ترس لە گەڕانەوەی داعش فرمان بەبیری ژنانی ئێزدی دەهێنێتەوەو لە دووبارەبوونەوەی کارەسات هۆشداری دەدەن
لەناو گۆڕانکارییە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و گۆڕانی کۆنترۆڵکردنی زیندان و کامپەکان و پەرەسەندنی هەڕەشە سیاسی و سەربازییەکان، گەلی ئێزدی بەتایبەتی ژنان نیگەرانی قووڵ لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی ٢٠١٤ دەردەبڕن، لەگەڵ کوشتنی بەکۆمەڵ و کۆیلەکردن و کۆچکردن.
ئەسما محەمەد
قامیشلۆ- شنگال و ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا بە قۆناغێکی گرینگ لە مێژووی خۆیاندا تێدەپەڕن، لە کاتێکدا هەڕەشە ئەمنییەکان لەگەڵ یادەوەریی پڕ لە ئازاری گەلی ئێزدیدا تێکەڵ دەبن، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا تووشی ترسناکترین شێوەی فرمان و کۆچکردنی زۆرەملێ لەسەر دەستی داعش بوون هەستکردن بە مەترسی دەستبەجێی دانیشتووان.
”ژنانی ئێزدی: لە نێوان یادەوەری جینۆساید و ڕۆڵی پاراستن”
ژنانی ئێزدی، یەکەمین زیانبەرکەوتووی ڕفاندن و کۆیلەکردن، بوونەتە سیمبولی بەرخۆدان و خۆڕاگری، بەڵام هێشتا لە ترسی دووبارەبوونەوەی دڕندەییەکانی ڕابردوودا دەژین، نیگەرانی پاراستنی خۆیان و منداڵەکانیان و کۆمەڵگەکەیان، گەلی ئێزدی لە نزیکەوە چاودێری هەموو جموجۆڵێکی سەربازی، لێدوانێکی سیاسی یان گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنی کامپ و زیندانەکاندا دەکەن، ئاگاداری ئەوەین کە هەر لاوازییەک لە پاراستن یان بێبایەخکردنی هەڕەشەکان، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ دووبارەبوونەوەی فرمانەکە.
یادەوەری ساڵی ٢٠١٤ هەر زیندووە و ئەزموونەکان دەریانخستووە کە بێتوانایی کۆمەڵگە لە بەرگریکردن لە خۆی یان بەڕێوەبردنی ئاسایشی خۆی هۆکارێکی سەرەکی بووە لە قوربانییەکان و ئەو مەترسییە ڕاستەوخۆیەی کە ڕووبەڕووی ژنان و منداڵان بووەتەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی داعش و دەرکەوتنی نیشانەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و عێراق، ئێزدییەکان درک بەوە دەکەن کە هەڕەشەکە تەنها ئەگەرێک نییە، بەڵکو ڕاستیەکە کە دەبێت بە توندی و بە پاراستنی بەردەوام ڕووبەڕووی ببنەوە، هاوکات جەخت لەسەر ڕۆڵی ژنانی ئێزدی دەکەنەوە وەک هێزێکی کارا لە پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵگە و پاراستنی لە هەر شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی.
”پەرەسەندنی هەڕەشەکان ترسی جینۆساید زیندوو دەکاتەوە”
سوعاد حەسۆ، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی لە قامیشلۆ ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی ئەم دواییە کە شنگالیان کردە ئامانج، یادەوەرییەکانی ئەو کارەساتەیان بۆ هێنایەوە کە زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر بەسەر ئێزدییەکاندا هات، هەروەها ئەو لێدوانە سیاسی و سەربازییانەی لە ناوچەکەدا بڵاودەکرێنەوە، نیگەرانییەکی بەرفراوانی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە تا ئێستاش لەژێر زەبر و زەنگی دەروونی ئەو کۆمەڵکوژییەدا دەژین، کە کاریگەرییەکانی بۆ تەواوی نەوەکانی کۆمەڵگەکە درێژبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم لێدوانانە برینێکیان کردەوە کە هێشتا ساڕێژ نەبووەتەوە، بەو پێیەی هەموو ئەندامێکی کۆمەڵگە هەست دەکات هەر بێبایەخکردنێک یان بە کەم سەیرکردنی هەڕەشەکان دەتوانێت دەرگاکانی مردن و کۆچکردنی زۆرەملێ و ڕفاندن بکاتەوە، کە ئەمەش هەستی نائەمنی دانیشتووان زیاتر دەکات.
ڕوونیشیکردەوە، پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، لەگەڵ جموجۆڵە سەربازییەکانی عێراق، کەشوهەوایەکی گشتی ناسەقامگیری دروستکردووە، ئەمەش ترسی پێکهاتەی ئێزدی توندتر دەکات لەوەی ئەم هەلومەرجە ببنە ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی باندەکانی داعش یان کۆکردنەوەی ڕیزەکانی، هەروەها بەردەوامی باس لە سەرهەڵدانەوەی داعش و دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی چالاکییەکەی، جگە لە ناکۆکییە سیاسی و ناوچەییەکان، هەستی بێدەسەڵاتی ئێزدییەکان لە بەرامبەر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی بوونگەرایی زیاتر دەکات.
جەختی لەوە کردەوە، ڕادەستکردنی ئەو زیندانانەی کە ئەندامانی داعشیان تێدایە بە حکومەتی کاتی سووریا، هاوتەریب لەگەڵ باسکردنی گواستنەوەی هەزاران خێزانی پەیوەست بەوەوە، بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ڕاستەقینەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو ئێزدییەکان لە شنگال و مەخموور، چونکە هەر تێکچوونێکی ئەمنی یان سستی لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەدا ڕەنگە دەرگای شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی بکاتەوە، پێکهاتەی ئێزدی ناتوانێ لە بیری بچێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕووی کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕفاندنی هەزاران ژن و منداڵ و کردنیان بۆ دیل یان چەکداری زۆرەملێ تووشی چی بوو، هەروەها تا ئێستاش یادەوەری ئەو ڕووداوانە لە هەموو گۆشەیەکی ژیانی ئێزدییەکاندا ئامادەیە و هەر هەڕەشەیەکی نوێش ژنان و منداڵان دەخاتە پێشەوەی مەترسییەوە.
ڕوونیکردەوە، کە ١١ ساڵ بەسەر جینۆسایدەکەدا تێپەڕیوە بەڵام کاریگەرییەکانی نەسڕاوەتەوە، بەڵکو کۆمەڵگەکەیان هەستیارتر کردووە بەرامبەر بە هەر نیشانەیەکی مەترسی، هەرورها داواکردن لە دانیشتووان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان لەکاتێکدا هەڕەشەکان بەردەوامن، وایان لێدەکات جارێکی دیکە بە بێ پارێزراوی دەمێننەوە، ئەمەش یادەوەرییەکانی داڕمانی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی پێشوو و کشانەوەی هێزەکان دەهێنێتەوە کاتێک داعش ناوچەکەی گرتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئازادکردنی شنگال، خەڵکی شنگال هێزی پاراستنی ناوخۆیییان دامەزراند بۆ پاراستنی ماڵ و خێزانەکانیان، ئەم هێزانە نوێنەرایەتی مسۆگەری مانەوە بۆ ئەوان دەکەن نەک تەنها پێکهاتەیەکی سەربازی، چونکە ئەزموونەکان دەریانخستووە کە نەبوونی بەرگری لە خۆد یەکێک لە هۆکارە کارەساتیەکەی سەرەتا، ئەو هێزانە کە لە شەڕڤانانی خودی شنگال پێکهاتوون، کاردەکەن بۆ چاودێریکردن و ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی خەڵکی مەدەنی بە ژن و منداڵیشەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی سیناریۆی توندوتیژی و جینۆساید دووبارە نەبێتەوە.
”لە نێوان هەڕەشەی نوێبووەوە و ئیرادەیەک بۆ پاراستنی بوونیان”
سوعاد حەسۆ ڕوونیشیکردەوە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێکهاتەی ئێزدیش ڕووبەڕووی هێرشی دووبارە بووەتەوە، ئەمەش ئەو باوەڕەی لای دانیشتووان بەهێزتر کردووە کە هێشتا بوونیان لە مەترسیدایە، هەروەها هەر هەوڵێک بۆ شکاندنی ئیرادەیان یان هەڵوەشاندنەوەی ئامرازەکانی بەرگرییان دەتوانێت دەرگای جینۆساید بکاتەوە، ئەو مەترسییە تەنها کاریگەری لەسەر ئەوان نییە، بەڵکو هەڕەشە لە هاوسەنگی تەواوی ناوچەکە دەکات، چونکە کۆمەڵگەی ئێزدی بەشێکە لە پەیکەری هەمەچەشنی پێکهاتەکان و هەر داڕمانیلێکی ئاسایشی بە واتای هەژاندنی سەقامگیری ناوچەکانی دەوروبەرە.
دووپاتیکردەوە، ئێزدییەکان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن کە هەنگاو بنێن بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەکی نوێ و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە بەرپرسیارن لە تاوانەکانی ڕابردوو، هەروەها دانپێدانانی دەستووری بە مافەکانیان و مسۆگەری پاراستنیان هەنگاوی بناغەییە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گروپە توندڕەوەکان، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاربکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ کەلێنێک نەمێنێتەوە کە داعش بتوانێت بیقۆزێتەوە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی، هەروەها پشتیوانیکردن لە مافەکانی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بەربەستێکی بەهێز لە بەرامبەر هەموو شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی پێکدەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پشتگوێخستنی نیگەرانییەکانی ئەم پێکهاتەیە دەتوانێت کارەساتێکی نوێی مرۆیی لێبکەوێتەوە، هەروەها لەسەر پێویستی وەستانی هەموو گەلان لەگەڵ ئێزدییەکان، چونکە بەئامانجگرتنیان نەک هەر ئەوان بەڵکو مەترسی لەسەر پێکەوەژیان و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە دروستدەکات، ژنانی ئێزدی لە سایەی ئەزموون و خەباتەکانی ڕابردوویاندا، پەرەیان بە تواناکانی پێشەنگایەتی و بەرخۆدان داوە، هەوڵەکان کۆردیناسیۆن دەکەن بۆ بەرگریکردن لە کۆمەڵگەکەیان و بەبڕیارانە داواکارییەکانیان بۆ دادپەروەری دەربڕین، ئەمەش وایکردووە هەر پاڵپشتییەکی دەرەکی بۆ سەقامگیری ناوچەکە شتێکی ژیانی بێت.
سوعاد حەسۆ، بەڕێوەبەری ماڵی ژنانی ئێزدی لە کۆتای قسەکانیدا دووپاتی کردەوە، کە سەرەڕای ئەو کارەساتانەی بەرگەیان گرتووە، ئێستا ژنانی ئێزدی بەهێزتر و ڕێکخراوتر و زیاتر ئیرادەترن بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەیان، داوای کرد کە کاری بەکۆمەڵ بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید و پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی تیرۆر، هەروەها شنگال وەک خاکی گەلەکەی دەمێنێتەوە و ئیرادەی مانەوە کە بەرگەی کۆمەڵکوژییەکەی گرتووە، هەروەها توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی داهاتووی هەیە، بە مەرجێک پاراستن و دادپەروەری پێکەوە لەبەردەستدا بێت، لەگەڵ بەشداریکردنی پێویستی کۆمەڵگە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەرگریکردن لە مافەکان و پاراستنی ئاسایش.