تل تەمر... بەڵگەیەکی زیندوو لەسەر بەرخۆدانی ڕۆژئاو لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکان
گوڵیخان سۆفی کە شایەتحاڵی شەڕەکان و دەستکەوتەکانی ١٣ ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، دەڵێت: ئەو پیلانەی کە لە ١٥ی شوبات لە دژی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد تا ئەمڕۆش بەردەوامە و ڕاستەوخۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ١٩ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێکرد، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا، بەربەستی مێژوویی بەدەستهێنا و سەرنجی جیهانی ڕاکێشا و بناغەکانی دامەزراند.
گوڵیخان سۆفی، یەکێک لەو ژنە پێشەنگانەیە کە شایەتحاڵی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد، وتی: ئەو سیستمە دیموکراتیکیەی لێرە دامەزرا، بە جێگرەوەیەکی ڕاستەقینەی سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی نەریتی دەزانێت.
"گەلێک کە ١٣ ساڵ بە تەنها لەگەڵ خەباتکارەکانی خۆڕاگر بووە، شایەنی ڕێز و پێزانینە"
گوڵیخان سۆفی ڕایگەیاند، کە سەرەڕای بچووکی قەبارەکەی، شاری تل تەمر بەهۆی ئەو قارەمانێتی و بەرخۆدانەی کە لەوێ بەڵگەدار کراوە، جێگەی سەرنجە، هەروەها تل تەمر دەروازەیەکە بۆ ناوچەی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان و شوێنێکی ستراتیژی لەسەر نەخشە داگیرکردووە، ماوەی ١٣ ساڵە ئەم شارە لە دڵی شەڕەکاندا بووە، ئەو سیستمە دیموکراتیکیەی لێرە دامەزرا، ڕووبەڕووی هێرشی توند بووەتەوە، خەڵکی تل تەمر شایەنی ئەوەن کە بە ئازادی بژین، هەمووان لە منداڵانەوە تا بەتەمەنەکان، وەک بەشێک لە سەفەربەری گشتی بەشداری بەرگریکردنیان کرد، ئەم گەلە کە بەتەنها لەگەڵ شەڕڤانانیان خۆڕاگر بووە، شایەنی ڕێز و پێزانینە.
"تل تەمر نموونەیەکە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک"
گوڵیخان سۆفی ڕوونیشیکردەوە، شاری تل تەمر نموونەی سەرکەوتنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە، هەروەها ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەو پلانەی هێنایە بەرچاو کە لەو سەردەمەدا داڕێژرابوو، کە ئامانج لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، شکاندنی بەربەستە ناوخۆیی و خێڵەکییەکانی نێوان کورد و عەرەب و ئاشوورییەکان بوو، سەرەڕای ئەو هێرشانەی ڕوویاندا، دانیشتووانی شارەکە کۆبوونەوە و ئەنجومەنی ئاشتی کۆمەڵایەتییان بە بەشداری هەر سێ گروپەکە پێکهێنا.
سەبارەت بە ئامانجی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج پاراستنی شارەکە و دەستەبەرکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان بوو لەڕێگەی یەکگرتوویی پێکهاتەکانییەوە، بۆیە لە بەرگریکردن لەم خاکەدا، شەڕڤانانی کورد لەگەڵ عەرەب و ئاشوورییەکان شەهیدکران، هەموویان لە یەک گۆڕستاندا نێژران، چونکە بەرگریکردن لە تل تەمر بەرگریکردنە لە هەموو ڕۆژئاوای کوردستان، کە تەنانەت نانێکیش بۆتە سیمبولێک لە پاراستنی زەوییەکە.
ڕوونیکردەوە، لە سەرەتای شۆڕشەوە هێرشەکان بۆ سەر تل تەمر نەوەستاوە، هەروەها سەرەتا لەلایەن سوپای ئازادەوە هێرشی کرایە سەر، دواتر لەلایەن جەبهەت نوسرە و لە ساڵی ٢٠١٥دا داعش هێرشێکی بەرفراوان و وێرانکەری دەستپێکرد، زیاتر لە ٢٣ گوندی ئاشووری وێرانکران، ژنان کۆچیانکرد، کڵێساکانیش بۆردوومانکران، ئێمە لە شارێکداین کە ئیتر نە زەنگی کڵێسا و نە بانگەوازی ئیمام لە مزگەوتەوە دەبیسترێت، سەرەڕای ئەمەش هێرشەکان بەردەوام بوون و تل تەمر و گوندەکانی بوونە ئامانجی هێزەکانی داگیرکەری تورکیا و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان.
"ئەو پیلانەی کە ٢٧ ساڵ لەمەوبەر لە ئیمرالی دەستی پێکرد، بەردەوامە"
گوڵیخان سۆفی وتی: ئەو پیلانگێڕییەی کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دەستیپێکردووە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، هەروەها پیلانەکە بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد و ڕاستەوخۆ ڕۆژئاوای کوردستانی کردە ئامانج، ئەو هێزانەی تا دوێنێ لە ڕۆژئاوای کوردستان مسۆگەری بوون، هەمان ئەو هێزانەن کە پیلانگێڕیەکەیان لە دژی ڕێبەرەکەمان ڕێکخست،کە ئامانجیشیان شکاندنی ئیرادەی ئەو خەڵکە بوو کە بە ئازادی لەسەر خاکەکەیان دەژین، ئەو هێزانەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا مسۆگەربوون، لەگەڵیشیدا هێرشەکان پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکیان کردە ئامانج، چونکە مەترسی لەسەر هەژموونی زلهێزەکان دروستکرد و ئەگەری ژیانی بە ئاشتی و ئازادی و یەکسانی پێشکەش بە کۆمەڵگە کرد ئەم پیلانگێڕییە سەرەڕای هەموو سەختییەکانی، لەبەردەم یەکێتی نیشتمانیماندا دەڕووخێت.
"پلانەکانی پیلانگێڕان شکستی هێناوە"
ڕوونیشیکردەوە، ئەو هێزانە هەوڵی لەناوبردنی ڕۆژئاوای کوردستانیان داوە، بەڵام پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠١٦ پێچەوانەکەی سەلماند، لە ڕەققە و دێرەزوور بانگەوازی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" کران، هێزەکانی ئێمەش وەڵامی ئەو بانگەوازەیان دایەوە، ژنان و خەڵکیان لەدەست داعش ڕزگارکرد، هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" ڕۆڵی خۆی بینی، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕانکاری، هەر لە سەرەتاوە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە پێشەنگی شۆڕشدا بووین، ئەمڕۆش بەرگری لێدەکەین، هێزەکانمان سوورن لە پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، پلانی هێزە پیلانگێڕەکان لەوە گەورەتر بوو کە تەنها لە ڕەققە و دێرەزوور بکشێنەوە، بەڵکو ئامانجی گشتییان لێدان بوو لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی خۆبەڕێوبەری.
"نابێت ڕۆڵی یەپەژە پەراوێز بخرێت"
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک"هەسەدە" و حکومەتی کاتی وتی: ئێمە دژایەتی هیچ بڕیارێک ناکەین کە لە پڕۆسەی یەکگرتندا بدرێت، بەڵام ئێمە مافی دەستووریمان هەیە، و بەرخۆدانی ١٤ ساڵ خەباتیش ناتوانرێت بسڕدرێتەوە یان پەراوێز بخرێت، ژنان لە پێشەنگی بەرخۆدان بوون، ئەگەر لە دەستووردا مافی ژنان مسۆگەر نەکرێت ئەوە قبوڵ ناکرێت، یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" نابێت هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵکو مافەکانیان وەک هێزێکی ژنان بە شوێنی شایستەیی لە دەستووردا چەسپێنرێت، ئەوانەی لە شۆڕشدا قوربانیان دا، مافی خۆیانە لە داهاتووی هەرێمدا دەنگیان هەبێت.
لە کۆتای قسەکانیدا، گوڵیخان سۆفی داوایەکی کرد وتی: دەمانەوێت مافەکانی ژنان بخرێنە ناو دەستووری سووریا و بە یاسا دەستەبەر بکرێت، پێویستە مافەکانمان و ئیرادەمان لە دەستووری بنەڕەتیدا بناسرێت.