تامی بروس: ڕاگرتنی هەماهەنگی‌ ئێران لەگەڵ ئاژانسی‌ وزەی‌ ئەتۆم جێگای قبوڵكردن نییە

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەت وتی: هەنگاوی ئێران بۆ ڕاگرتنی هەماهەنگی‌ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێچەوانەكردنەوەی رێڕەو و هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانییە جێگەی قبوڵكردن نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

تامی بروس وتەبێژی‌ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە بڕیاری ئێران بۆ ڕاگرتنی هەماهەنگی‌ لەگەڵ ئاژانسی‌ وزەی‌ ئەتۆمی نێودەوڵەتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هەنگاوی ئێران بۆ ڕاگرتنی هەماهەنگی‌ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە كاتێكدایە، كە دەرفەتێكی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ پێچەوانەكردنەوەی رێڕەو و هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئەو هەنگاوەیان، جێگەی قبوڵكردن نییە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد: لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردودا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینیووە، بۆ هەمیشە گۆڕاوە، ئەمریكا لەم جیهانە نوێیەدا دەرفەتی ئەوەی هەیە بڕیارێكی جیاواز بدات، دۆناڵد ترەمپیش بەوە گەشبینە.

 

دەشڵێت: ئێران دەبێت بە تەواوی و بێ دواكەوتن هاوكاری بكات، هەروەها بە تەواوی پابەند بێت بە ڕێككەوتنی پارێزبەندی خۆی بەپێی پەیماننامەی قەدەغەكردنی بڵاوبونەوەی چەكی ئەتۆمی، لەوانەش پێدانی زانیاریی پێویست بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

 

جێگای ئاماژەیە، دوێنێ مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران یاسای ڕاگرتنی هەماهەنگی ئەنجومەنی وزەی وڵاتەكەی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی واژۆكرد، هەروەها یاساكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، هاوكات تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند بۆ هەر هێرشێكی كرد، كە ئیسرائیل یان هەر وڵاتێكی دیكە بیكاتە سەری.