تۆڕی هەشتی مارس لە ڕێگەی کۆبوونەوەیەکەوە ئامارەکانی کوشتنی ژنان و ڕێگە چارەسەریەکانی خستەڕوو

لە لایەن تۆڕی هەشتی مارسەوە بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کوشتنی ژنان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە کارگەی کولتووری لە سلێمانی، لە لایەن تۆڕی هەشتی مارس، بە ئامادەبوونی ژنان و چالاکەوانی ژنان و  هونەرمەندان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کوشتنی ژنان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان، دانانی ڕێکارەکان بۆ هەشتی ئادار و ڕێکخستنی چالاکییەکان ڕێکخرا، تێیدا زیاتر لە ٥۸ چالاکەوان و هونەرمەند بەشداربوون تا بتوانن بیروبۆچوونەکانیان بۆ ڕێکارە چارەسەرییەکانی کوشتنی ژنان و دانانی ڕێکارەکان بۆ هەشتی ئادار خستەڕوو، تێیدا ژنانی ڕۆژئاوایان وەک نموونەی بەرخۆدان هێنایەوە.

 

چالاکوانان و هونەرمەندان پێکەوە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانیان وەک سیمبوولی بەرخۆدانی و پێکەوەیی نیشاندا و ئاماژەیان بە پێکەویانکرد بۆیە دەیانەوێت هاوشێوەی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستانیشدا ژنان یەکدەنگ و یەک هەڵوێستبن تا توندوتیژی وکوشتنی ژنان نەمێنێت، هەروەها جەختیان لە چالاکیەکانی هەشتی ئادار دەکردەوە کە دەنگی ناڕەزایەتییەکانیان بگاتە هەموو جیهان. 

 

بەهار مونزیر، ئەندامی تۆڕی هەشتی مارس ئاماژەی بە چالاکییەکانی هەشتی مارس کردو وتی: چالاکییەکانمان لە هەشتی ئاداردا چڕ دەکەینەوە، جیاواز لە چالاکییەکانی دیکە هەوڵ دەدەین ژنان زیاتر بەردەوامی بە وەرگرتنی مافەکانیان بکەن، لەڕێگەی درێژترین کەزییەوە دەست بە چالاکییەکەی هەشتی ئادار دەکەین، لە ڕۆژی هەشتی مارسدا چالاکییەکانمان هنەرمەندان و چالاکوانان و تەواوی لایەنەکانی تێدایە، هەوڵدەدەین دەنگدانەوەی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت. 

 

شەدە بەشیر، ئەندامی تۆڕی هەشتی مارس وتی: ئامارێک لە لایەن تۆڕی هەشتی مارسەوە بۆ ۲٥ی تشرینی دووەم، ئامارەکانمان کۆدەکردەوە، بەڵام لەسەرەتای ساڵی ۲٠۲٥ تا ۲٥ی تشرینی دووەم ٥۳ ژن کوژراون، لە ڕێگەی لایەنەپەیوەندیدارەکانەوە ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەردەوام لە زیادبوندایە، بۆیە ئەمڕۆ کار لەسەر کەمکردنەوەی کوشتنەکانی ژنان دەکەین. 

 

" بەدواداچوون ب کەیسەکانی کوشتنی ژنان بکرێت"
سۆنیا ئەحمەد، ئەندامی تۆڕی هەشتی مارس، وتی: لەم کۆبوونەوەیەدا ئاماژەمان بە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان دەکەین، باس لە ئامارەکانی ساڵێک و دووبارەبوونەوەی لە ساڵی نوێدا دەکەین، ئامارەکان تابێت ڕوولە زیادبوون دەکات، کە جێگەی نیگەرانییە، بۆیە ئەم کۆبوونەوەیەمان ڕێکخست تا بتوانی کێشەکان و چارەسەرییەکان شرۆڤەبکەین. 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: بەدواداچوون بۆ کوشتنەکان دەکەین، وەک ژنێک و چالاکوان بەپێویستمان زانی ئەم چالاکییە ئەنجام بدەین، ئامانجمان کەمکردنەوەی ئامارەکان و هۆشیارکردنەوەی تاکی کۆمەڵگەیە بەتایبەت پیاوان تا بتوانین کوشتنی ژنان ئیدی کەمببێتەوە. 

 

" لە ڕێگەی کۆبونەوە و دەنگهەڵبڕینی ژنانەوە فشار بۆ دەسەڵات دروست دەکەین" 
شەدە بەشیر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەردی تۆڕی هەشتی مارس، وتی: ئەم کۆبونەوەیە بۆ دەرخستنی تەواوی ئەو تاوان و کوشتنانەیە کە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت. لە ئەنجامدا هیچ لایەن و دەسەڵات گرنگی بە کەیسەکانی کوشتن نادات، بۆی ئێمە وەک تۆڕی هەشتی مارس ئامارەکان و ڕێکارە چارەسەریەکان دەخەینەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا زۆرێک لە چالاکوانان و هونەرمەندان بەشداریان تێداکردووە، تا بتوانین فشار بۆ دەسەڵات و لاینەکان دروستبکەین تا کار لەسەر کوشتنەکانی ژنان بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە کۆبونەوەکەدا دەمانەوێت بگەینە ئامانجێک کە سەرجەم هونەرمەندو ژنانی چالاکوان و ئەو کەسانەی بەشداریان تێداکردووە، ڕێگە چارەسەری بۆ کەیسەکانی کوشتن بگرینەبەر، تا کوشتنەکانی ژنان و توندتیژییەکان ڕوو لە کەمی بکات.