"تا کۆمەڵگە ئازادی و پێکەوەیی بەخۆیەوە نەبینێت دەسەڵات ڕێگە بە دەستکراوەی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان نادات"
بەهار مونزیر، چالاکوانی ژنان دەڵێت: لە ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوی توندتیژی دژی ژنان، کوشتن و توندوتیژی لەسەر ژنان ئەنجام دەدرێت، پێویستە بە پیکەوەیی ژنان و گەیاندنی دەنگمان بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەرووی توندوتیژییەکان بۆستینەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ لە وڵاتی کۆماری دۆمینیکان سێ خوشک"خوشکەکانی میڕاباڵ" کە چالاکوانی سیاسی بوون لەسەر بڕیاری "ترۆخێو"ی سەرۆک کۆماری دۆمنیکانی ئەو کات بە دڕندەترین شێوە کۆژران، لە ساڵی ١٩٨١ چالاکوانان ئەو ڕۆژەیان دیاری کردووە بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و لە ساڵی ١٩٩٩ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەیان بەفەرمی کردووە بە ڕۆژێکی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام توندوتیژییەکان تا ئێستە بەردەوامی هەیە، کوشتنەکان بەردەوامە، لە ڕێگەی یاساکانەوە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا دڕندەترین یاسابوو ژنانی جینۆسایدکرد، هەروەها لە کاتی جەنگ و کاتی نەبوونی ئەزمونی ئابووری و سیاسیشدا، ژنان دووجار دەبنە زیانلێکەوتوو، چونکە ئەوەندەی گرنگی بە بابەتەکانی تر دەدرێت، ئەوەندە بیر لە پرسەکانی ژنان ناکرێتەوە.
" هەرێمی کوردستان و عێراق بە ڕێژەیەکی زۆر توندوتیژی و دەستدرێژییەکان بە ناوی هاوسەرگیرییەوە زیادی کردووە "
بەهار مونزیر، چالاکوانی ژنان، ئەندامی هاوپەیمانی تۆڕی هەستی مارس، ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان بەردەوام لە توندوتیژی جەستەی و دەرونیدا ژیان دەکەن، بەڵام ژنان لە تەواوی جیهاندا هەوڵ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو توندوتیژیانە دەدەن کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، وتی: ژنانی جیهان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆکاری هەبوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان دەبەنەوە، بەڵام ئێمەی ژنان لە ڕێگەی دروستکردنی تۆڕی هاوبەش و پێکەوەی ژنانەوە هەڵوەستە لە توندوتیژییەکان دەکەن، ئێمە لە ١٦ رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنانداین، بەڵام لە ناو ئەم ١٦ رۆژەدا بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان چەندین ژن کوژراون، بەدەر لەوەی ژنان ناچار بە خۆکوژی و هەوڵدان بۆ خۆکوژی دەدەن، بۆیە ئامارەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، لە ناویاندا هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی کە بە هاوسەرگیر منداڵانی کوردەوتە یاسایی و لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوبۆتەوە، بە ناوی ئەنجامدانی هاوسەرگیرییەوە منداڵان دەستدرێژیان دەکرێتەسەر، لە عێراقدا بە شێوەیەکی دڕندانە هاوسەرگیری منداڵان بڵاوبۆتەوە، هەروەها لە هەرێمی کوردستاندا میمبەرێکی کۆنەخوازی بەڕووی توندوتیژی و هەمواری یاسای باری کەسێتیدا دەکرێتەوە، کە توندوتیژییەکان لە ناویاندا زیاد دەکات، ئاڕاستەکراو لە بەرامبەر پرس و مافەکانی ژناندا بەردەوامی هەیە، توندوتیژییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەگەر ڕیزبەندی بۆ توندوتیژی لە جیهاندا ئەنجام بدرێت، لە ڕێژەی ١٠ یەکەم هەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕیزبەندییەکانی سەرەتادادەبن.
"ە لایەن حکومەت و وەزارەتی ناوخۆوە توندوتیژیمان بە رامبەر دەکرێت بە پێنەدانی ئامارەکان"
بەهار مونزیر وتیشی: ئەگەر سەردانی نەخۆشخانە دەروونیەکان و سوتاوییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بکەین، دەبیندرێت ژنان چۆن ڕووبەڕووی توندوتیژییە دەروونی و جەستەییەکان دەبنەوە، هەروەها لە لایەن حکومەت و وەزارەتی ناوخۆوە توندوتیژیمان بە رامبەر دەکرێت بە پێنەدانی ئامارەکان، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ دەستی گرتووە بەسەر ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژییەکانی ژنان، کە ڕێگری لە ڕووماڵکردنی دەکەن، ئێمەی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ئامارەکانیمان بە فەرمی بەردەست بکەوێت، بەڵام ئێمەی چالاکوان لە لایەن ٢١ ڕێکخراوەوە بە نووسینی ڕاپۆرتێکی سێبەری ناردوومانە بۆ کۆمیتەی نەهێشتنی جیاکاری لە بەرامبەر ژنان، کە یەکێکە لە کۆمیتە گەورەکانی ژنان لە ناو نەتەوەیەکگرتووەکاندا، تێیدا باسمان لە پرسەکانی ژنان کردووە، لەگەل ئەو توندوتیژییە سیاسیی و یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیش، ئێمەی چالاکوانان بەردەوامین لە گەیاندنی دەنگی ژنان، لە کاتێکدا لە ماوەی ئەمساڵدا چالاکوانانی ژن لە لایەن دەسەڵاتداران و ماڵپەڕە سێبەرییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و ناوزڕاندن و گرتن دەبێتەوە، بەڵام هیچ کەسێک لەسەری نایەتەجواب، ئەم توندوتیژیانە دەریدەخەن ژنان و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
" کەیسەکانی کوشتن و توندوتیژی ژنان لە دادگاکاندا بەلاڕێدا دەبرێت "
بەهار مونزیر جەختی لەوەشکردەوە، ئەو ئاریشانەی ڕووبەڕووی کەیسەکانی کوشتن و توندوتیژی ژنان لە دادگاکاندا دەبێتەوە، داخستنی کەیسەکانە لە لایەن خێزان و عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە، هەبوونی سوڵحی عەشایەری لە کوشتنەکان و پەردەپۆشکردنی لەژێر ناوی شەرەفدا، مافی ژنان و دەستکەوتنی مافەکانیان لێدەسەندرێتەوە وتی: لە ڕێگەی یاساوە توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت، بەشێک لە خێزانەکان بە ناوی سوڵحی عەشایەرییەوە کوشتن و توندوتیژییەکانی ژنان پەردەپۆش دەکەن، لە ناودادگاکاندا کەیسەکانیان بە سوڵحی عيشایەری دادەخەن، یان لە ژێر ناوی شەرەفدا ژنان دەکوژرێن و کەیسەکانیان نابرێتە دادگاکانەوە، ئێمەی چالاکوانان شایەتحاڵی کەیسەکانیانی ژنانین کە چۆن بەلاڕێدا دەبرێت، بەڵام ئەگەر دادگایەکی دادپەروەرانە بڕیار لەسەر کەیسەکانی کوشتنی ژنان بدات، ئەوا توندوتیژیەکان لەسەر ژنان ڕوولە کەمبوونەوە دەکات، کاتیک توندوتیژی ڕوو لە کەمبونەوە دەکات ، ژنان دەتوانن ئازادانە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا ژیان بکەن، ژنان لە هەر شوێنێکی جیهاندا باشتر کاردەکەن ئەو یاسایانەی پشتیوانی لە ژنان دەکات، بەڵام یاساکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا پشتیوانی لە کەیسەکانی ژنان و منداڵان ناکات، هەروەها نەریتی کۆمەڵگە و خێزانیس هاوکاری یاساکان بۆ زیادبوونی توندوتیژی دەکات.
"ئیسلامە توندڕەوەکان هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی کاری ژنان دەدەن"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم سیستمە پیاوسالارە کارکردنی ژنان و پیاوان، بۆ کارکردن لەسەر توندوتیژییەکانی ژنان کەمدەکاتەوە، مەودای کارکردنی ژنان بچووک دەکاتەوە، هەروەها ئیسلامە توندڕەوەکان هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی کاری ژنان دەدەن، زۆر بە ئاسانی و فەرمی کار لەسەر بچووککردنەوەی ژن و بەرتەسککردنەوەی ژنان لە کاردا دەکات، هەروەها کارکردن لەسەر کەیسەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا گرانکراوە، بەڵام ئێمەی ژنان کار و خەبات بۆ مافەکانمان دەکەین، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ژنی ئازادیان بۆ گرنگ نەبووە، ئەگەر هەرێمی کوردستان و عێراق پڕبێت لە ژنی ئازاد، جۆرێکی دیکە لە حکومڕانی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، بەڵام حکومڕانی و دەسەڵاتێک لە ناویدا ژن ئازادانەو دەستکراوانە کاربکات قبوڵی ناکەن.