کردارەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین شەرمەزار کرا
ژنانی کانتۆنی جزیرە و عەفرین-شەهبا و لە قامیشلۆ بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە هەزاران کەس دژی کردارەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر ژنانی عەفرینی داگیرکراو ڕێپێوانیان کرد.
ناوەندی هەواڵ
لەو ڕۆژەوەی کە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکرا، هەموو ڕۆژێک هەواڵی کۆمەڵکوژی، ڕفاندن، هەڕەشە و تاڵانکردنی سروشت هەبووە، لەم دواییانەدا، بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ناوەندی بەڵگەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە بڵاوکراوەتەوە، ١٠ ژن، کە٩یان کوردن لەلایەن دادگاکانی تورکیاوە لە عەفرین سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە، دوو ژنیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، ژنان لە کانتۆنی شەهبا و جزیرە بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستارو ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە چوونە مەیدانەکان بۆ شەرمەزارکردنی کردارەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئیدانەی ئەو کارانەیان کرد کە هێشتا بەردەوامن.
حەسەکە
کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە لە بەیاننامەیەکدا سزای له سێدارەدانی بەسەر دوو ژن و سزای توندی بەسەر ٨ ژن دا کەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە عەفرین دراوە شەرمەزار کردو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان بەشدارییان لە بەیاننامەکەدا کرد، بەشداربووان ئاڵای کۆنگرەی ستار و دروشمەکانی "نا بۆ داگیرکردن"، "نا بۆ کوشتنی ژنان" یان بەرز کردەوە.
بەیاننامەکە لە لایەن لەمیا حەنتوش، وتەبێژی ماڵی ژنان لە کانتۆنی حەسەکە خوێندرایەوەو ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات و تاوانی بەدڕەوشتی دژی ژنان ئەنجام دەدات، ماوەی ٦ ساڵە دەوڵەتی تورکیا عەفرینی داگیرکردووە، هەموو کردارەکانی دژ بە ڕەوشتی مرۆڤایەتی لە عەفریندا جێبەجێ دەکات و بەتایبەتی ژنان دەکاتە ئامانج، ژنان لە عەفرین ئێستا ڕووبەڕووی هەراسانکردن، لێدان، کوشتن و بڕیاری لە سێدارەدان دەبنەوە، ئەم بڕیارە دژی ئیرادەی تەڤگەرو هێزی ژنانە،
لە کۆتایی بەیاننامەکە، بەڵێنی بەرزکردنەوەی خەبات درا و داوا لە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا کرا کە یەکگرتوو بن و پلانەکان تێکبشکێنن.
شەهبا
دژی سزادانی ١٠ ژن کە لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیادان، ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی عەفرین- شەهبا لە کامپی بەرخۆدان لە ناوچەی فەفینە لە کانتۆنی شەهبا خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، دانیشتووانی کامپەکە و دامەزراوەکانی ناوچەکە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد و وێنەی ئەو ژنانەیان بەرز کردەوە کە دادگاییکران و ڕووبەڕووی داگیرکاری بوونەتەوە، دروشمی "نا بۆ کوشتنی ژنان"، "ژنان ژیانن، ژیان مەکوژن" بەرز کرانەوە.
"لە کەسایەتی ژناندا دەیانەوێت ئیرادەی کۆمەڵگە بشکێنن"
چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکردو یڵدز موسا، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی عەفرین-شەهبا وتی: لەکاتی داگیرکردنی عەفرینەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی چالاکییەکانیان دژی ژنان و کۆمەڵگە ئەنجام داوە، بە توندی ئیدانەی بڕیارەکانی دادگاییکردنی ژنان لە عەفرین دەکەین و دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی دەیەوێت ئیرادەی گەل لە کەسایەتی ژنان بشکێنێت، ژنانی ڕۆژئاوا لە کاتێکدا ڕۆژانە ڕووبەڕووی کردار و ئەشکەنجە دەبنەوە لە ڕووی ژیان و سیاسەت و دیپلۆماسی و سەربازییەوە خۆیان لە دژی سیستمە دەسەڵاتدارەکان سەلماندووە، تێکۆشانمان لە دژی بڕیارەکانی لەناوبردنی ژنان بەرز دەکەینەوە، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ژنان دەکەین کە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
"سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن لە عەفرین ئەنجام دەدرێت"
گوڵێ محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری عەفرین-شەهبا وتی: ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە عەفرین پەیڕەوی دەکات، سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردنی گەلانە، ئەردۆغان لە هێزی گەل دەترسێت، بەتایبەتی هێزی ژنان، بۆیە هەموو کردەوەکانی خۆی لە دژی ژنان و کۆمەڵگە ئەنجام دەدات، نەک تەنها ژنانی کورد، بەڵکو ژنانی عەرەبیش باجی خۆیان داوە، بە توندی ئیدانەی بڕیاری دادگاییکردنی ١٠ ژن لە عەفرین دەکەین، دژی ئەم بڕیارە دەنگی خۆمان بەرز دەکەینەوە و دەڵێین بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان لە شەهبا و هەرگیز خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەین، پشتیوانی لە ژنانی ناوچە داگیرکراوەکان دەکەین، ئەگەر مافی مرۆڤ هەبێت، با بەرگری لە مافەکانی ژنان بکەن لە عەفرین، ئەمڕۆ بڕیاری لە سێدارەدانی دوو ژن لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەدرێت.
قامیشلۆ
دانیشتووانی شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێپێوانێکیان ڕێکخست، ڕێپێوانەکە بە بەشداری دەیان کەس و ڕێکخراوی ژنان لەبەردەم دەرمانخانەی دەهام لە قامیشلۆ دەستیپێکرد و لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەستا.
دوای خولەکێک ڕێزگرتن، ڕەمزیە محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار قسەی کردو تیشکی خستە سەر کردەوە نایاسایی و نامرۆڤانەکانی دژ بە خەڵکی عەفرینی داگیرکراو، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، و وتی: بەرخۆدانی گەلی عەفرین کە بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەردەوام بوو دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، مێژوویی بوو، دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا کردەوەی دڕندانەی دژ بە سروشت و گەل و ژنان و منداڵان ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا ناتوانێت ئیرادەی گەل بشکێنێت.
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.