سزای دیسپلین بەسەر لەیلا گوڤەن و ١١ ژنی زیندانیدا سەپێندرا
لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و ١١ ژنی زیندانی بەهۆی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ـی شوبات دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سزای دیسپلینیان بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ
لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک "کەجەدە" و ١١ ژن لە زیندانی ژنانی سینجان، بەهۆی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سزای دیسپلینیان بەسەردا سەپێنرا.
پیلانگێڕییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم شەرمەزارکرا. پاش چالاکییەکە، لیژنەی دیسپلینی زیندانەکە کۆبووەوە، هەریەک لە لەیلا گوڤەن و زەلال بیلگین و ئەلیف چەتینباش و مەلیکە گۆکسو و سەعدەت ئاکین و سەلڤەر یەڵدرم و ئۆزلەم دەمیر و ئەمینە ئابیش و ڕەیحان کاڤاک ئۆزبەک و زولەیخا ئوستاباش، سزای بێبەشکردن لە زانیاری وەرگرتن و پەیوەندیان بەسەردا سەپێنرا. فاتمە ئاسڵان و سەڤیم ئەکین بۆ ماوەی ٢ مانگ سزای ئەنجامدانی دیداریان بەسەردا سەپێندرا.
زیندانیان دژی ئەم بڕیارە کە ٧ی ئادار دراوە، لە دووەمین دادگای جێبەجێکردنی باتی ئەنقەرە سکاڵایان تۆمارکرد. بەڵام دادگا لە ٢٥ـی حوزەیران ئەم سکاڵایەی ڕەتکردەوە. پاشان پارێزەران داواکارییان پێشکەشی یەکەمین دادگای سزای قورسی باتی ئەنقەرە کرد، دادگا لە ٢٥ـی تەمموز بەهەمانشێوە سکاڵاکەی ڕەتکردەوە.
مافەکانیان پێشێل دەکرێت
دیلان کونت ئایان، پەرلەمانتاری دەم پارتی داواکاریی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمان "ÎHÎK" کرد، ڕایگەیاند ئەم بڕیارە دژی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە و بەمەش مافی ئازادیی ڕادەربڕین و سەلامەتی زیندانیان پێشێلکراوە.
داوای لێکۆڵینەوە لە زیندانەکە
دیلان کونت ئایان داوای لە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤی پەرلەمان "ÎHÎK" کرد، لێکۆڵینەوە بکات، بۆ پاراستنی مافی زیندانیان و نەهێشتنی پێشێلکارییەکان ڕۆڵ بگێڕێت، هەروەها سەردانی زیندانەکە بکا و سزا دیسپلینە نایاساییەکان هەڵبوەشێنرێتەوە.