تریبوناڵی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٦ دەست پێدەکات و دادپەروەری و توندوتیژی باس دەکرێت

تریبوناڵی ژنان کە لە بەلجیکا بەڕێوەدەچێت، لە ڕێگەی نمایش و وۆرکشۆپ و پانێڵەوە لە برۆکسل و ئەنتۆرب، لە پراکتیکەکانی دادپەروەری ژنان دژی توندوتیژی دژی ژنان دەکۆڵێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تریبوناڵی ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ کە لەلایەن چەند دامەزراوەیەکەوە ڕێکدەخرێت، لەوانە مەدام فۆرتونا و شانۆی ئارنبێرگ، ئەمڕۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەستپێدەکات.

 

لە سێ پانێڵی جیاوازدا، کە بە ناوی ”وەرگرتنەوەی دادپەروەری ژنان” لە زانکۆی ئازادی برۆکسل بەڕێوەدەچێت، ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و پراکتیکەکانی دادپەروەری ژنان باس دەکرێن، جگە لەوەش بە ناونیشانی ”دادپەروەری سیمبولی و بەرخۆدانی سیاسی’، دادپەروەری پرۆسەی ڕابردوو لە ڕوانگەی ژنانەوە هەڵدەسەنگێندرێت.

 

تریبوناڵی ژنان کە لە برۆکسل دەستپێدەکات، دواتر شوێنەکەی دەگۆڕێت و دەچێتە ئەنتۆرب، ئێوارەی پێنجشەممە لێرەدا نمایشێکی مۆسیقی-شانۆیی لەلایەن کۆمەڵەی ژنانی ٢٠٢٦ پێشکەش دەکرێت، نمایشەکە لەلایەن ئەلیکس کۆنادو دەرهێنراوە و ٤٠ ژن لە ئەنتۆرب، مارسیلیا، بەرشەلۆنە و ڕۆتەردام کۆدەکاتەوە.

 

”وۆرکشۆپ و چەندین چالاکی”

شانۆی ئارنبێرگ لە شاری ئەنتۆرب لە ٢٧ی ئاداردا، میوانداری بەرنامەیەکی دەوڵەمەند دەکات لە وۆرکشۆپی داهێنەرانە، نمایشی هونەری، پێشانگە، نمایشکردنی فیلم و پانێڵی گفتوگۆ بە ناوی مۆزایکێکی کۆمەڵایەتی-هونەری، لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا، تەڤگەری ژنانی کورد- ئەوروپا ”TJK-E” و ناوەندی ژنان وۆرکشۆپێک بە ناوی ”هەڵدانەوەی ئەفسانەی باوکسالاری” ئەنجام دەدەن، هەروەها ستاندێکی زانیاریش دادەنرێت.

 

”شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرنامەکەدایە”

٢٨ی ئادار کە دوا ڕۆژی تریبوناڵی ژنان ٢٠٢٦ دەبێت، ٥٠٠ ژن لە دەوری ٥٠ مێز لە ئەنتۆرب کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئەزموونەکانی توندوتیژییان باس بکەن، دادگاکە بە بەرنامەیەکی دەوڵەمەندی شانۆیی ئەو ئێوارەیە کۆتایی پێدێت، لە کۆتاییدا شوێنێک بۆ شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان تەرخان دەکرێت.

 

تریبوناڵی ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بە پێشەنگایەتی ٨ ڕێکخراو و بە پاڵپشتی دەیان ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت، هەروەها تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا ”TJK-E” و ناوەندی ژنۆلۆژی لەو ناوچانەن، بۆ بەشداریکردن، ناو تۆمارکردن بە شێوەی ئۆنلاین لە ”www.2026women.org” پێویستە.

 

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا ”TJK-E” بە تایبەتی داوای لە ئەندامانی خۆی لە بەلجیکا و ژنانی کورد کردووە کە بە ئەزموون و بیرۆکە و ڕەنگەکانیان بەشداری دادگا بکەن.