تەڤگەری ئازادی: بەرژەوەندی حیزبی کێشەکانی عێراقی قوڵکردووەتەوە، سیستمی دیموکراتی چارەسەرییە
لە قوڵبوونەوەی کێشەکانی عێراق و خزمەتکردنی حیزبە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەجیاتی کۆمەڵگە، تەڤگەری ئازادی ئاماژە بەوە دەدات سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراسی دەتوانێت چارەسەری کێشە و ئاڵۆزییەکانی عێراق بکات.
ناوەندی هەواڵ
٩ی نیسانی ٢٠٠٣ ڕژێمی بەعسی عێراق ڕووخا و کۆتایی بە تەمەنی دیکتاتۆرییەتی عێراق هات لەدوای ئەوە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری ئێستای عێراق دامەزرا، بەڵام ئەم دەسەڵاتە نەیتوانی لە بەرژەوەندی گەل و کۆمەڵگەی عێراقدا وڵات بەڕێوەببات و بەرژەوەندی حیزبی کەوتە پێش خزمەتی گەلەوە، بەمەش تا دیت کێشەکانی عێراق قوڵتر دەبێتەوە و ژیانی هاوڵاتیانیش بەرەو خراپتر دەچێت.
بە بۆنەی تێپەڕینی ١٨ ساڵ بەسەر ڕوخانی ڕژێمی بەعسدا، تەڤگەری ئازادی لە پەیامێکیدا سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراسی پێشنیار دەکات بۆ چارەسەر کردنی کێشە و ململانێکانی عێراق، لە پەیامەکەدا هاتووە: دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە، حیزبە سیاسیەکان نەیانتوانی نەک سیستەمێک بۆ ژیانی هاوڵاتیان دابمەزرێنن، بەڵکو ئەوەندەی لە خزمەتی بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی بوون، نیو ئەوەندە لە خزمەتی بەرژەوەندی خەڵک نەبوون و بە گوێرەی چاوەڕوانی و دڵخۆشی خەڵک نەبوو، جێگەی داخە سەرکردایەتی کوردیش لەناو ئەو هاوکێشانەدا نەیانتوانی سود لە کەوتنی ئەو ڕژێمە ببینین و مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هێزە عێڕاقی و نێودەوڵەتیەکان بکەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی هاوبەش، بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات، وەکو کورد دەتوانرا کە ئەو فرسەتە لەخزمەت هەموولایەکدا بەکاربهێنرێت.
دەربارەی ژیان لە عێراق تەڤگەری ئازادی ئاماژە بەوە دەکات گەلانی عێراق لە ژیانێکی ناهەمواردا دەژین، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیش دەرخەری ئەو ڕاستییەن، هەر لە پەیامەکەشدا هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن: وەکو تەڤگەری ئازادی بێ دوودڵی و بەوپەڕی باوەڕەوە پشتیوانی خواستی گەل و خۆپیشاندەرانین لە سەرتاسەری عێراق، لێرەوە جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە دەبێت سیستەمی سیاسی عێراق سیستەمێکی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەری بێت، تەنها ئەوە ڕێگاچارەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای عێراق، مێژووی عێراق سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە، چ لە ڕابردوودا ئەو سیستەمەی کە هەبووە چ ئەوەی ئێستا نەیتوانیوە ببنە جێی ڕەزامەندی گەل و تەنانەت هێزە نێودەوڵەتیە بێلایەن و دیموکاتیەکانی جیهانیش.
بۆ چارەسەکردنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق تەڤگەری ئازادی پێشنیار دەکات: هەم حکومەتی هەرێم لە قەیراندایە و هەم حکومەتی ناوەندیش، هەربۆیە وەک چارەسەر (سیستەمی خۆبەڕێوەبەری) بە باشترین ڕێگەچارە دەزانین بۆ گەلانی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەرچی زووە دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و زلهێزەکان بنبڕ بکرێن، چونکە ساحەی عێراق چیتر بەرگەی ئەو یاریە هەژموونگەراییانەی ئەوان ناگرێت و چیتر گەلانی عێراق نابێ ئەوە قبوڵ بکەن، عێراق زەرەرمەندی یەکەم و ئەو دەوڵەتانەش قازانجی بێشومار بکەن.
ت.پ