تەژەئا: بەرخۆدانی ژنان پیلانگێڕی پووچەڵ کردەوە
تەژەئا لە ٢٧هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ـی شوباتەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، بەرخۆدانی ژنان پیلانگێڕییەکەی پووچەڵ کردەوە.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەژەئا:
"لە ژێر ڕۆشنایی پێشکەوتنە گرنگەکاندا، پێشوازی لە ٢٨ـهەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ـی شوبات دژی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین، ئەو پیلانگێڕییەی کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانی ڕێچکەی مێژوو بوو بە تاریکی. ئەم ڕۆژە تاریکە، کە سەردەستان هەوڵیاندا بیگۆڕن بۆ ڕۆژێکی قڕکردنی کورد، بەو پیلانگێڕییانە درێژەیان پێدا کە قڕکردنیان لە کۆمەڵکوژییەکانی شێخ سەعیدەوە تاوەکو ئەمڕۆ قووڵتر کردووەتەوە. ١٥ـی شوبات بە هێرشەکانی قڕکردن بۆ سەر ڕۆژئاوا پێشوازی لێدەکەین، کە نوێنەری تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و شۆڕشی ژنانە.
بەم هێرشانە، زیهنییەتی فاشیستی قڕکەر، بە کارەکتەری پیاوسالاری خۆی لە سەرووی هەمووانەوە هێڵی بەرخۆدانی ژنانمانی کردە ئامانج، بە شێوەیەکی دژ بە ئەخلاق، هێرشی کردە سەر تەرمی ئەو ژنانەی کە دژی داعش فیداییانە بەرگرییان کرد. ئەو هێزانەی باوەڕیان وابوو لە ڕێی ئەم هێرشانەوە دەگەنە ئامانجی پیلانگێڕییەکەیان، ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی کۆمەڵایەتی بوونەوە کە لە مێژوودا تۆمارکرا؛ بەرخۆدانی سەدان هەزار ژن کە ئەو قژە بڕاوەیان لە ئامێزگرت کە کردیانە ئامانج، لە سەرانسەری جیهان بڵاوبووەوە و پیلانگێڕی جارێکی تر پووچەڵکرایەوە.
ڕێچکەی مێژوو لەلایەن هێزە پیلانگێڕەکانەوە نا، بەڵکوو بە تێکۆشانی بێ وچانی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان گۆڕا. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە تێکۆشانی ٢٧ساڵەی ئەو دەستکەوتانەی ئافراند کە ژنان و گەلانی جیهان لێی سوودمەند دەبن. ئەم دەستکەوتانە بە دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک، زانستی ژنۆلۆژی و ڕزگاریی ژنان و لەسەر بنەمای ئافراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیاتنراون؛ و تێکۆشانی ٥٢ ساڵە بە مانیفێستۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک گەیشتووەتە ئەنجام.
لە بەرانبەر ڕاستیی ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەدا کە لەلایەن ناتۆ-گلادیۆوە رێکخرابوو، مەترسیی درێژخایەن و وێرانکەری جەنگی جیهانیی سێیەم، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ـدا هەنگاوێکی مێژوویی نا؛ بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هێزی خۆی بۆ پێشکەشکردنی چارەسەرییەک دژی شەڕ نیشاندا. بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هیوای دایە تەواوی جیهان و لەلایەن پارێزەرانی ئازادی، بە تایبەت ژنانەوە، بە شێوەیەکی بەهێز پێشوازی لێ کرا. ئێمە بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕین کە لە بەرانبەر پێداگریی هێزە پاوانخوازەکان لەسەر شەڕێک لەسەر بنەمای لەناوبردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان-ئەو تێکۆشانەی لەلایەن ژنان و گەلانەوە-بەرهەمهێنەرانی بنەماکانی ئەم بەهایانە-لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پەرەی پێ دەدرێت، یەکلاکەرەوەیە. ئەو زیهنییەتە قڕکەرەی کە پێداگری لەسەر ئەم پیلانگێڕییە دەکات، لە کەسایەتیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا ئازادیی تەواوی کۆمەڵگە، بە تایبەتی هی ژنانی کردە ئامانج. کاتێک ڕاستیی ئەم پیلانگێڕییە پووچەڵکراوەیەمان بۆ دەردەکەوێت، ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە مانای ئازادیی ژنان و ئازادیی کۆمەڵگە دێت.
ئێمە وەکو تەڤگەری ژنانی ئازاد ڕایدەگەیەنین کە تێکۆشانمان بەرفراوان دەکەین و پیلانگێڕییەکە بە تەواوی شکست پێ دەهێنین، لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپەی کە ببێتە ساڵێک کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بگاتە ئازادیی جەستەیی. ئێمە چیمان لەدەست بێت بۆ ئەم ئازادییە دەیکەین. ١٥ـی شوبات کە گوزارشتە لەسەر پێداگریی قڕکردن، شەرمەزاردەکەین؛ بە بڕیارداریی خۆمان لەسەر گۆڕینی ئەم ڕۆژە بۆ ڕۆژی تێکۆشان و ئازادی جەخت دەکەینەوە لە یەکگرتن لە دەوری ڕووناکیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان. بمرێ پیلانگێڕیی ١٥ـی شوبات!".