ڕوانگەی سووری: لە مانگی ئاداردا ٣٤ ڕووداوی تاوانکاری لە شارەکانی سووریا بەڵگەدار کردووە
بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، چەند شارێکی سووریا لە ماوەی مانگی ئاداردا زیادبوونی بەرچاوی تاوانی تۆمارکردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی بازنەی توندوتیژی و پەرەسەندنی مەترسییەکانە.
ناوەندی هەواڵ
لە ماوەی مانگی ئاداردا ڕێژەی تاوانەکان لە سەرانسەری شارەکانی سووریادا بەرزبووەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی سستی دۆخی ئەمنی و کەمبوونەوەی توانای دەسەڵاتدارانە بۆ پاراستنی ڕێکوپێکی لە چەند بوارێکدا.
گەشەسەندنی جوگرافیای ئەم تاوانانە و فرەچەشنی زیانبەرکەوتووان، لەوانەش ژنان و منداڵان، جەخت لەسەر فراوانبوونی بازنەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی هەڕەشەکان بۆ سەر پارێزراوی مەدەنییەکان لە سووریا دەکەنەوە، ئەم نیشاندەرانە تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلەی ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و بەرزڕاگرتنی سەروەری یاسا، بەمەش بەشداری دەکات لە کەمکردنەوەی تاوان و پاراستنی دانیشتووان و ڕێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی مانگی ئاداردا ٣٤ ڕووداوی تاوانکاری لە شارە جیاوازەکانی سووریا بەڵگەدار کردووە، لە ئەنجامدا ٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٥ منداڵ و ٣ ژنیان تێدایە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانەکانە لە ناوچە جیاواز٣کانی وڵات.
بەپێی بەڵگەنامەکان، ژمارەی تاوانەکان و زیانبەرکەوتووان لە سەرانسەری شارەکاندا جیاواز بووە، زۆرترین ژمارەی زیانبەرکەوتووان لە حەلەب تۆمارکراوە، دواتر دێرەزور و ئیدلب، لەگەڵ ڕووداوە پچڕپچڕەکانی گوندەکانی دیمەشق، حەما، حومس، ڕەققە، دیمەشق، حەسەکە، لازقیە و دەرعا.
ئەم نیشاندەرانە ڕەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی تاوانەکانە لە چەند شارێکی سووریا، کە تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاستەنگە ئەمنییە بەردەوامانەی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان دەبنەوە، هەروەها ئەم پێشهاتانە جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی هەوڵەکان دەکەن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و چالاککردنی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و بەرزڕاگرتنی سەروەری یاسا، بەمەش پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و سنووردارکردنی سەرهەڵدانی چالاکییە تاوانکارییەکانە لە وڵاتەکەدا.