تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی سی پی جەی دەربارەی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسەکە نەداوەتەوە
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان "سی پی جەی" دەربارەی هێرشە درۆنییەکەی نزیک سەیدسادق و گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووس دەڵێت: تورکیا دەربارەی هێرشەکە وەڵامی پرسیارەکانی نەداوینەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە بڵاوکراوەیەکدا کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان "سی پی جەی" ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی لە شاری سلێمانی هێرشکی درۆنی ئەنجامدرا و لە ئاکامدا دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا گیانیان لە دەستدا و ڕێبین بەکریش برینداربووە.
ئاماژەی بەوە کردووە پەیامێکیان بۆ نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە و پرسیاریان دەربارەی ئەو هێرشە ئاڕاستە کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕێکخەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وتوویەتی: وەک سی پی جەی دڵگرانین بەو هێرشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ڕۆژی ٢٣ی ئاب لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا و لەئاکامیدا دوو ڕۆژنامەنووس گیانیان لە دەستدا و ڕۆژنامەنووسێک بە سەختی بریندار بوو، زۆر بەداخەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم هێرشە دەست پێ بکەن و دیاری بکەن کە ئایا تیمی ڕاگەیاندکارەکە بە چ هۆکارێک کراونەتە ئامانج.