانی کپ کردووە و ئیرادەی گەلی شکاندووە؛ بەڵام مێژوو بەردەوام نیشانیداوە، کە نە دیوار نە دەرگا، نە کۆت و نە پەتی سێدارە ناتوانن ئاگری بەرگری خامۆش بکەن، خۆپیشاندانەکانی شارە جیاوازەکانی ئێران و بەتایبەتی ئیلام و کرماشان، بەرهەمی داڕمانێکی پێکهاتەیی و ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیستمێکە، کە ژیان و کەرامەتی گەل بە تۆپ، چەک، گرتن و لەسێدارەدان بە بارمتە دەگرێت، کۆمەڵکوژیی دژی خەڵک لە مەلەکشاهی نیشانەیەکی ڕوونی دڵڕەقی و بێئومێدیی ئەم سیستمەیە و ئەمەش بەڵگەیەکی ئاشکرایە، کە ستەم و خوێنڕشتن نە ڕەوایی و نە سەقامگیری بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو بەرگری و ئیرادەی بەکۆمەڵ سەرلەنوێ بونیات دەنێتەوە.

 

ئەم ڕێگەیە بەردەوامیی ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’یە، وەرچەرخانێک کە تێیدا کۆمەڵگە هەم دیکتاتۆریی ئایینی و هەم پاشایەتیی لە دوای خۆی جێهێشت، ژنان نەک وەک هێمایەک، بەڵکو وەک هێزێک کە دژی سیستمی باوکسالاری و دەسەڵاتخوازیی هەردوو جۆرە حوکمڕانییەکە ڕادەوەستن، پێشەنگی ئەم تێکۆشانەن، ئامادەیی ژنان لە مەیدانەکاندا نەک تەنیا هاوسەنگیی هێز تێکدەدات، بەڵکو لە هەمان کاتدا نیشانی دەدات کە ئازادی لە ناو دڵی کۆمەڵگەدایە و هیچ دیکتاتۆر، یان شا، یان سیستمێکی کۆنەپەرست ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت یان کۆنتڕۆڵی بکات.

 

گەلی کوردستان لە وێستگە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا بەردەوام سەلماندوویەتی، کە بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و یادەوەرییەکی زیندووی تێکۆشان، دەتوانن بێ گەڕانەوە بۆ هەر ناوەندێکی هێز، لە هەموو کایەکاندا جێگەی خۆیان بگرن، تێکۆشان لە کوردستان بەرهەمی ئیرادەی بەکۆمەڵ، ئەزموونی مێژوویی بەرگری و تۆڕە زیندووەکانی کۆمەڵگەیە؛ ئەمە تێکۆشانێکە کە ئازادی نەک وەک بەڵێنێک، بەڵکو وەک کردارێک دەبینێت، ئەم جوگرافیایە نیشانیداوە، کە مێژوو بە فەرمان، پەیام یان نۆستالژیای پاشایەتی نانووسرێتەوە، بەڵکو بە پراکتیک، بەرگری و قوربانیدان دەنووسرێتەوە.

 

ئەمڕۆ باسەکە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و گەڕانەوە بۆ تاج و تەخت نییە، هەروەها بەرهەمهێنانەوەی سیستمی ئیسلامیش نییە، پرسەکە گۆڕانکارییەکی مێژووییە لە هەردوو جۆرە دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکە، ڕێبەرایەتیی ئەم ڕێگەیە نە لە دەستی پاشاکانی دوێنێدایە و نە لە دەستی حوکمڕانانی ئەمڕۆ؛ بەڵکو لە دەستی گەلدایە، ئێمە باوەڕمان بە کۆمەڵگەیەکی بڕیاردەر، خاوەن ئیرادە، دیموکرات و فرەچەشن هەیە، کە هەموو گەلان ناسنامە نەتەوەییەکان و ئایینەکان لەخۆ بگرێت.

 

ئازادی ڕێک لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدایە و هیچ زیندانێک، هیچ لەسێدارەدانێک، هیچ ستەمێک و هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم ڕێڕەوە مێژووییە ڕابگرێت".