"توندوتیژی دژ بە ژنان لە وڵاتانی زاڵ بە سەر کوردستاندا بەشێکە لە تایبەتمەندییەکانی سیستمە سیاسییەکان"

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، خەباتی ژنان بۆ لابردنی كۆسپەكانی سەر ڕێگای بەدیهێنانی مافەكانیان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بۆتە بەشێكی دانەبڕاو و پێشەنگی خەباتی هەموو چین و توێژە ماف پێشێلكراوەكان بۆ بە چۆكداهێنان و ڕووخاندنی سیستمی سەرەڕۆ و دژەمرۆیی كۆماری ئیسلامی.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، خەباتی ژنان بۆ لابردنی كۆسپەكانی سەر ڕێگای بەدیهێنانی مافەكانیان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بۆتە بەشێكی دانەبڕاو و پێشەنگی خەباتی هەموو چین و توێژە ماف پێشێلكراوەكان بۆ بە چۆكداهێنان و ڕووخاندنی سیستمی سەرەڕۆ و دژەمرۆیی كۆماری ئیسلامی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران دا هاتووە، "توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و وڵاتانی دیکەی زاڵ بە سەر کوردستاندا بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستمە سیاسییەکان، یاساکان، نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و کولتووری کۆمەڵگاکانە کە مخابن ئاگایانە یان نائاگایانە چۆتە نێو بیرکردنەوەی تاکەکانیش و زۆر جار لە هەڵسوکەوتی تاکەکان لە بنەماڵە و کۆمەڵگا و لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵاتیشدا ڕەنگ دەداتەوە، سەرباری پاشخانێکی مێژوویی دوور و درێژی پڕ لە نەهامەتی بۆ ژنان لە ئێران و کوردستاندا، هاتنە سەرکاری ڕژێمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ژیان و چارەنووسی ژنانی خستە بەردەم سێ کوچکەی یاسای کۆنەپەرستانە، نەریتی دواکەوتوانە و ئایینی بە ئایدۆلۆژیکراوی حکوومەت و ژنان لەو ماوەیەدا قوربانییەکانی زۆریان لە خەبات و بەرەوڕووبوونەوەی ئەو سیستمە دژەمرۆییەدا داوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەم ساڵانەی دواییدا خەباتی ژنان بۆ لابردنی كۆسپەكانی سەر ڕێگای بەدیهێنانی مافەكانیان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بۆتە بەشێكی دانەبڕاو و پێشەنگی خەباتی هەموو چین و توێژە ماف پێشێلكراوەكان بۆ بە چۆكداهێنان و ڕووخاندنی سیستمی سەرەڕۆ و دژەمرۆیی كۆماری ئیسلامی.

 

ئەوەشی تێدا هاتووە، "لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، ئێمە وەكوو ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەرجۆرە هەنگاو، یاسا، نەریت، بیرکردنەوە یان کردارێکی تاکەکەسی یان سیستماتیک کە شکۆ و پێگە و کەرامەتی مرۆیی ژنان بکاتە ئامانج، یان هەڕەشە لە تەناهیی دەروونی و جەستەییان بکات، پشتیوانیی خۆمان لە هەموو داوا ڕەواكانی ژنان بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگایەكی بەختەوەر و ژیانێكی مرۆیی كە لە ڕاستیدا داواكاری و ویستی هەموومانە، دەردەبڕین، بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی هاواری مافخوازانەی ژنانی ئازاردیتووی وڵاتەكەمان و خەباتی ئەوان بۆ دابینبوونی ماف و داخوازییەكانیان و گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە و دوور لە ئازار و هەڕەشە بە بەشێکی دانەبڕاو لە خەبات و ئەرکی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانەی خۆمان دەزانین".