تەژەئا داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف لە ڕووداوەکانی کۆبانێ دەکات

تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆبانێ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تەژەئا سەرنجی بۆ بەئامانجکردنی پێکەوە ژیانی گەلی کورد و عەرەب ڕاکێشا و داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ڕوون دەکات.

ئامەد

 

تەژەئا ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆبانێ بڵاوکردەوە، کە بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٧ کەسیش برینداربوون، تەژەئا خوازیاری بەدواداچوونێکی سەربەخۆ و ڕوون بوو لە ڕووداوەکان و خوازیاری ڕێگریکردن لە دوژمنایەتی نێوان گەلی کورد و عەرەب بوو.

 

ڕاگەیاندراوی تەژەئا سەرەتا سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری هاوڵاتیان و تەواوی گەلی کۆبانێ دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، کە بە کوشتنی سیپان حوزنی دەستیان پێکردووە و وتی: ئەو پێکهاتانەی کە بە کوشتنی سیپان حوزنی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد و بە گیانلەدەستدانی نۆ کەس لە زیندانی کۆبانێ پەرەی سەند، مەترسییەکی جیدی بۆ سەر گەلەکەمانن.

 

سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو هاوڵاتیانەمان دەکەین کە گیانیان لەدەستداوە و بۆ هەموو گەلەکەمان، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، هاوکات هاوخەمی خۆمان بۆ گەلی کۆبانێ دەردەبڕین، ئەم پێکهاتانە کە هەستیارییە کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد و عەرەب دەکەنە ئامانج، نابێت ڕێگە بدرێت ببنە هۆکاری ململانێ کە گەلان دژی یەکتر بکاتەوە

 

”پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەکان بکرێت”

 

تەژەئا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی ڕوویدا، ناتوانرێت سەربەخۆ لە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن هەڵسەنگێندرێت کە لە سووریادا بەڕێوەدەچێت، نزیکبوونەوەکان بەرامبەر بە زمان و مافی ناسنامەی گەلی کورد، کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووداوە وروژێنەرەکان دواتر نیشانیان دا، هێزێک هەن کە دەیانەوێت بە بەکارهێنانی هەستیارییەکانی گەل تێکبدەن لە پرۆسەکەدا.

 

پێویستە لەو چوارچێوەیەدا، بەدواداچوون بۆ کوشتنی شەهید سیپان حوزنی و ڕووداوەکانی کۆبانێ بکرێت و هەموو بەرپرسان بدرێنە دادگا، حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سەر بە خۆی بەردەوامن لە سیاسەتی چەوساندنەوە و توندوتیژی دژ بە گەل، ئەمەش دەبێت کۆتایی بێت، بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ڕوون لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان بکرێت،  سەرکوتکردنی کێشەکان بە شێوازە ئەمنییەکان تەنها گرژییەکان قووڵتر دەکاتەوە.

 

”پێکەوە ژیانی ئازاد دەکرێتە ئامانج”

 

توژەئا لە ڕاگەیاندراوەکەیدا داوای لە خێڵە عەرەبەکان کرد کە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر کردەوەی وروژێنەردا هەڵبگرن و وتی: وەک تەژەئا، داوا لە خێڵە عەرەبەکان و ڕای گشتی و هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە دەکەین، کردەوەی بەرپرسیارانە لە دژی ورژان و دوژمنایەتی نێوان گەلان ڕێگە نەدرێت سەرهەڵبدات، ململانێی کورد و عەرەب لە بەرژەوەندی هیچ گەلێک نییە، هەر هەوڵێک کە ئیرادەی گەلان بۆ پێکەوە ژیان بکاتە ئامانج، داهاتووی دیموکراتی سووریاش دەکاتە ئامانج.

 

”پاراستنی هەرێم بەرپرسیارێتی هەمووانە”

 

تەژەئا ئاماژەی بەوەشکرد، کە زۆر گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە دیموکراتیکەکان و پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە سووریا و هەموو ئەو ئەکتەرانەی کە شوێنپێی پێکهاتەکانی ناوچەکە دەگرن لە بەرامبەر ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن بێدەنگ نەبن، لە کۆتایی بە ڕاگەیاندراوەکە هێنا بەم قسانە: ڕێگریکردن لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا لە گۆڕان بۆ ململانێیەکی نوێی نێوان نەتەوەکان، پاراستنی ئەو زەمینە دیموکراتییەی کە تێیدا مافی یەکسانی کورد و عەرەب و هەموو گەلانی ناوچەکە مسۆگەرە، ئەرکی هەموو لایەکە، داهاتووی کوردستانی ڕۆژئاوا و سووریا لەسەر ململانێی نێوان گەلان بونیاد نابێت، بەڵکو لەسەر یەکسانی، دادپەروەری، دیموکراتی و پێکەوەژیان.