ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە عەفرین بۆ گەڕاندنەوەی موڵکی مەدەنییەکان داوای سەرانە دەکرێت

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە عەفرین ئەو مەدەنییانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانی خۆیان، ڕووبەڕووی هەڕەشە، باجگیرانی دارایی و ئاستەنگ دەبنەوە. SOHR بۆ سزادانی بەرپرسان داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی کرد

ناوەندی هەواڵ

 ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژ بە دانیشتووانی ناوچەکە لە عەفرینی سووریا بەبەڵگە دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت ماڵ یان موڵکە کۆنەکانیان بگەڕێننەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و باجگیرانی دارایی دەبنەوە. باسی ئەوە دەکرێت کە ئەندامانی پێشووی گرووپە چەکدارەکان بە شێوازێکی سیستماتیک زەخت دەخەنە سەر دانیشتووانی ناوچەکە و بۆ ڕادەستکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانیان داوای پارە دەکەن.

 

بۆ گەڕاندنەوەی ماڵێک داوای هەزار و ٧٥٠ دۆلاریان کردووە

بەپێی ئەو دان پێدادانانەی دەست ڕوانگەکە کەوتوون، هاوڵاتییەک بۆ وەرگرتنەوەی ماڵەکەی خۆی ناچار بووە هەزار و ٧٥٠ دۆلار بدات. جگە لەوەش، بە هەمان کەس وتراوە کە دەبێت هەشت  هەزار لیرەی تورکی بۆ ئەندامەکانی کۆبووەکانی ئاو لە ساڵی ٢٠١٨وە، هەروەها ٥٠ دۆلاریش بۆ تانکەرێکی ئاو بدات. سەرباری وەگرتنی ئەم پارانەش، ماڵەکە بە چۆڵی و تاڵانکراوی ڕادەست کراوەتەوە. ئاماژە بەوەش دراوە کە برای هەمان کەس لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا ناچار بووە هەزار و ٦٥٠ دۆلار بدات؛ ئەم ڕەوشەش نیشانی دەدات کە باجگیرانیی دارایی بووەتە کارێکی دووبارەبووەوە.

 

ئەگەر پارە نەدەن ماڵەکە دەسووتێنین

لە ڕووداوێکی تردا لە گوندی بافلور، هاووڵاتییەکی کورد ڕووبەڕووی زەختی ئەندامێکی پێشووی گرووپی حەمزات بووەوە. ئەم کەسە بۆ چۆڵکردنی ماڵەکە داوای هەزار و ٣٠٠ دۆلاری کردووە و بە ڕاستەوخۆ هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر پارەکەی نەدرێتێ، ماڵەکە دەڕووخێنێت یان دەیسووتێنێت. بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگە، ناوەندی ئاسایشی گشتی لە جندرێس سکاڵای هاووڵاتییەکەی قبووڵ نەکردووە؛ بەم هۆیەوە هاووڵاتییەکە ناچار بووە پارە داواکراوەکە بدات. هەروەها بەرلەوەی ئەو کەسە لە ماڵەکە دەربچێت، وایەرەکانی کارەبای ماڵەکەی تێکداوە و هەندێک کەلوپەلی ناوماڵەکەشی دزیوە.

 

هەڕەشەی زیندانیکردن لەسەر خاوەن دوکانەکان

دانیشتووانی ناوچەکە سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی کە داواکردنی گەڕاندنەوەی ماڵ یان شوێنی کار، زۆرجار بە تۆمەتی هەڵبەستراو و هەڕەشە کۆتایی دێت. لە عەفرین خاوەن دوکانێک ڕوونی کردەوە کە تهدیدی لێ کراوە؛ بۆ ئەوەی دەست لە داواکاریی گەڕاندنەوەی دوکانەکەی هەڵبگرێت، تهدیدی پێنج ساڵ زیندانیکردنی لێ کراوە.

 

داواکاریی SOHR بۆ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەسەر ئەم پێشێلکارییانە دەست پێ بکارێت، کەسانی بەرپرس دادگایی بكرێن و مەرجێک بێتنە ئاراوە کە دانیشتووانی ناوچەکە بتوانن بێ زۆرداری و هەڕەشە موڵکەکانی خۆیان بگەڕێننەوە. ڕێکخراوەکە جەختی کردەوە کە بۆ پاراستنی موڵکی تایبەت و مسۆگەرکردنی مافەکانی دانیشتووانی ناوچەکە، پێویستییەکی بەپەلە بە دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە.