تەرمی ٩ لە قوربانیانی دەریای ئیجە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت، تەرمی ٩ قوربانی دەریای ئیجە دەگەڕێندرینەوە هەرێمی کوردستان کە ٨ یان ژن و منداڵی کچن.
ناوەندی هەواڵ
نوێنەرایەتی دەزگاکە لە یۆنان ئاماژەی بەوەکردوە وابڕیارە تەرمی چوار لە قوربانیانی دەریای ئیجە لە ٢٧ی کانونی دووەم لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەڕی بکرێن و لەئێوارەی ٢٩ی کانونی دووەم بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ڕادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە، هەروەها تەرمی پێنج قوربانی دیکە لەهەمان ڕوداو لە گەشتی دووەمدا و لە ٢٩ی کانونی دووەم لە ئەسیناوە بەڕێدەکرێن ئێوارەی ١ی شوبات دەگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، ئەم ٩ کۆچبەرە کە سەرجەمیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن و هەشت کۆچبەریان ژن و منداڵی کچن و یەک کۆچبەریش لە ڕەگەزی نێرە لە دەرئەنجامی ژێر ئاوکەوتنی یەختێک لە ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ لە دەریای ئیجە نزیک دوورگەی ئاتیکیثیرای یۆنان گیانیان لەدەستداوە و ٥٧کۆچبەریش ڕزگار بووی ڕووداوەکە بوون.
سەرۆکی دەزگای لوتکە وتیشی: "لەلایەن دەزگای لوتکە لەساتی ڕووداوەکەدا فایلی تایبەت بۆ قوربانیانی ئەو ڕووداوە کراوەتەوە و ڕادەستی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها لەلایەن شێخ حسێن حەمە ساڵح نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە و کۆمپانیای ج بەجێکار سەردانی ڕزگاربووی ڕووداوەکە کراوە لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن)لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتەوە بریکارنامە لە کەسوکاری قوربانیان وەرگیراوە بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان".