دیبەیتی “عەفرین لە نێوان داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو

دیبەیتی عەفرین لە شەشەمین ساڵەی داگیرکردنی عەفریندا لە شاری سلێمانی ڕێکخرا و ئاماژە بە داگیرکاری و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا، خرایەڕوو کە گەل ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەو بەرخۆدانییەی بۆ ئازادکردنی شارەکە بەڕێوە دەچێت.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، لە شەشەمین ساڵەی دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، دیبەیتی عەفرین بە ناونیشانی “عەفرین لە نێوان داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان“ لەلایەن نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان و بە هاوبەشی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.

 

سەرەتای دیبەیتەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پيکرد، دواتر سینەفزیۆنێک لەبارەی عەفرین و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا و پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەش کرا.

 

لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا، بەکر عەلۆ، هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین-شەهبا، سڵاوی لە گەل و کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان کرد بۆ سازکردنی دیبەیتەکە و ڕایگەیاند، دۆزی ئێمەی کوردان و چارەسەرییەکانمان یەکە، هەر چالاکی و هەوڵێک لە شەشەمین ساڵیادی هێرشی سەر عەفرین لە هەر شوێنێک نیشانەی یەکبوونی ئێمەیە، گەلی عەفرینمان لە باشوورن و ئێمە ناڵێین کە کۆچبەرن، بەڵکو ئەوان لەناو خەڵک و خاکی خۆماندان، ئەم دیبەیتەش بەو دروشمە گرێدان و پاشەڕۆژێکە بۆ چارەسەر لە داهاتوودا و گەلی عەفرینیش بەم دیبەیتە دڵخۆشن.

 

لە درێژەی دیبەیتەکەدا پانێڵێک لەلایەن زەهیە ئەلڕاشی، ئەندامی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان، جەزا ئەحمەد فارس، مامۆستای زانکۆ پێشکەشکرا.

 

“بە تاوان دەیانەوێت داگیرکاری درێژە پێبدەن”

زەهیە ئەلڕاشی، ئەندامی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، باسی لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین کرد و وتی: شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕی کە تاوانی تیادا ئەنجام دەدرێت، عەفرین کە بە باخە زەیتوونەکانی و ناسنامە کوردییەکەی ناسرابوو ، ئێستا بە تورکی ناسراوە و لێی دەنوسرێت، داگیرکاری و گۆڕانکاری لەسەر عەفرین بە پیلان بەڕێوە دەچێت، چونکە شارەکە ستراتیژییە، گۆڕانکارییەکانیش کوشتنی بە مەبەستی کەسانی مەدەنییە، تا شارەکە چۆڵ بکەن، تا ئێستاش ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی تیرۆر کراون، فشار خستنە سەر هاوڵاتیان و داگیرکردنی خاک و مەڕ و ماڵات و ماڵەکانیانە و وەرگرتنی باج لە هاوڵاتیان بۆ

زەیتوون و زەیت و ئاژەڵەکانیان لەلایەن چەتەکانەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ مەبەستی دەرکردنی خەڵک، هەروەها خەڵک بە زۆر کۆچبەر دەکرێن، ڕفاندن، ئەشکەنجە، توندوتیژی و دەستدرێژی سەر ژنان ئەنجام دەدرێت و ٩٨ ژن کوژراون، زیندانی و گۆڕینی ناوی شوێنەکان و چەندین کردەوەی دیکە لە دژی خەڵک ئەنجام دەدرێت و هەموو ئەمەش بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە لە کوردییەوە بۆ تورکی.

 

پانێڵەکە بە پێشکەشکردنی میکانیزمی بەرەوڕوو بوونەوەی پرۆسە داگیرکارییەکان و گرنگی داگیرکردنی عەفرین لە تراتیژییەتی تورکیادا بەردەوام بوو و بە گفتوگۆ لەلایەن بەشداربووانەوە کۆتایی هات.

 

جێی ئاماژەیە، عەفرین شارێکی ستراتیژی و خاکێکی دەوڵەمەندی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی هێرشی داگیرکاری کرایەسەر و دوای ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان ، لە ١٨ی ئاداری هەمان ساڵ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شارەکە داگیرکرا و لەو ڕۆژەوە بە هەزاران کەس ئاوارەبوون و تیرۆر و کوژران و سەدان ژن ڕفێندران، دەستدرێژیان کرایەسەر و بێسەروشوێن کران.