سزای زیاتر لە ١٩ ساڵ زیندانیکردن بەسەر ئایشە گۆککاندا سەپێندرا

سزای ١٩ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەر ئایشە گۆککان، وتەبێژی پێشووی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" سەپێندرا و بڕیاریش درا کە لە زینداندا بهێڵدرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەبارەت بەو سزا جیاوازانەی کە بەسەر ئایشە گۆککاندا سەپێنرابوون، پێنجەمین دانیشتنی دادگا لە دادگای نۆیەمینی سزای قورسی ئامەد بەڕێوەچوو، لە پرۆسەی دادگایکردنەکەی ئەمڕۆی دادگای ئامەد، ئەنجامی کۆتایی دادگاییەکە بە بڕینەوەی سزای ١٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردن بۆ عایشە گۆککان بڕیار درا.

 

دانیشتنەکە لەسەر ئەو دۆسییە بوو کە پێشتر تێیدا ئایشە گۆککان بە بانگەشەی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن"دا دادگای کرابوو، کە دوو جارن و بەم شێوەیەیە؛یەکێکیان ١٢ ساڵ و ئەوی تریان حەوت ساڵ و شەش مانگ.

 

هەروەها بە بانگەشەی "هاوکاریکردنی ڕێکخستن"، حەوت ساڵ و شەش مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام سزاکە لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشێنرابوونەوە.

 

ئایشە گۆککان لە زیندانی ژنانی سینجانەوە لە ڕێگەی سیستمی دەنگ و ڕەنگ "SEGBÎS" و پارێزەرەکانی بە ناوەکانی بەرفین لوتفیە، موحەرەم شاهین و ئۆزلەم ڤورگون لە هۆڵی دادگاییدا بەشداری دانیشتنەکە بوون. دانیشتنی دادگاییکردنەکە لەلایەن کەسوکاری ئایشە گۆککان و چەندین ڕێکخراوی ژنانەوە چاودێری دەکرا.

 

داواکاری گشتی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخستن" داوای کرد کە ئایشە گۆککان دوو جار سزا بدرێت.

 

بەرگرییەکانی ئایشە گۆککان لە پرۆسەکەدا: من لەبەر کوردبوون و ئازادیی ژنان دادگای دەکرێم

ئایشە گۆککان کە بەرگرییەکەی خۆی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد، ڕایگەیاند کە هیچ کار و چالاکییەکی ئەوتۆی ئەنجام نەداوە کە ببێتە هۆی سزا یان دادگاییکردن و وتی: ئەگەر من لەبەر کوردبوونم دادگایی دەکرێم، کەواتە دەبێت تەواوی کۆمەڵگە دادگایی بکرێت. تا ئەو کاتەی ناسنامەی کۆمەڵگە قبووڵ نەکرێت، ئەم دادگاییکردنانە بەردەوام دەبن. هەر وتەیەکی من وەک کارێکی نایاسایی سەیر دەکرێت.

 

'باکم بە سزادان نییە و جێگەی شانازی ژنان و گەلەکەمم'

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێداگری خۆی لەسەر درێژەدان بە تێکۆشان دووپات کردەوەو وتی: من لەبەر ئەوەی باسی تێکۆشانی ئازادی ژنان و تێکۆشانی ئازادی کوردان دەکەم، دادگایی دەکرێم. من لەسەر فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' دادگایی دەکرێم. هەروەها لەسەر ئەو مەلەف و ڕاپۆرتە درۆیانەی کە پۆلیس ئامادەی کردوون دادگایی دەکرێم. دادگاییکردن لە دادگادا بۆ من گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە گەل و ژنان من دادگایی ناکەن. من شانازی تەژئائەوە دەکەم.

 

دوای بەرگریی پارێزەران، ئایشە گۆککان جارێکی دیکە قسەی کردەوە و ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە ژیانی خۆی لەناو تێکۆشانی ئازادی ژناندا.

 

دوای پشوویەک، دادگا بڕیارەکەی ڕاگەیاند؛ لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخستن"، لە یەکێکیاندا ١٢ ساڵ و لە دۆسیەی دووەمدا ٧ ساڵ و ٦ مانگ، و بە گشتی ١٩ ساڵ و ٦ مانگ سزای زیندانیکردنی بەسەر ئایشە گۆککاندا سەپاند.