سۆزدار ئاڤێستا: هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی پرۆسەی ئاشتییە

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرشە بۆسەر پرۆسەی ئاشتی و داوای کرد، بەزوترین کات هەلومەرجی ئازادیی کارکردنی ڕێبەری گەلی کود عەبدوڵا ئۆجەلان هەموواربکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە، لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تیڤیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نابێت تەنها وەکو بابەتێکی ئەمنی ناوچەیی سەیر بکرێن، بەڵکو هێرشی ڕاستەوخۆن بۆ سەر پرۆسەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، ڕایگەیاند، ئەوانەی لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەن دەبینن کە هێرشە بۆ سەر پرۆسەکە، هەروەها ئەوەی لە حەلەب ڕوویدا دووبارەبوونەوەی فەرمانی ٢٠١٤ی سەر شنگالە.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی گەلی کورد دژ بە کۆمەلکوژییەکانی حەلەب وەرچەرخێت بۆ بزاوتێکی یەکگرتوویی کوردی و جەختی کردەوە پەیامی بەرخۆدانی شێخ مەقسود و شەهیدانی بەرخۆدانە بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی نەک قبوڵکردنی چارەنووسی شکست.

 

"چاوی هەمووان لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، لەنێوان حکومەتی سووریا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتننامانەی واژۆکراون چیتر دەگۆڕێن و زیاتر بەرەو دانوستان دەڕۆن و سووریا بەگشتی دیموکراتیک دەبێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا دۆخێک هاتە پێشەوە، ئەویش هێرش بوو بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقوود و ئەشرەفیە، بەگشتی ئێوە دۆخی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرش بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە چۆن دەبینن، هۆکاری ئەم هێرشە چی بوو؟

سەرەتا لە کەسایەتیی ڕێهەڤاڵ زیاد حەلەب، هەڤاڵ لەیلا قاسم، دڵبرین، ئامارا، هاوار... لە کەسایەتی ئەم بەرخۆدێرانەدا، ئەم قارەمانانەدا، تەواوی شەهیدانی گەلەکەمان، شەهیدانی حەلەب بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنمەوە، سەرەخۆشی ئاڕاستەی تەواوی بنەماڵەی شەهیدان دەکەم، داوای شیفای بەپەلە بۆ برینداران دەکەم، هەروەها سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی کوردستان دەکەم، وەکو ئاشکرایە و ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەیبینین، ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، هاوشێوەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە لە شنگال بەسەر گەلی ئێزدییەکانیان هێنا، ئەو ڕۆژانەیان بیرهێناینەوە و هەمان هەستی ئازاربەخش، تووڕەیی و پڕ ڕق و کینەی لەناو گەلەکەمان، مرۆڤایەتی و لە تەواوی ناوچەکەدا زیندووکردەوە، ئێستا بۆچی گەیشتە ئەم قۆناغە، هۆکارەکانی ئەم قۆناغە چی بوون؟... بەر لەوە، ئەو دیدارانەی ئەنجامدەدران، ئەو ڕێککەوتننامانەی واژۆکران بە مەبەستی ئەوە بوو کە ئەم ڕۆژانە، ئەم پرۆسانە نەیەنە پێشەوە، بەڵام چی وایکرد کە ئەم ڕووداوانە دەستیان پێکرد و ئەم دەرئەنجامە دڕندانە و قڕکەرانەیان هێنایە ئاراوە؟.

لە ئێستادا وەکو ئاشکرایە ساڵی ڕابردوو و تەنانەت لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤دا، ئامادەکردنی جۆلانی لەلایەن هێزە هاوپەیمان و دەرەکییەکانەوە دەستی پێ کرد، بەتایبەتی دەوڵەتی تورک کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لێ کرد و بەم شێوەیە لە دیمەشق خستییانە سەر کورسی دەسەڵات، واتا جۆلانی لە سووریا شەڕێکی گەورەی نەکرد و قارەمانییەکی گەورەی نەنواند و نەچوو ڕژێمی بەعس بڕووخێنێت، دەتوانین بڵێین کە پاشماوەکانی ڕژێمی بەعس بوون، هی ئەسەد بوون و خۆشی درێژکراوەی ئەوە، تەنانەت خودی بنەماڵەکەشی لەناو حکومەتی ئەسەددا هەبوون، لەبەرئەوە، کەسێکە کە لەوێوە هاتووە، بە واتایەکی تر، لە بنەڕەتدا بەعسین و ڕیش و سمێڵیان هەیە، لەگەڵ ڕیش و سمێڵەکەیان بۆینباخێکیشیان بەست و بەم شێوەیە خۆیان وەکو کەسانی مۆدێرن نیشاندا، ئەمانە هەمووی بە پلان ڕوویدا، بە بەرنامە ڕوویدا، بە ڕێککەوتننامە ڕوویدا، وەک ئاشکرایە ئەویان بە مەبەست خستە سەر ئەم کورسییە، ئەرکی لەپێشینەی کە پێیان ڕاسپارد و بەردەوام لەو ڕووەوە ئامادەیان کرد، تێکدانی تەواوی دەستکەوتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو، لەبەرئەوە پێشنیار و پشتیوانییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕێگریکردن بوو لە قڕکردن و لەوەی قڕکردنی گەلان ڕوونەدات و ئازاری گەورەتر نەچێژرێت، بەو مەبەستەش ڕێبەر ئاپۆ لە هەوڵی بەردەوامدا بوو، بەر لەوە لە ئاداری ٢٠٢٥دا، لەنێوان فەرماندەی قەسەدە و جۆلانیدا ڕێککەوتننامەیەک واژۆکرابوو، ڕۆژێک دوای ئەم ڕێککەوتننامەیە، دەتوانین بڵێین هێشتا مرەککەبی ڕێککەوتننامەکە وشک نەبووبووەوە، دەوڵەتی تورک دەستوەردانێکی لە دیمەشق کرد، وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری میتـی ناردە ئەوێ و پێیان ڕاگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنانە چۆن جێبەجێ بکرێن، ئێستا لە تەواوی ڕای گشتییدا دەیانەوێت وا بڵاوی بکەنەوە گوایە قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئاداری قبووڵ نەکردووە یاخود تێکی داوە، ئەمە درۆیەکی گەورەیە، ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار لە هەشت خاڵ پێکدێت، دەوڵەتی تورک حەوت خاڵی خستووەتە لایەک، حەوت خاڵی پەراوێز خستووە و تەنها یەک خاڵی خستووەتە بەردەم جۆلانی.

 

ئەو خاڵەش چییە؟ ئەو هێزە چەکدارانەی کە خۆیان دەپارێزن و ئەو خاکەی لە ئێستادا تێیدا دەژین، بۆ شکۆی تەواوی سووریا، بۆ شکۆی تەواوی گەلان، بۆ تەواوی مرۆڤایەتی لە دژی چەتەکانی داعش شەڕیان کرد و ئەو خاکەیان ڕزگارکرد، بۆئەوەی هێزی پاراستنی خۆیان بونیاد بنێن، ئەم هێزی پاراستنە هێزی پاراستنی گەلی کورد، عەرەب، عەلەوی، ئاشووری، ئێزدی، تورکمان، دروزی و تەواوی گەلانە، ئەگەر ئەم هێزە ئەم تێکۆشانە بێوێنەیەی دژی داعش ئەنجام نەدابووایە، ئێستا نەک تەنها سووریا، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەورووپاش، پێگەی داعش تێیدا سەروەر دەبوو، لەبەرئەوەی ئەمەی دروستکرد، ئەوان لەژێر ناوی ئەوەی کە ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئادار جێبەجێ ناکرێت، گوتیان پێویستە ئەو هێزە چەک دابنێت، ڕادەست بێت، دەسەڵات و دەوڵەت هەیە، پێویستە تەواوی هێز و چەکیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، ئێستا ڕێککەوتنێک هەیە و پێویستە هەنگاو بەرەو ڕووی یەکتر بنرێت، پێویستە ئەوانیش لەناو دەستووری بنەڕەتی سووریادا دان بە مافی گەلاندا بنێن، دان بە مافی گەلی کورد، زمانەکەی، بەڕێوەبەرییە هەرێمییەکەیدا بنێن، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دانوستان بکرێن و کۆمیتە دابنرێن، ئەمەش ڕوویدا، چەند دیدارێک ئەنجامدرا، بەڵام ئەوەی لەبەردەم ئەمەدا بووە ئاستەنگ، تەواوی جیهان بینی، نەک ئەوەی تەنها ئێمە بانگەشەی بۆ بکەین، لە پێش چاوی هەمووان ڕوویدا، دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە نەیانهێشت، جێبەجێ بکرێت، هەر جارێک کە هەنگاوێکی ئەرێنییان بەرەو ڕووی یەکتر نابێت، ڕۆژی دواتر دەستوەردانیان کردووە یان بەر لە کۆبوونەوەکە یاخود دوای کۆبوونەوەکە و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان وەک تیرۆریست ناساندووە.

 

''هێرشەکانی سەر حەلەب لەژێر سەرپەرشتی تورکیادا ئەنجام درا''

گوتوویانە پێویستە وەکو ئەوە بکەن کە ئێمە دەیڵێین، لەبەرئەوە ئەم ڕێککەوتنە تێکچوو و چەند ڕۆژێک بەر لەوە لە دیمەشق کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەکانی قەسەدە، بەرپرسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، میدیایی بیانی وەکو ئەل-مۆنیتۆر هەموویان ڕایانگەیاند کە دەستوەردانێک لەم دیدارانەدا کراوە، کاتێک دەیانەوێت ڕێککەوتنەکە پەسەند بکەن، واژۆی بکەن و ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە تاوەکو ئەم کێشەیە چارەسەر بێت، لە نیوەی کۆبوونەوەکەدا دەستوەردەدەنە کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەکە کۆتایی پێ دەهێنن، دەڵێن با جارێ لێرە کۆتایی پێ بهێنین، ئێمە ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکەینەوە و هێرشەکانمان دەستپێدەکەین، ئاشکرایە کە ئەم هێرشانە پێشتر پلانیان بۆ دانراوە و کاتەکەشی وا دانراوە و تەواوی ئەم هێرشانە بە فەرمان و پشتیوانیی دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانانی، ئەوانەی پشتیوانی لە جۆلانی دەکەن، ئەنجامدراون، ئێمە بەباشی دەزانین کە ئەوەی سەرپەرشتیی ئەمەشی کرد، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک، لە زمانەکەیەوە دیارە، بەو زمانە هەڕەشە لە گەلی کورد دەکات، چی دەڵێت؟ ڕۆژێک پێش ئەوە لە پاریس لەنێوان ئیسرائیل و سووریادا ڕێککەوتنێک کرا، هەواڵگریی خۆیان پێکەوە بڵاودەکەنەوە، تەواوی باشووری سووریا لەخۆدەگرێت، پێکەوە کاردەکەن و دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات و سەرەڕای ئەو هەموو کۆمەڵکوژییەی کە لە غەززە ئەنجامیدا، دەوڵەتی تورک بۆ یەک ڕۆژیش دانوستانی خۆی لەگەڵ دانەبڕیوە، هەم خۆی دەیکات و هەمیش بە زمانێکی چەواشەکارانە و هەڵوێستێکی دووڕووانە دەڵێت کورد و قەسەدە لەگەڵ ئیسرائیلدا مامەڵەدەکەن، بۆچی تۆ لەگەڵ هەموو کەسێکدا مامەڵە دەکەیت بەڵام نابێت کەسێک لەگەڵ کورددا پەیوەندی دروستبکات، لە تەواوی جیهاندا بەم قسانە کورد ڕەشدەکات، بەم شێوەیە درێژە بە شەڕی تایبەت دەدات، دەیەوێت ترس و دڵەڕاوکێ دروستبکات، بێئەخلاقانە دێتە بەردەم کامێرا و دەڵێت ئێمە ئەوان باش دەکەین، ئەوان لە هێز تێدەگەن، ئێمەش ئەوان باش دەناسین، بێگومان گەلی کوردیش دۆست و دوژمنی خۆی بەباشی دەناسێت، لەبەرئەوە بەباشی دەزانێت لەگەڵ کێ و چۆن مامەڵە بکات، ئێمەش ئەم زیهنییەتە بەباشی دەناسین، سەدساڵە ئەم زیهنییەتە قڕکەرە بەباشی دەناسین، هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانە دەناسین کە لە کوردستاندا کراون، لە شێخ سەعید، لە سەید ڕەزاوە دەیانناسین، لە دۆڵی زیلانەوە دەیناسین، لە هەڵەبجە، ڕۆبۆسکی و شەنگالەوە دەیناسین، لە کەناراوەکانی سووریا بە کۆمەڵکوژیی دروزییەکان دەیناسینەوە، بە کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان دەیناسینەوە، ئێمەش ئەوان دەناسین، کێ پێشەنگایەتی ئەمە دەکات، کێ بەڕێوەی دەبات، بەباشی دەیناسین، ئێمە ئەم زیهنییەتە بەباشی دەناسین، ئەم زیهینییەتە دژی تەواوی گەلانی ئازادیخوازە.

 

ئەوەی ئەمڕۆ پێشەنگایەتیی گەلی ئازادیخواز دەکات باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، باجی گەورەیان داوە، لە دەستپێکی شۆڕشەوە تاوەکو ئێستا ١٢ هەزار شەهیدی داوە، هەموو ڕۆژێک لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە دەکرێن، تۆ بێی وا سەیری ئەو گەلە بکەیت بڵێیت ئەمیان دەوڵەتە و ئەمیشیان تیرۆرە، ئەوەندە بێئەخلاق و دووڕوون، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان کرد، بانگەواز دەکەن دەڵێن با سووریا دەستێوەردان بکات و ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکەین، ئەم جارەش بە بیانووی لەم شێوەیە دەیکات، هەمان شتیشی لەگەڵ داعشدا کرد، پشتیوانی لە هەموو هێرشێک کرد دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمانە بە بەڵگەش خرانە ڕوو، ئێستا دەیانەوێت ئەمە پەردەپۆش بکەن، بە بیانووی ئەوەی کە ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر ئەوەندە کاریگەری لەسەر دیمەشق هەیە با ببوایەتە نێوەندگیری نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دیمەشق، ئەوەی لەوان داوادەکرا ئەمە بوو، بەڵام چوونە پاڵ لایەک و گوتیان پێویستە ئەوەی تر خۆی ڕادەست بکات، یارییەکی زۆر مەترسیدار هەیە. ئێمە وەکو تەڤگەر ڕاگەیاندراوێکمان بڵاوکردەوە و تیشکمان خستە سەر ئەمە. دەڵێین کە ئەمە تەنها لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیەدا نامێنێتەوە و هەڕەشە دەکەن و دەیانەوێت هەمووان لەمە ئاگادار بکەنەوە.

 

لە هەمان کاتدا ڕێگە لەبەردەم ئەمە دەکەنەوە کە هێشتا زیاتر ئەم هێرشانەی خۆیان درێژە پێ بدەن و ئێستا باس لە تشرینیش دەکرێت، بێگومان خۆیان گوتیان؛ دەڵێن پێویستە ئێوە بەتەواوی خۆتان ڕادەست بکەن، دەڵێن، پێویستە هیچ شتێکی کورد نەمێنێت، دەڵێن ئەو قوربانییە گەورانە و ئەو دەستکەوتانەی کە لە دەستی گورکەکان دەرتهێناوە، لە دەستی چەتەکانی داعش دەرتهێناوە پێویستە پێویستە ڕادەستی چەقەڵەکانی بکەیت، بەڵام ئەم گەلەش ئەوە دەزانێت و دەستکەوتەکانی خۆی ڕادەست ناکات.