عەتاو عەبدولڕەحمان لەگەڵ گروپێکی ژنان ئاگری نەورۆز دەکەنەوە
ژنانی کورد وەک پێشەنگی پاراستنی کلتوور و بەگژداچوونەوەی تاریکی ڕۆڵێکی مێژوویی دەگێڕن لە پیرۆزکردنی نەورۆزو بە داگیرساندنی مەشخەڵی ئاگر پەیامی ئاشتی و ئازادی دەگەیەننە جیهان، عەتاو عەبدولڕەحمان، کەسایەتی سلێمانی دەڵێت: داوا لە خەڵک دەکەم جلی کوردی بپۆشن.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_مێژووی نەورۆز لە ناو ئەدەبیات و فۆلکلۆری کوردیدا پەیوەستە بە داستانە نەمرەکان و هەوڵدان بۆ ڕزگاری کە تێیدا ئاگر دەبێتە پیرۆزترین نیشانەی تێپەڕاندنی زستان و گەیشتن بە بەهارێکی پڕ لە سەرفرازی، لە هەمانکاتدا ئەم ڕۆژە وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی سەیر دەکرێت کە هەموو ساڵێک لە شاخەکان و شارەکاندا بە جۆش و خرۆشەوە یادی دەکرێتەوە و دەبێتە سەکۆیەک بۆ دووپاتکردنەوەی مافە ڕەواکان.
لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت گەلی کورد بە هەموو پێکهاتە و ڕەنگەکانییەوە بەرەو پێشوازی لە جەژنی نەورۆز هەنگاو دەنێت کە ئەمساڵیش وەک هەمیشە دەنگی ئازادیخوازی تێدا بەرز دەبێتەوە و ژنان بە پۆشینی جلی ڕەنگاوڕەنگی کوردی و بەشدارییەکی کارا لە مەراسیمەکاندا دەیسەلمێنن کە کلتووری کوردی بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی تێکۆشان و ئاگری نەورۆز کە لەسەر لووتکەی چیاکان دادەگیرسێندرێت تەنیا ڕووناکی نییە بەڵکو گەرمکەرەوەی دڵی ئەو کەسانەیە کە خەون بە داهاتوویەکی ئازادەوە دەبینن و لەم چوارچێوەیەدا گرنگییەکی تایبەت بە کلتووری ڕەسەنی کوردەواری دەدرێت کە تێیدا هەڵپەڕکێ و گۆرانی و کۆبوونەوەی جەماوەری دەبنە ئامرازی یەکگرتوویی و نیشاندانی هێزی نەتەوەیەک کە هیچ کات لە بەرانبەر تاریکیدا سەر دانانەوێنێت، پیرۆزباییەکان دەبنە هەوێنێک بۆ بەردەوامی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەمەش ئامانجی سەرەکی هەموو ئەو تێکۆشەرانەیە کە نەورۆزیان کردووە بە وێستگەی نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بۆ خاک و نیشتمان.
گەلی کوردو ژنانی کورد لەمێژە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز لە ڕۆژی ٢٠ی مانگ کۆدەبنەوەو ئاگر دەکەنەوە، هەروەها بۆ ڕۆژی دواتر کە ٢١ی مانگە بەردەوامی بە پیرۆزکردنەکە دەدەن و دەچنە دەشت و چیاکان بۆ سەیران.
" هەموو خەڵکی گەرەک کۆ دەبوویەوە گۆرانی نەورۆزمان دەوت"
عەتاو عەبدولرەحمان، کەسایەتی شاری سلێمانی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو پیرۆزبای جەژنی نەورۆزی لە هەموو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کردو وتی: هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و ئارامی بۆ گەلی کورد، نەورۆزی جاران تامو چێژێکی دیکەی هەبوو ، چونکە ئێمە گەنجتر بووین تام و چێژێکی تری هەبوو، خەڵک پێش ئەوەی نەورۆز بێت خۆی ئامادە دەکرد، جلی کوردی بۆ خۆی و بۆ منداڵی دەکرد و ماڵی پاک دەکردەوە و پێویستییەکانی ناو ماڵی دەکری، لە ڕۆژی نەورۆزدا خواردنیان ئامادە دەکرد دەچوونە مامەیارە و کاک ئەحمەدی بۆن خۆش و هەموو خەڵک ئامادە دەبوو دەیانکردە سەیران، هەموو خەڵک کە بەیانی نەورۆز بوو بۆ ئێوارەکەی ئاگریان دەکردەوە، من ماڵمان لە بەختیاری بوو هەموو جارێک دارم ئەدا بە مندالەکان ئەموت با تایە نەسوتێنن، هەموو خەڵکی گەرەک کۆ دەبوویەوە گۆرانی نەورۆزمان دەوت، بەڵام ئێستا لە بەردەم ماڵەکاندا ئاگر ناکرێتەوە بەڵک و شوێنێکی تایبەت داندراوە بۆ یادکردنەوەی نەورۆز ، ئیستا لە مامە یارە و لە سەهۆڵەکە دەکرێتەوە.
"ئاگر دەکەینەوەو ڕۆژی دواتر دەچینە سەیران"
وتیشی: من وەک خۆم لە کۆنەوە تا ئیستا هەموو بۆنە نەتەوەی و ئاینییەکانم لا پیرۆزە و بەشداریم کردووە، بەتایبەت زۆر حەزم لە کردنەوەی ئاگری نەورۆزە، ساڵێکیان لە ئەوروپا بووم وتم من نەرۆمەوە بۆ نەورۆز دڵم دەوەستێت، تکتیان بو دوو هێندەی نرخی خۆی بۆ کریم بۆ ئەوەی لە نەورۆزدا لە کوردستان بم، بەشداری هەموو نەورۆزێکم کردووە و زۆر خۆشەویستە لە دڵما هیوادارم خەڵک لە نەورۆزدا پیرۆزبای لە یەکتر بکەن و نەورۆزێکی خۆش بێت بۆ کوردان، ئێمەش وە خۆم و گروپەکەم ی٢٠ مانگ ئامادەی ئاگرکردنەوەی نەورۆز دەبین و ٢١ مانگ دەچین بۆ سەیران، بۆ نەورۆز جاران بە پێی توانای خۆی جل و خواردنی ئامادە دەکرد و ئەو چێشت و نانەش کە بۆ نەورۆز دەکرا چونکە لە بەهاردارە زیاتر یاپراخی گەڵامێو ئەکرا و هەندێک کەسی دیکە برنج و مریشکی دەکرد، بەڵام ئێمە حەز دەکەم باسی بکەم کە وەختی خۆی لە نەورۆزدا خورماو ڕۆنمان دەکرد ، و هێلکە و پەنیر و شتمان ئامادە دەکرد و دەچووین بە پێ لە کاک ئەحمەدی شێخ دەمان خوارد ئەو کاتە وەک ئێستا ئۆتۆمبێل نەبوو بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوەو خەڵک خورادنی خۆش و جیاواز دەکات.
عەتاو عەبدولڕەحمان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من یەک شت دەڵیم خۆزگە هەموو خەڵک وەک جەژن بەیانی نەورۆز هەڵسایە چێش و نانی تایبەتی ئامادەکردایە، ئێستا خۆتان دەزانن بارودۆخ باش نییە ئینشاڵا کورد و کوردستان پارێزراو دەبێت و جەژنی ئەمساڵ خەڵک کەمێک ترسی لە دڵدایە، بەڵام داوا لە خەڵک دەکەم کە لەم نەورۆزەدا جلی کوردی و جوان و جلی رەسەنایەتی لەبەر بکەن و دڵتان خۆش بێت و نەورۆز پیرۆز بکەن.