تاژێ داوای بەهێزکردنی خەبات دژی سزای لەسێدارەدان دەکات
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی دوای پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای بەهێزکردنی خەبات و بەرخۆدان لەدژی سیاسەتەکانی سزای لەسێدارەدانی کرد.

شنگال
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی کە لە ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو تیشکی خستە سەر سیاسەتە سیستماتیکییەکانی ئێران لە دژی ژنان بە مەبەستی شاردنەوەی قەیرانە ناوخۆییەکانی و داوای لە هەموو لایەک کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر ئەم بڕیارە هەڵبگرن.
ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەییە:
ڕژێمی ئێران بە عەقڵیەتی فاشیستی و کۆلۆنیالیزمەوە، سیاسەتەکانی ستەم و تۆقاندن لە دژی هەرکەسێک کە لە پێناو حەقیقەت و ئازادیدا تێکۆشان دەکات جێبەجێ دەکات، بەم سیاسەتانە نوێنەرایەتی مۆدێرنیتی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە دژی بەرخۆدانی ژنان، ئێران پێشەنگایەتی دەکات لە سیاسەتی جینۆساید دژی ژنان بە ئیرادە و بیرۆکەی ئازادی، ئەمەش لایەنی تاریکی ڕژێمی مەلاکان بۆ ئاشکرا دەکات دڕندەیی و چەوساندنەوەی ناوخۆیی خۆی و قەیرانە ناوخۆییەکانی بشارێتەوە.
شەریفە محەمەدی ساڵی ٢٠٢٣ بە بیانووی بەشداری لە چالاکییەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستبەسەر و لە ساڵی ٢٠٢٤ لە لایەن دادگای ئینقلابی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە ئەم بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام لەم ڕۆژە کۆتاییانەدا جارێکی دیکە حوکمی لە سێدارەدان پشتڕاستکرایەوە.
"ژنان لە هەموو شوێنێک دەبێ بە فەلسەفەی جین جیان ئازادی ڕاپەڕن"
ژنە بەرخۆدێر شەریفە محەمەدی هێمای ئازادی و خەباتە لە دژی هێزەکانی دەسەڵات و فاشیزم. هاوکات دەنگی ژنێکی ئازاد و بەرخۆدان لە دژی دەوڵەتی پیاوانە،
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" داوای بەهێزکردنی خەبات و بەرخۆدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ڕووخاندنی سیاسەتە جینۆسایدییەکانی ئێران دەکەین.
ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک ژنان تووشی هێرشی دڕندانە دەبن و دەکوژرێن. بانگەوازی تایبەتی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ژنان بۆ شەریفە محەمەدی بوەستنەوە دژی ئەم بڕیارە. وەستانەوە بۆ شەریفە محەمەدی وەستانەوە بۆ مافی هەموو ژنان. پێویستە هەمووان بەرامبەر ئەم بڕیارە لەسەر ئەرکی خۆیان هەڵبستن و لە هەموو شوێنێک بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی هەستن.