تاژێ بە نامەیەک پشتگیری لە ژنانی هندستان کرد

تاژێ لە نامەیەکدا پشتگیری لەو ژنانەی هندستان کرد کە چەند ڕۆژێکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە دەستدرێژی و کوشتنی پزیشکێکی ژن و ڕایانگەیاند کە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" هێندەی بۆ ئێمەی ژنان هێز و مۆڕاڵ و سەرکەوتنێکی مێژووییە بۆ دەسەڵاتداران شکستە.

شەنگال

 

لەناوچەی کەلکوتا لە ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوای هیندستان، لە ٩ی ئابدا، دەستدرێژی زایەندی کرایە سەر پزیشکێکی ژن و دواتر کوژرا، دوای ڕووداوی دەستدرێژی و کوشتن، ژنان لە سەرانسەری هندستان چوونە سەر شەقامەکان و چالاکییان ئەنجامدا، لە مەیدانەکەدا ژنان دروشمی "ئێمە دادپەروەریمان دەوێت"یان بەرزکردەوە، لە ڕۆژی هەشتەمی چالاکییەکەیاندا، ژنانی هندستان بە ئاڵای "ژن، ژیان، ئازادی" چوونە مەیدان و چالاکییەکەیان ئەنجامدا.

 

هەروەها تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ، پشتیوانی ژنانی هندستانی کرد و سڵاوی لە خەباتی ژنان کرد.

 

ناوەڕۆکی نامەی پشتیوانی تاژێ بۆ ژنانی هندستان بەم شێوەیەیە:

 

"بۆ ژنانی خۆڕاگر و تێکۆشەر"

لە شەنگالی پیرۆزەوە، ئێمە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ لە زێدی زەریفە ئۆسێ، دایە زەرۆ، خاتونە فەرخە، بە سەدان ژن کە سەریان دانەنەواند، بە بەرخۆدانی خۆیان لەبەرامبەر زوڵم سەریان دانەنەواند، بە ڕۆحی ژن، ژیان، ئازادی سڵاو لە ئێوەی ژنانی هیندستان دەکەین.

 

بە درێژایی مێژوو ژنان بە کار و بیرۆکەکانی ژیانی خۆیان بونیاد ناوە، بەڵام ئەقڵیەتی پیاوسالاری ٥ هەزار ساڵە هەر ساتێک ژیانی ژنێک دەکوژێت و لەناو دەبات هەروەها ئەم ئەقڵیەتە ئەقڵیەتی دەستدرێژیکارە، واتە کولتووری دەستدرێژی سێکسی ڕۆژانە لە کاریگەردایە، لە هەموو جیهاندا ژنان لە ڕووی دەروونی و سۆزداری و جەستەییەوە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر، ئاستی توندوتیژیی ئێستا لە ماڵ، شەقام، خوێندنگە و هەموو شوێنێک بەبێ هیچ مافێک بەسەر ژناندا سەپێندراوە.

 

سەدەیەک لە ئازادی ژن

وەک پێکهاتەیەکی ئێزدی ڕووبەڕووی ٧٤ فەرمان بووینەوە و لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ یادی ١٠ ساڵەی فەرمانەکەمان کردەوە، بەگوێرەی فەرمانەکە، هەزاران ژنی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە دیل گیراون و لە بازاڕەکاندا فرۆشراون و کوژراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بەم توندوتیژییە بهێنین و ژیانێکی یەکسان بونیاد بنێن، بە دادپەروەرییەوە پێویستە ئاستی خەبات و بەرخۆدانی ژنانمان بەرز بکەینەوە، پێویستە سەدەی بیست و یەک بکەین بە سەدەی ئازادی ژن، ژنانێک دروست بکەین کە خۆیان بپارێزن و ڕێکبخەن و خۆیان بەهێزتر بکەن.

 

سڵاو لە خەباتی ژنان لە هندستان

ئێمە بە وردی بەدواداچوون و پێزانینی خەباتی ئێوەین لە هندستان، بە تایبەتی چالاکی هەزاران ژن بە لافیتە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەستێکی گەورەی پێبەخشین و دڵخۆشی کردین، تێکۆشان و دیمەنەکان زۆر مانادار بوون، ئەمڕۆ فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە هەموو ژنانی بەخشی، بە بیر و ڕۆح و هەستی ئازادیخوازانە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەبێتەوە، فەلسەفەی ژن-ژیان-ئازادی، ئەوەندەی بۆ ئێمەی ژن هێز و مۆڕاڵ و سەرکەوتنی مێژووییە، ئەوەندەش شکستە بۆ دەسەڵات.

 

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ خەبات بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند دەبینین و سڵاو لە خەباتەکەتان دەکەین.