ڕێواز فایەق: پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراقدا له‌ بارێكى چه‌قبه‌ستوودایه‌

د.ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە جیهان و ناوچه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م چه‌ندین ئاڵنگاریى گه‌وره‌دان، پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراقدا له‌ بارێكى چه‌قبه‌ستوودایه‌ و پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌تى ئیتیحادى دواكه‌وتووه‌، دەڵێت: "ئومێده‌وارین له‌به‌ر ڕِۆشنایی لێكتێگه‌یشتنى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌رچى زووه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن". ناوەندی هەواڵ

د.ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە جیهان و ناوچه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م چه‌ندین ئاڵنگاریى گه‌وره‌دان، پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراقدا له‌ بارێكى چه‌قبه‌ستوودایه‌ و پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌تى ئیتیحادى دواكه‌وتووه‌، دەڵێت: "ئومێده‌وارین له‌به‌ر ڕِۆشنایی لێكتێگه‌یشتنى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌رچى زووه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن".

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١ی ئادار دانیشتنی كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا د. رێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان وتەیەکی پێشكه‌ش كرد و وتی: "ده‌سپێكى ئه‌م وه‌زرەی پەرلەمان‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و عێراق و كوردستان به‌ تایبه‌تى به‌ قۆناغێكى هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕن، جیهان و ناوچه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م چه‌ندین ئاڵنگاریى گه‌وره‌دان، پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراقدا له‌ بارێكى چه‌قبه‌ستوودایه‌ و پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌تى ئیتیحادى دواكه‌وتووه‌ و ئومێده‌وارین له‌به‌ر ڕِۆشنایی لێكتێگه‌یشتنى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌رچى زووه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانى عێراق بكه‌ونه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ى كارى خۆیان".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە خواستى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و دۆسییه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كارى ئه‌و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ بن كه‌ براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ن.


هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا د.ڕێواز فایەق باسی له‌ بڕیارى دادگاى فیدڕاڵیی عێراق سه‌باره‌ت به‌ دۆسییه‌ى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان كرد و وتی: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان پێمان وایه‌ ئه‌م بڕِیاره‌ پێچه‌وانه‌ى ڕۆحى ده‌ستوورى عێراق و بنه‌ماكانى سیسته‌مى فیدڕاڵییه‌ كه‌ هه‌موو هێز و پێكهاته‌كانى عێراق له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا له‌سه‌رى ڕێككه‌وتبووین، هه‌ر بۆیه‌ په‌رله‌مانى كوردستان وێڕاى مكوڕبوونى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریی هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌مان كاتدا پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان و جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى كه‌ به‌پێى ده‌ستوورى عێراق به‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دراوه‌".

 

 هه‌روه‌ها پشتیوانیى سیاسیى په‌رله‌مانی بۆ بژارده‌ى گفتوگۆى بنیادنه‌رانه‌ له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم و حكوومه‌تى ئیتیحادى به‌ ئاراسته‌ى چاره‌سه‌رى لۆژیكى و واقیعى گشت كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌به‌ر ڕۆشنایی ده‌ستوور ده‌ربڕی، له‌ نێویشیاندا دۆسییه‌ى نه‌وت و غاز.

 

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولی شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستانیش وتی: "سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كانى ئه‌م په‌رله‌مانه‌ هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ى یاسایی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و پڕۆسه‌ى دیموكراسى له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕێڕه‌وى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى وه‌ربگرێت، بۆیه‌ ئه‌ركی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ كه‌ كارى لێبڕاوانه‌ بۆ ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ كاتى خۆیدا بكات، له‌ ڕێی نه‌هێشتن و چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی ده‌بنه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌كه‌ و به‌ دیاریكراوى ئاسته‌نگه‌ یاسایی و ته‌كنیكییه‌كان".