کۆمەڵەی پزیشکی ناسر ڕووبەڕووی کارەساتی مرۆیی و پزیشکی دەبێتەوە

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی هێرشی زەمینی بۆ ناو شاری ڕەفە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کە زۆربەیان ئاوارە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ٣٥٧ هێرش بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی ٦٤٥ کەس، برینداربوونی ٨١٨ کەس، دەستگیرکردنی ٩٩ کارمەندی پزیشکی و تێکشکاندنی ١٢٣ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.

 

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماوەی ١٢٧ ڕۆژ بەرزبووەوە بۆ ٢٧ هەزارو ٩٤٧ کەس لەنێویاندا ١١هەزار منداڵ هەیە و ٦٧ هەزار و ٤٥٩ کەسیش برینداربوون، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، چارەکێک لە دانیشتوانی غەزە بەهۆی برسێتییەوە دەناڵێنن.

 

کۆمەڵەی پزیشکی ناسر لە خان یونس ڕووبەڕووی کارەساتی تەندروستی و مرۆیی دەبێتەوە، لەگەڵ گەمارۆدان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کە هەڕەشە لە ژیانی سەدان کەس دەکات هەروەها کەمی دەرمانی بێهۆشکەر و پێداویستی پزیشکی کارەساتێکی دیکەیە.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردنێکی زۆر لەناو کۆمەڵەی پزیشکی ناسر کەسێک کوژراوەو ژیانی ٣٠٠ کارمەندی تەندروستی و ٤٥٠ نەخۆش و بریندار و ١٠ هەزار ئاوارەی ناو کۆمەڵەکە لە مەترسیدایە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە لە گەمارۆدانی کۆمەڵەی پزیشکی ناسر لە شاری خان یونس و گەیشتە دەروازەی باکووری وڵاتەکە، لە هەمان کاتدا ٢٥ کەس گیانیان لەدەستدا لە بۆردومانکردنی ماڵەکان لە ناوەند و باکووری ڕەفە لە باشووری کەرتی غەززە.

 

داواکاری بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشەکانی ئیسرائیل

ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەزووترین کات کاربکەن بۆ ڕێگەگرتن لە بەردەوامبوونی جینۆساید دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە و وتیشی: ئیسرائیل داگیرکارییەکی زەمینی لە شاری ڕەفەدا ئەنجامداوە، پەنابەرەکان بەرەو کوێ دەڕۆن؟ چونکە ئەم داگیرکارییە ژیانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارە دەخاتە مەترسییەوە.

 

ژمارەی دانیشتوانی شاری ڕەفە کە سنووری میسرە نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەس بوون پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و ئێستا گەیشتووەتە ١.٤ ملیۆن کەس بەهۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە بۆ ڕزگاربوون لە بۆردومانە بەردەوامەکان، هەروەها ئاوارەکان بەهۆی نەبوونی دەستگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە چادر و پەناگەکاندا دەخەون.