تاڵیبان خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی کابول ناچار بە پۆشینی پەچە دەکات

بەرپرسانی تاڵیبان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی کابول داپۆشینی تەواوی دەموچاوی کردە ناچاری بۆ خوێندکارانی کچ.

ناوەندی هەواڵ

 

شەممە، ٢٥ی تەمموز، بەرپرسانی تاڵیبان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی کابول هۆشدارییان داوەتە خوێندکارانی کچ کە پێویستە لەمەودوا پەچە بپۆشن، ڕاشیانگەیاندووە ڕێگەیان پێنادرێت بەبێ بەستنی پەچە بەشداری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی بکەن.

 

پێشتر خوێندكارە كچەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیك ڕێگەیان پێدەدرا بێ سەرپۆش و دەمامكی ڕەش بچنە ناو زانكۆكە، بەڵام لە رۆژی شەممەوە بە خوێندكاران ڕاگەیەندراوە كە لەمەودوا دەبێت پەچە بەكاربهێنن و دەموچاویان بە تەواوی دابپۆشن.

 

دوای ڕاگەیاندنی پەچەی ناچاری بۆ ژنان، کە کاردانەوەی توندی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان بەدوای خۆیدا هێنا، تاڵیبان ڕایگەیاند کە لەبەرکردنی پەچە ناچاری نییە و ژنانی ئەفغانی دەتوانن چارشێو و ڕووپۆشی دیکەی ئیسلامی بەکاربهێنن.