تاژێ: لێپرسینەوە لە بکوژانی سووتاندنی ١٩ ژنی ئێزدی دەکەین

تاژێ لە ڕاگەیاندراوێکدا لە یادی ١٠ ساڵەی کوشتنی ١٩ ژنی ئێزدی دەڵێت: ئێمە خەبات دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم فەرمانە، کە دەستینا بە خوێنی کۆمەڵگەکەمان سوورزە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و دادپەروەری پێشکەش بکرێت.

شنگال 

 

لە کاتیی کۆمەڵکوژی ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی لەلایەن داعشەوە بە دیل گیران، ئەو ژنانەی کەوتنە دەست داعش ڕووبەڕووی دڕندەیی و ئەشکەنجەیەکی گەورە بوونەوە، زۆرێک لە ژنان کە نەیانتوانی بەرگەی ئەم دڕندەییە بگرن، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، زۆرێکیشیان بەجۆی ئەوەی ڕەتیانکردەوە دەستبەرداری ئاینەکەی خۆیان ببن بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کران.

 

"١٩ ژنی ئێزیدی لە قەفەسێکدا بە بەرچاوی هەمووان سووتێندران"

یەکێک لەو ڕووداوانەی کە شوێنێکی گەورەی لەسەر یادەوەری مرۆڤایەتی بەجێهێشت، سووتاندنی بەکۆمەڵی ١٩ ژنی ئێزدی بوو لە گۆڕەپانێکی شاری موسڵ، ڕۆژی ٣ـی حوزەیرانی ٢٠١٦،  ١٩ ژنی ئێزدی کە ڕەتیانکردەوە ئایین و بیروباوەڕی خۆیان بگۆڕن، سەرەتا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی توند کرانەوە، دواتر لە قەفەسێکدا لە گۆڕەپانێکی شاری موسڵ سووتێندران.

 

وەک هەموو ساڵێک تاژێ ئەمساڵیش ئەم ژنانەی بەبیرهێنایەوە، ئەمڕۆ تاژێ لەبەردەم بینای ئەنجومەنی گەلی شنگال لە دەروازەی دۆڵی کەرس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و لەلایەن ڕیهام حەسەن ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێوە ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە.

 

بانگەواز بۆ دادپەروەری

ڕیهام حەسەن لە سەرەتایدا کۆمەڵکوژی ٣ـی ئابی بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤دا فەرمانێکی ڕەش بەسەر کۆمەڵگای ئێزدیماندا هات، لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و کچە ئێزدییەکانمان ڕفێندران، لەوانەش ١٩ ژنی ئێزدی لە قەفەسێکدا لە بەردەم هەموواندا سووتێنران.

 

وتیشی: وەک تاژێ جارێکی دیکە ئەو ژنانە بەبیردەهێنینەوە و بەڵێنی خۆمانیان بۆ نوێ دەکەینەوە، لەبیرناکرێن و ناهێڵین لەبیربکرێن، ئەوەی بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا هێنرا بێهاوتایە، بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، دەنگی خۆیان بۆ دادپەروەری بەرز بکەنەوە.

 

ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ ئاماژەی بەوەشکرد، هاواری ئەو ژنانە هەمیشە لە گوێماندا دەبێت و خەباتمان چڕتر دەکەنەوە، ئێمە تێکۆشان دەکەین بۆ پێکهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە هۆکاری ئەو کۆمەڵکوژییە بوون و دەستیان لە خوێنی کۆمەڵگەکەمانداهەیە.

 

ڕیهام حەسەن بە وتنی دروشمی وەک؛ “ڕۆحی شەهیدانی ژن ئاسوودەبێت، بژی بەرخۆدانی ژنان، ژن ژیان ئازادی” کۆتایی بە قسەکانی هێنا.

 

لە دوای لێدوانەکە کۆنگرەکە بە وتنەوەی دروشمی “ژن ژیان ئازادیی” کۆتایی هات.